ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەم، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان له ڕوانگهی ئەوەی گۆڕستانی گەورە بهشێكه له مێژووی دێرینی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی لەسەر نۆژەنکردنەوەی دا.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی پارێزگای هەولێر، بە بڕی 820 ملیۆن و 709 هەزار دینار بە شێوەی نەختینە و قۆناغ لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.
گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر، كەوتۆتە ناوجەرگەی بازاڕ و دامێنی قەڵات و تەنیشت بازاڕەكانی شێخەڵڵا و نیشتیمان، بە یەکێك لە كۆنترین و ناودارترین گۆڕستانەكانی شاری هەولێر هەژمار دەکرێت و بۆتە بەشێك له مێژووی دێرینی شارەكە.

