ئەمڕۆ شەممە 2025.1025، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی جێگرى پارێزگار و قائیمقامی قەزایی خەبات و بەڕێوبەرانی گشتیی تەندروستی و شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری ناحییەی ڕزگاری و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، بە گوژمەى ( 800 ملیۆن دینار) ، بەردی بناغەی پڕۆژەى دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستی لە جۆری ( C ) لە کۆمەڵگای سێبیران دانا، کە لەسەر ئەرکی خێزخوازی جێبەجێدەکرێت.
پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى کۆمەڵگاکە، ڕایگەیاند: ” ئەم بڕۆژەیە بۆ ناوچەکە پرۆژەیەکی زۆر گرنگە و دڵنیایین ئەو بنکە تەندروستیە بە تەوابوونی خزمەتێکی زۆر تەندروستی پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکات.
هەروەها دەستخۆشى لە حاجی مەحمود سێبیرانی کرد، وەک خێرخوازێک کە ئەرکی دروستکردنی بنکەکەی گرتۆتە ئەستۆ و دەستخۆشى لە سەرجەم خێرخوازانى شاری هەولێر کرد، کە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، وەکو هەولێر و خەڵکى هەولێر هەمیشە پێشەنگ بوونە لە کارى خێرخوازى و مرۆیی دا و شانازیان پێ دەکەین.
ڕاشیگەیاند، سەرەڕای ئەو دۆخە سەختە داراییەی لە ساڵانی ڕابردوودا بە ئامانجی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا سەپێنرابوو، بەڵام ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و پلان و ستراتیژییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەک هەر پرۆژەکان نەوەستان، بەڵکو ژمارەی پرۆژەکان زیاتریش بوون.
جەختیشی لەوەکردەوە، هەموو هەوڵێک خراوەتەگەڕ لە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەڵانسی نێوان شار و شارۆچکەکان و گوند و شوێنە دوورە دەستەکان ڕابگیرێت و، پرۆژەکان بگات بە هەموو شوێنێک.

