رۆژنامەی ھەولێر

سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەیەوێت لە دوای هەڵبژاردن زۆر پرسی دەستووری لەگەڵ عێراق یەکلایی بکاتەوە

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

بەپێی هەموو پێوەرێکی یاسایی، ئیداری و دارایی و تەنانەت ئەخلاقی سیاسی دەبوایە بەغدا مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی هەفتەی ڕابردوو و تەنانەت زووتریش ڕەوانە کردبا بەڵام تا ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە ڕەوانەی نەکردووە و وای لێهاتووە بڕیاردان لە ناردنی پارە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق و جێبەجێکردنی فەرمانەکە هەفتەیەکی پێدەچێت کە سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە ئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دەگوزەرێت نە یاسایی و نە دەستوورییە و بەڵکوو ململانێیەکی ناجوامێرانەی قێزەون و شەڕێکی سیاسییە کە بەغدا بە هەرێمی کوردستانی دەفرۆشێت.

دابین نەکردنی شایستە داراییەکان و دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و زۆرترین شاندی هەرێم لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پرسە سەردانی بەغدایان کردووە، بەڵام بەغدا هەر جارە و بە بیانوویەکی نوێ بە دڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەڵسوکەوتی نەکردووە.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، هەرێمی کوردستان سەد و نەوەد هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی فیدراڵی دەداتە بەغدا و بەغداش مووچەی هەرێم دابین دەکات. کێشەکە لەوەدایە دواین مووچە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان وەریانگرتبێت هی مانگی حەوت بووە.
بیانووی پێشتری حکوومەتی فیدراڵی ئەوە بوو کە هەرێمی کوردستان ئەو نەوتەی بە عێراق نەداوە کە بەرهەمی هێناوە لە کاتێکدا ئاشکرایە نەوت بە بێ کێشە ڕەوانەی عێراق دەکرێت. هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ٢٧ی ئەیلوولەوە دەستی پێ کردووەتەوە و هەرێمی کوردستان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە پرسی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە بەجێ گەیاندووە.
نوێترین بیانوو کە لەو ماوەیەدا وا پێشان دراوە کە هۆکارە لە داکەوتنی ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی ئاب لە لایەن بەغداوە ئەوە بووە کە هەرێمی کوردستان سەد و بیست ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی ڕادەست نەکردووە لەکاتێکدا هیچ ترسێک لەوەدانییە تۆ نزیکەی تریلیۆنێک دینار ڕادەست بکەی لەوە بترسێی سەد و بیست میلیارت بۆ نەنێرێت، جگە لەمە ئەگەر بەراستی لەوە نیگەرانە ئەو سەد و بیست ملیارە بفەوتێت بۆچی هەر لای خۆی لەو پارەیەی بڕیارە ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی بکەیت ناگێڕیتەوە.
هەرێمی کوردستان ئەو بیانووەشی بە بەغدا بڕی و لە سێشەمەوە پارەکەی ڕەوانە کردووە بەڵام دیار نییە بۆچی حکوومەتی عێراق لە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم پەلە ناکات و ئەم جارە بیانوویەکی تری دۆزیوەتەوە، ئەویش ئەوەیە وەزارەتی دارایی سیولەی نییە و ئەو پارە پێویستە لەبەدەستدا نییە تا ڕەوانەی بانکەکانی هەرێمی کوردستانی بکات. لەوە ناخۆشتر ئەوەیە بەشێک لە میدیاکانی کوردستان یارمەتی بڵاوکردنەوەی ئەو پاساوە دەدەن.
عێراق هیچ کێشەیەکی لە سیولە و پارە و بودجە نییە و ئەگەر نزیکەی تریلیۆنێکی کوردستانی پێ دابین نەکرێت چۆن چەندین تریلیۆنی مووچەی فەرمانبەرانی فیدراڵی بۆ ئەم مانگە دابین دەکات.
هەر دوێنێ بانکی نێودەوڵەتیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ئابووریی عێراق ڕووی لە گەشەسەندنە و بەپێی پێشبینیی بانکەکە ڕێژەی گەشەی ئابووری لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەگاتە سێ پۆینت شەش لەسەدا ٣.٦%، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیەی بانکەکە بۆ گەشەی ئابووریی عێراق دەستنیشان کردبوو پێشتر زۆر کەمتر بوو. بانکەکە پێشبینی ئەوەشی کردووە کە ڕێژەی هەڵاوسانیش ڕوو لە دابەزین دەکات.
راستییە حاشاهەڵنەگرەکە ئەوەیە بەغدا کێشەی پارەی نییە و دەسەڵاتی فیدراڵی تا ئەم ساتەش پرسی مووچەی کردووەتە کارتی گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە بێت، ئەوان بە سوودوەرگرتن لەم کارتە لە لایەک بە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان خەریکی کۆکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنن و لە لایەکی دیکە دەخوازن هەرێمی کوردستان لەم پڕۆسە سیاسییە گرینگە سارد بکەنەوە و ڕۆڵ بگێڕن لە گۆڕانکاری هاوکێشە سیاسییەکان بە دڵی خۆیان.
ئەگەر عێراق هەرێمی کوردستانی وەک بەشێک لە خۆی قبوڵە، بەپێی دەستوور نابێت هیچ جیاوازییەک لە نێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا بکات بەڵام ئەمەی نەکردووە و سەرکردایەتی سیاسیی کورد بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەیەوێت ئەو پرسە لە دوای هەڵبژاردن لەگەڵ عێراق یەکلایی بکاتەوە .
دوێنێ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە ئامێدییەوە بە ڕاشکاوی پەیامی خۆی بە بەغدا گەیاند و گوتی ”کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنیا مووچە نییە، بەڵام زۆر جار ناحەزانمان ویستوویانە ئێمە بە پرسی مووچەوە سەرقاڵ بکەن. مافێکی سەرەتایی خەڵکی هەرێمی کوردستانە وەک هەر کەسێکی دیکە مووچەکەی وەربگرێت، منەتی تێدا نییە و کەسیش خێرمان پێ ناکات. مافی ئێمە زۆر لەم پرسە زیاترە. دەبێت ئەوان مەمنوون بن، ئێمە تەنیا داوای مووچە بکەین، دەبێت مەمنوون بن بە مانەوە لە فیدراڵییەتی عێراقدا ڕازی بین.”