رۆژنامەی ھەولێر

سیداد بارزانی؛ بەغدا هەمیشە دەیەوێت بە لۆژیکی زۆرینە بڕیارەکانیان بەسەرماندا بسەپێنن

لە سۆران، کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی بەڕێوە چوو تیایدا سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی، وتارێکی پێشکەش کرد.

سیداد بارزانی، ڕایگەیاند؛ عێراق دوای ساڵی 2003 لەسەر بنەماکانی هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان دامەزراوە، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا بەردەوام ئەو بنەمایانەیان بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان پێشێل کردووە.
وتیشی؛ بەغدا هەمیشە دەیەوێت بە لۆژیکی زۆرینە بڕیارەکانیان بەسەرماندا بسەپێنن، بەڵام هەرێمی کوردستان هیچ کات حوکمی دیکتاتۆریی قبووڵ نەکردووە، بۆ ئەوەی ئەو ستەمکارییە قبووڵ بکات، کە تا ئێستاش دەرحەق بە خەڵکی کوردستان دەکرێت.
دوێنێش، سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ پاڵپشتی لیستی ٢٧٥ـی پارتی لەگەڵ چین و توێژەکانی ناحیەی قەسرێ و ناحیەی سمیلان کۆبووەوە و لەوێش وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند؛ بەهێز بوونی پارتی، بەهێزبوونی لیستی ٢٧٥ و چوونی نوێنەرانی ئێوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەسکەوتی کەسی و تاکەکەسی نیە، بەڵکو ئەمە بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانە و بۆ بەرگریکردنە لەو مافانەی کە حەقی دەستووری ئێمەیە و مافی خەڵکی کوردستانە.
وتیشی؛ بۆیە داوا لە ئێوە دەکەین دەنگ بدەن بە لیستی ٢٧٥، چونکە ئەو لیستییە خاوەن ئەو سەرکردە و ئەو ڕابردوویەیە کە بە عەمەل ئیسپاتی کردووە لە ڕۆژانی خۆش و ناخۆش لەگەڵ ئەم خەڵکەیە.