رۆژنامەی ھەولێر

یانەی هەولێر بە پاڵشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی سەرۆكی یانەكە، پێشەنگی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرت

مامەیارە ئەحمەد

 

تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر، لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەكانی تۆپی پێی عێراق، یەكەم یاریی ئەم وەرزەی لەنێو یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری، دوای نوێكردنەوەی لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەنجام دا و سەركەوتنێكی گرنگ و مێژوویی بەسەر یانەی شوڕتەی پاڵەوانی وەرزی ڕابردوودا تۆمار كرد و پێشەنگی خولەكەی تۆكمەتر كرد.

ئێوارەی رۆژی هەینی، یاریگەی فرەنسۆ هەریری، بووە وێستگەی كۆبوونەوەی دەیان هەزار لە هۆگر و ئاشقانی هەولێر و یانەی هەولێر و بووە جێی كەرنەڤاڵێكی گرنگی وەرزشی و یانەی هەولێر ڕووبەڕووی یانەی شوڕتە بووەوە.
چەند كاتژمێرێك پێش دەستپێكی یارییەكەش، هەزاران هاندەری یانەكە لە یاریگە بوون، ئەوەندە بە پەرۆش بوون بۆ هاندانی یانەكەیان، پێش یارییەكە و هاتنی یاریزانانیش دەستیان بە هاندانی یانەكە كردبوو.
هاندەران بە شەوق و خولیاوە، لە سەرەتای یارییەكەوە هانی یانەكە و یاریزانانیان دا و یاریزانانیش بە گیانێكی بەرز و ورەی باڵاوە چوونە نێو یاریگە و یارییەكە، یانەی هەولێر لە نیوەی یەكەم لە ڕێگەی شێرزۆد تێمیرۆڤەوە گۆڵێكی تۆمار كرد.
هاندەران بەو هیوایە بوون ناوبژیوان فیكەی كۆتایی بە سەركەوتنی یانەكەیان لێ بدەن، هەرچەندە چەندان هەوڵی دیكە درا بۆ ئەوەی هەولێر گۆڵی دووەم تۆمار بكا، بەڵام سەری نەگرت، لە دواساتەكانی یارییەكەیشدا، یانەی شوڕتە زۆر كۆشا تا گۆڵی وەكیەكی تۆمار بكا، بەڵام بەرگریی پۆڵایینی یانەی هەولێر و گیانی یاریكردنی هەموو یاریزانانی یانەكە، ڕێگەی لەو هەوڵانە گرت و دواجار ناوبژیوان بە سەركەوتنی یانەی هەولێر، فیكەی كۆتایی لێ دا.
بەڕێوەچوونی یاریی یانەی هەولێر لە نێو یاریگەكەی خۆی، لە كاتێكدایە پێش ماوەیەك لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، مەسرور بارزانی، بڕیار درا یاریگەی فرەنسۆ هەریری نوێ بكرێتەوە و كارەكانی پێش ماوەیەك بە كۆتا هات.
چیمەنی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لە هەولێر بە تەواوی گۆڕا و نوێترین شێوازی چیمەنی بۆ هات، كە ئەو چیمەنەیە لە یاریگەی ریاڵ مەدرید، لیڤەپوول و دۆتمۆند و ئەیاكس ئەمستردامدا هەیە.
یانەی هەولێر، دوای گۆڕانكارییە كارگێڕییەكان لە پێش دەستپێكی خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراق و دەستبەكاربوونی سەفین یاسین، وەكوو سەرۆكی یانەكە، دەستی بە گرێبەستی نوێ لەگەڵ چەند یاریزانێكدا كرد و هەموو هەوڵەكان خرایە گەڕ، دوای دەستخستنی چەند یاریزانێكی ناوازە، یانەی هەولێر، سەرەڕای درەنگ دەستپێكردن بە ئامادەكارییەكان، بەڵام هەرزوو، جێپەنجەی خۆی بە خولەكەوە دەرخست و سێ یاریی بردەوە و لە یارییەكدا یەكسان بوو، پێشەنگی خولەكەی گرت.
دواجار لە یانەی شوڕتەشی بردەوە و سەركەوتنەكانی كرد بە 4 سەركەوتن و ئێستە بە 13 خاڵ، پێشەنگی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرتووە.