كارزان گلی – ههولێر
وەزارەتی بەرگریی توركیا، ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاسایشی غەززە دوای ئاگربەست رۆڵیان هەبێت، ئەو رۆڵەش ئەو هێزە نێودەوڵەتییە پێی دەبەخشێت، كە بڕیارە ئەركی پاراستنی ئاسایشی غەززە بگرنە ئەستۆ.
ئاگربەستی غەززە، چارەنووسی ئەو شارە یەكلایی دەكاتەوە لە ڕووی ئاسایشەوە، بەوەی هێزێكی گەورەی نێودەوڵەتی، بەمەبەستی بەدیهێنانی ئارامی بۆ غەززە دروست دەكرێت و توركیا رۆڵی دەبێت و سەرباز ئامادە دەكات.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگریی توركیا، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و ئاماژەی داوە، ئەوان وەكوو توركیا ئامادەكاری دەكەن بۆ چوونە ناو غەززە، لەرێگەی هێزێكی نێودەوڵەتییەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، توركیا لە غەززە ئەم ئەركانەی دەبێت:
_ پاراستنی ئاسایشی غەززە.
_ پاراستنی ژێرخانی مەدەنی.
_ هاوكاریی مرۆیی.
_ پاراستنی سنوورەكان.
_ راهێنان بە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی غەززە.
_ چاودێریكردنی ئاگربەست.
بەڵام دوای بڵاوكردنەوەی ئەو دەنگۆیانە، بەوەی توركیاش لە ڕووی سەربازییەوە رۆڵی لە غەززە دەبێت، بونیامین نتانیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، نیگەرانی خۆی نیشاندا بۆ چوونی سەربازی توركیا بۆ غەززە و گوتی، ئێمە پێشوازی لەو هەنگاوە ناكەین. لێرەدا روون دەبێتەوە، ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەدا نییە توركیا رۆڵی لەو ئاگربەستەدا هەبێت، بەڵام هێزێكی نێودەوڵەتی بچنە غەززە بەبێ توركیا ئیسرائیل كێشەی نابێت.
لەكاتی چوونی جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل و چاوپێكەوتن لەگەڵ نتانیاهودا، کە جێگری سەرۆك ترەمپ ئاماژەی دا، توركیاش رۆڵی دەبێت لەو ئاگربەستەی غەززەدا و ئەو هێزەی بۆ پاراستنی غەززە پێك دێ، نتانیاهو نەرمیەکی نواند.
نتانیاهو، رۆژێك دوای ئەو گوتانە گوتی: ”بۆ ئەو پرسە دەبێت بە هەموومانەوە بڕیار بدەین.“
توركیا رۆڵی نێوەنگیر دەبینێت لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و ئەمریكا، بۆیە لە ٢١ی ئەم مانگەدا، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا و ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا، لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، لەگەڵ بەرپرسانی حەماس كۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنێك لەبارەی چۆنییەتی ئاگربەستی غەززە و پاراستنی ئەو شارە.
ئیسرائیل لە باشووری كریات گاتدا، سەنتەرێكی هەماهەنگی سەربازی دروست كردوە، كە لە چوارچێوەی ئاگربەستی غەزەدا بڕیار لەو سەنتەرە دراوە، نزیكەی ٢٠٠ سەبازی ئەمریكی لەوێ جێگیر كراوە، هەروەها وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاش بڵاوی كردەوە، چەند ئەفسەرێكی ئەوانیش لەو سەنتەردا دەستبەكار دەبن.
ئیسرائیل و حەماس، لە ١٢ی ئەم مانگەدا ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام جاروبار یەكتری بە شكاندنی ئاگربەست تۆمەتبار دەكەن.
لەبارەی ئەو تەرمانەی بەبارمتە گیراون، هەردوو لایەن گرژی دەكەوێتە نێوانیان و تاوەكوو ئێستاش تەرمی ١٣ بەبارمتەگیراو لە غەززەدایە و رادەست نەكراوەتەوە، ئەمانە ترسی دروست كردووە ئاگربەست بشكێت و شەڕ هەڵبگیرسێتەوە.
توركیا هەر لە سەرەتاوە دژی ئیسرائیل بووە لەبارەی شەڕی غەززە، بۆیە هەموو پەیوەندییەكی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل راگرت و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بنیامین نتانیاهوی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلی بە هیتلەر ناو برد و وەكوو دیكتاتۆر ناوی هێنا.
لە بەرامبەردا نتانیاهو هەمان وشەی بۆ ئەردۆغان بەكار هێنا و گوتی، ئەوە ئێوەن مرۆڤ كۆمەڵكووژ دەكەن و دیكتاتۆرن و دەسەڵات جێ ناهێڵن؛ خۆ ناشێ ئێوە فێری دیموكراسیمان بکەن!
بۆیە ئەگەر ئیسرائیل رێگە نەدات توركیا رۆڵی هەبێت لە غەززە، ئەستەمە توركیا بتوانێت سەرباز رەوانەی غەززە بكات و ئەم پرسە وەكوو ئەوەی نتانیاهو باسی كرد، گفتوگۆی زۆری دەوێت.

