رۆژنامەی ھەولێر

لە چلەی نووسەر و فۆلكلۆپەروەر (هاشم شەناغەیی)ـدا

كامەران حاجی ئەلیاس

 

هەرچەندە دانیشتووی یەك گەڕەک بووین، بەڵام من كاك (هاشم حاجی عەلی شەناغەیی)م زیاتر لە رێگەی هامووشۆكردنی مزگەوت و، لە رێگەی ئامادەبوونی لە كۆڕە هونەرەی و ئەدەبییەكانمەوە ناسی. ئەو جگەلەوەی نووسەرێكی بواری حەیران و فۆلكلۆر بوو یەكێك بوو لە ئامادەبووانی سەرجەم كۆڕە هونەری وئەدەبیەكان دا كە لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێن. بەڵێ كاك هاشم زۆری حەزی لە خوێندنەوەی كتێب و گۆڤارەكان بوو لەهەر شوێنێك كۆڕێك هەبواییە ئەو لەوێ بوو هەموو جارێ پێشوەختە منیشی لە شوێن و كاتی كۆڕەكان ئاگادار دەكردەوە؛ خۆ ئەگەر من لەبەر هەر هۆكارێك بۆم نەكرابایە ئامادەی كۆڕێك بم، بەتایبەتی لەو كۆڕانەی كتێب و گۆڤاركان رێورەسمی ناسین و بڵاوكردنەوەی بۆ دەكرا ئەوا لەكاتی دابەشكردنی كتێبەكان یان گۆڤارەكان بە هەرشێوەیەك بووایە دانەیەكی بۆ منیش دەهێنا ئەنجا زۆرجار هەربەدەستی خۆی راستەوخۆ كتێبەكە یان گۆڤارەكەی دەگەیاندە دەستم، یان بە كاك محەمەدی كوڕیدا بۆمی دەنارد.
كاك هاشم خولیا و حەزێكی زۆری بۆ خوێندنەوە هەبوو لە ماڵەكەی خۆیدا كتێبخانەیەكی خنجیلانەی هەیە كە چەندین كتێب و گۆڤاری بەسوود لەخۆ دەگرێت. خاڵێكی تری كاك هاشم نووسین بوو لە بواری حەیران بەتایبەتی لەسەر ژیانی حەیرانبێژان لەم رێگەیەوە ماندووبوونێكی زۆری ئەكێشا بەدوادا چوونی زۆری دەكرد تاوەكو ژیانامەی ئەو حەیەران بێژانەی كۆ دەكردەوە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی چەندین شوێن و كەسوكاری حەیرانبێژان دەكرد بۆ ئەوەی بە دروستی ژیانی حەیرانبێژان كۆ بكاتەوە، جگەلەوەش زۆرجار بەخۆی تێكستی حەیرانی دەنووسی زۆربەی بابەتەكانیشی لە رۆژنامەی هەولێر و گۆڤاری دیواندا بڵاو دەكردەوە، چەندین جار ئەوەی لەلای من دركاندبوو كە هیوای وایە لە داهاتوو ئارەوزووی ئەوە دەكات كە بەرهەمەكانی لە چوارچێوەی كتێبێكدا چاپ و بڵاو بكاتەوە. سەد حەیف و مخابن ئەو خۆزگەی تا لە ژیاندا بوو نەهاتە دی بەو هیوایەی لە داهاتوو بە هەموو لایەك بتوانین سەرجەم نووسینەكانی بەتایبەتی ژینامەی حەیرانبێژان لە چوارچێوەی كتبێكدا چاپ و بڵاوی بكەینەوە بۆ ئەوەی ئەو خەونەی بێتە دی.
لە لاپەڕی تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووكی خۆیدا كاك هاشم گۆشەیەكی (36) ئەڵقەیی بە ناوی (ئەوێ رۆژێ) بڵاو كردەوە، كە باس لە قۆناغەكانی ژیانی خۆی دەكات؛ هەروەها دەپڕژێتە سەر باسی گوندی (شەناغە) و شاری هەولێر؛ بەشێوەیەكی گشتی كۆمەڵی یادەوەری و بەسەرهاتی خۆی بە زمانە سادەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، تاڕادەیەك بۆ مێژوو دەكرێت وەكو سەرچاوە سوودی لێ وەربگیرێت.
من دڵنیام نووسەر و فۆلكلۆرپەرەوەر هاشم، كۆمەڵێک دەستنووسی بڵاونەكراوەیشی هەیە؛ بەو هیوایەی وەختی خۆی سەرجەم دەستنووسەكانی چاپ و بڵاو بكرێتەوە.
كاك هاشم لە رووی كۆمەڵایەتییشەوە كەسێكی كراوە بوو؛ خۆشەویستی هەموو كەسێك بوو بە تایبەتی لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەكدا نێوانی خۆش بوو؛ بەردەوام هامووشۆی مزگەوتی دەكرد، هەردەم سەبەبکاری خێر بوو؛ ساڵانێك بوو بە دەست نەخۆشینی دڵەوە دەیناڵاند؛ هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە كە رۆژێك دێت ئەم چەند دێڕەی بۆ بنووسم، سەد حەیف و مخابن چل رۆژ لەمەوبەر، رێکەوتی سێشەممە ١٦/٩/٢٠٢٥ لەگەڵ داوەرینی گەڵای پاییزدا، كاك هاشمیش ماڵئاوای لێ كردین؛ دروود بۆ گیانی پاكی، جێگای بەهەشتی بەرین بێت.