رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی قیڕتاوکردنی شەقامی ( هەولێر – خەبات )ـی بەسەرکردەوە

ئەمڕۆ شەممە، 2025.10.25، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنییەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، به ‌یاوه‌ری جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزایی خەبات و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری ناحیەی ڕزگاری، قۆناغێکی دیکەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی (هەولێر – خەبات )ی بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی زیاتر لە ( 5 ملیار دینار ) لە سەر بودجەى پارێزگاى هەولێر و بەشێوەی بەڵێندەرایەتی، لە پێناو كارئاسانی بۆ شوفێران و كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ، دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.

پارێزگاری هەولێر، لە بەسەرکردنەوەکەیدا لە نزیکەوە لەگەڵ بەڵێندەر و ئه‌ندازیاران و تیمی سەرپەرشتیی پڕۆژەکە، کەماوەیەک بوو وەستابوو لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و پێداویستییەکانی کۆڵییەوە و جەختی لە تەواوکردنی سایدی چوون لەو نزیکانە و دەستپێکردنی سایدی هاتنەوە لەماوەی دیاریکراوی خۆی کردەوە.

جێگەی باسە، ڕێگه‌ی هەولێر – خەبات، ڕێگه‌یەکی ستراتیژیی و بازرگانیی گرنگی شاری هەولێرە و هەر سێ پارێزگای ( هەولێر، دهۆک، مووسڵ ) بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پرۆژەى نۆژەنکردنەوەکەى پێکهاتووە لە سێ بەش، سایدی چوون لە سێڕێیانی گوێڕ تا بازگەی کۆنی کانی قڕژاڵە، لە سایدی هاتنەوەش لە بازگەی کۆنی کانی قڕژاڵە تاکو سێڕێیانی گوێڕ و لە بازگەی کانی قڕژاڵە بە دووری ( 6.350 ) کیلۆمه‌تر بەرەو قەزای خەباتە.