محەمەد لادێ ـ هەولێر
یەکێک لە کارە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانی و بەکارهێنانی بەنگەمەنی (ماددە هۆشبەرەکان) بووە و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەو مەبەستە چڕ کراونەتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨وە تاکو ١/٨/٢٠٢٤، زیاتر لە ١١هەزار و ١٤٥ تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێم دەستگیر کراون کە ٢٨٥٧ کەسیان بازرگان بوون؛ لەو ژمارەیە ٥٥٩٦ کەسیان لێ سزا دراون.
بە گوێرەی هەمان ئامار، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە سەر ٢ملیۆن و ٤٠٧هەزار و ٩١٩ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و ١١٣هەزار و ٣١١ حەبی هۆشبەردا گیراوە.
ئەركان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان ڕایگەیاند: كابینەی نۆیەمی حكومەت بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەری لەپێشینەی كارەكانی داناوە، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە هەوڵەکانمان چڕتر کردووەتەوە و دەستمان بە هەڵمەتێكی زۆر چڕ و فراوانی دەستگیركردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر كرد، هەروەها كارمان لەسەر ئەو ڕێڕەوانە كرد كە ماددەی هۆشبەریان لێ دەگواسترێتەوە.
گوتیشی: چەندین تۆڕی بازرگانیی نێودەوڵەتیمان لێك هەڵوەشاندووەتەوە و، سەرجەم ئەندامەكانیانمان دەستگیر كردووە، چالاكییەكانی ئێمە جگە لە هەرێمی كوردستان و عێراق پەڕیونەتەوە دەرەوەی وڵاتیش، توانیومانە چەندین تۆمەتبار لە دەرەوەی وڵات دەستگیر بكەین و بیانهێنینەوە لە هەرێمی كوردستان دادگاییان بكەین.
ئەو جۆرە ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە: کریستال، تلیاک، حشیش، هیرۆیین، ماریجوانا، جامایکا و کۆکایین. هەروەها جۆری ئەو حەبە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتین لە: ترامادۆل، تریفین، سۆدافید، سۆمادریل، دیازپام، کلونازپام، میاتدۆن، بی توو، ئێکس، کاپتاگۆن و لکزس.
ئەركان بیبانی، گوتیشی: ئەمساڵیش لە شەش مانگی سەرەتای ساڵدا، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، ٩٤٩ تۆمەتبار دەستگیركراون لەو ژمارەیە ٤٠٩ كەسیان بەكارهێنەر و ٥٤٠ كەسیشیان بازرگان بوونە، هاوكات هەر لەو ماوەیەدا ٤٥٢ كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و ٧٠ كیلۆگرام حەبی كپتاگۆن ٨هەزار و ٥٠٥ شیت حەبی جۆراوجۆر دەستیان بەسەردا گیراوە.
هەر لە شەش مانگی ئەمساڵدا، لە سنووری پارێزگای سلێمانیش، ٥٢٠ تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون و دەستیش بەسەر ٥٠٠ كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکان، سەدا ٨٠ی بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر لە ھەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵاندایە و ١٠٪ی بەکارھێنەرانیش ئافرەتن.
ئەڵبەت بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، هەر تەنیا زەرەر و زیانی تەندروستی بەکەسی بەکارهێنەر ناگەیەنێت، بەڵکوو زیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی و دارایی لە گشت کایەکانی کۆمەڵگە دەدات و هۆیەکی سەرەکییە بۆ لاوازكردنی سەرمایەی مرۆیی.”
بە پێی ماددەی ٢٦ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرەوە دەکەن سزاکەیان زیندانیکردنە بۆ ھەتا ھەتایە، ھەروەھا پێبژاردنێک کە لە ١٥ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ٩٠ملیۆن دیناری عێراقیش زیاتر نەبێت.
ھەروەھا بۆ بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکانیش، سزاکەیان بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک بەرەو سەرەوە دەست پێ دەکات بەپێی جۆر و شێوازی بەکارھێنانەکەی ھەروەھا بە پێبژاردنێک کە لە ١٥ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

