رۆژنامەی ھەولێر

قسەی دوای هەڵبژاردن

‎هاودەنگ فارووق
ئەگەر لەڕابردوودا سەرۆك بارزانی سیمبولی شۆڕشێكی نەپساوە بوو، لەئێستا بەدواوە، تاكە هێمای زیندووێتی مافە دەستوورییەكانی كوردە، ڕەمزی هەرە بەهێزی چیایەكە لەپشت هەموو كوردێك ، هەر بابایەكی مەزڵووم و ستەملێكراو، لە هەر شوێنێك بێت، شانازی پشتیوانی هێزی پارتی و بارزانی دەبێت. لەكاتێكدا هەموو ڕكابەرەكانی پارتی، لەچاوی ئیمتیازاتی پۆستەكانەوە لە پەرلەمانی عێراق دەڕوانن، سەرۆك بارزانی وەكو جومگەیەك بۆ تاقیكردنەوەیەكی دیكەی عێراق لێی دەڕوانێت و، دەڵێت: بزانین دوای هەڵبژاردن، بەغدا بەرانبەر كورد چی دەكات؟ ئەگەر سەرجەم مافەكانیان سەلماند، ئەوە ڕێگە باشەكەیە بۆیان، خۆ ئەگەر بەردەوامبوون لەسەر ئەو نادادییەی بەكوردی دەكەن، ئەوجا قسەی خۆمان دەبێت. ئیدی بەزمانی حاڵ بەهەمووانی ڕاگەیاند: سەرۆك بارزانی داینەمۆی شۆڕشە و، هیچ ڕەشەبایەك ماناكانی كوردبوون و، شەڕكردن بۆ مافەكانی كوردی لەبیر ناباتەوە.بە ڕاشكاوی پەیامی بە گوێی هەموواندا كە دوای هەڵبژاردن هەمان پێشێلكاری دەستووری دووبارە نەبێتەوە، ئەوەشی نەشاردوەتەوە، بێمتمانەییەكە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بڵێین، ئەوان بڕوایان بە مافەكانی كورد نییە. دواتر بە نەعرەتەیەكی شێرانە سەرۆك بارزانی پرسیار دەكات و دەڵێ: ئایا ئێوە بڕواتان بە فیدراڵییەت هەیە؟
ئەمە ئەو پرسیارە كۆنكرێتییەیە، كە هیچ هێزێكی عێراقی ناتوانێت وەڵامێكی دڵنیاكەرەوەی كورد بداتەوە. ئەوان لەسۆنگەی ناچارییەوە وشەی فیدراڵیەت بەكاردێنن، بەڵام لەناواخن و كردار و سیاسەتی ڕۆژانەیان، پێچەوانەكەی دەكەن. بۆیە كاتێك زۆرینەی خەڵكی كوردستان لە پشتی لیستی ٢٧٥ی پارتی و بارزانی ڕادەوەستن،پێگەی كورد لە عێراق بەهێزتر دەبێت و ڕێڕەوی حكومڕانی ڕاست دەكرێتەوە و مافی كورد دەگەڕێتەوە.