جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند ناحەزانی کوردستان هەموو کات پیلانیان لە دژی کوردستان داڕشتووە و ئامانجیان شکاندنی پارتی بووە لەبەر ئەوەی هەموو لایەک دەزانن پارتی هەوێنی کوردایەتی و هێزی شۆڕش و هیوای پاشەڕۆژی کوردستانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە ئامێدی، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: پارتی پێویستە بەوە نییە لەم ناوچەیە بانگەشە بۆ خۆی بکات لەبەر ئەوەی خەڵکی ناوچەکە خۆیان خاوەنی شۆڕشەکەن و قوربانییەکەی زۆریان داوە. گوتیشی ئێمە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسی خەبات و قوربانییەکانی ڕابردوومان وەبیر دێنینەوە لەبەر ئەوەی دوژمن هەموو کات تەماحی داگیرکردنی وڵاتی ئێمەی هەیە.
جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین جار ناحەزانی کوردستان و خەڵکانی شۆڤێنی و دوژمنانی کوردستان، بەڵێنیان داوە قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵن و بەردەام ڕێگرییان لە پێشکەوتنی کوردستان گرتووە، لەم ڕێگایەشدا بە داخەوە دەستی ناوخۆییشیان لەگەڵ بووە. تەنیا بۆ ئەوەی زیان بە پارتی بگەیەنن، دەستیان لە ناو دەستی نەیاران ناوە و زیانیان بە هەموو خەڵکی کوردستان گەیاندووە.
مەسرور بارزانی گوتیشی، یا دەبێ چاوەڕێ بین ئەوانە پلانی خۆیان جێبەجێ کەن و جارێکی دیکە پەلاماری کوردستان بدەن، یا دەبێ ئێمە بە دەنگی خۆمان و بە بڕیارێکی سیاسی بچینە بەغدا و ڕێگە لە پیلانگێڕیی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بگرین. هەر بۆیەش پێویستە هەمووان پێکەوە بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە نوێنەرانی پارتی بدەن بۆ ئەوەی ڕێگە لە دوژمنایەتی و ناحەزایەتیی دوژمنانی خەڵکی کوردستان بگرن.
جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند “لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئێمە هیوامان زۆر هەبوو بە دیموکراسی و فیدراڵی مافی خەڵکی کوردستان دابین بکرێت. بەڵام لە جێی ئەوەی دەستوور جێبەجێ بکەن، مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکەن. بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگا لەم جۆرە بریکردنەوانە بگرین، دەبێ پارتی بە هێزێکی زۆرەوە لە ناوەندی بڕیار لە حکوومەتی فیدراڵی ئامادە بێت و خۆی لە دۆسیەکە بە خاوەن بکات و بۆ خەڵکی دیکەی بەجێ نەهێڵێت و بڕیاری هەرێمی کوردستان لە دەستی نوێنەرانی کوردستاندا بێت.
مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە کێشەی خەڵکی کوردستان کێشەی مووچە نییە و ئەوە مافی خەڵکی کوردستانە بە شێوەیەکی ئاسایی مووچەی خۆیان وەربگرن. هیچ کەس خێر بە خەڵکی کوردستان ناکات و کەس بۆی نییە منەتمان لەسەر بکات و بڵێت ئێمە شتێکتان دەدەینێ. ئەوەی کورد پێی گەیشتووە حەقی ماندوو بوونی خەڵکی کوردستانە. گوتیشی ئەوان دەبێ مەمنوون بن ئێمە بە فیدراڵی لە عێراق ڕازی بووین. بەڵام مایەی قەبووڵکردن نییە ئەوان فیدراڵیەتیش جێبەجێ نەکەن. هەر بۆیە ئەمجارە لە بەغدا شەڕ بۆ مافی دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پارتی: “پێویستە کاندیدانی پارتی لە بەغدا، بەرگریی لە مافەکانی خەڵکی هەموو هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن. ئەگەر ئێوە سەرنج بدەن خەڵکێکی دیکە ئەمڕۆ لە عێراق پەنای بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ سەرۆک بارزانی هێناوە و داوایان لێ دەکەن ئێمە بەرگری لە مافی ئەوانیش بکەین. شارەکانی دیکەی عێراق دۆخی ژیانیان گەلێک خراپ و ناخۆشە. نە ئاو هەیە، نە کارەبا هەیە، نە نەخۆشخانە هەیە، نە خزمەت هەیە، نە باوەڕ هەیە، لە ئەمنیەت هەیە و نە هچ هیوایەکیان ماوە. ئێستا تاکە هیوایان ئەوەیە، ئێمە هاوکارییان بکەین، هەر بۆیە ئەمجارە کە نوێنەرانی ئێمە دەچنە بەغدا دەبێ پارێزگاری و بەرگری لە مافی هەموو خەڵکێکی ستەملێکراو بکەن.
مەسرور بارزانی بە ئاماژەکردن بەوەی گەلێک خاڵی دەستووری و یەک لەوانیش ماددەی 140 جێبەجێ نەکراون گوتی: کەرکووک و شنگال و زوممار و مەخموور، خانەقین خاکی کوردستانن و دەبێ ڕۆژێک ئەم خاکە بگەڕێتەوە سەر کوردستان. جەختیشی کردەوە ئەوەی پارێزگاری لە مافی خوشک و برایانمان لەم شارانە دەکات تەنیا پارتییە و هەر پارتییە هەموو کات ئامادە بووە خۆی بکاتە قوربانی بۆ بەرژوەندیی نەتەوەی کورد و هەموو کوردستان.
جێگری سەرۆکی پارتی گوتی، کوردستان هی خەڵکی کوردستانە و هەتا لە ناو عێراقیشدا بین، پێویستە مافی ئێمە لەگەڵ هاووڵاتییانی دیکەی عێراق یەکسان بێت و بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین لە هیچ کەسێکی دیکەی ئەم وڵاتە کەمتر بین.
گوتیشی ناحەزان بەردەوامن لە پیلانگێڕان بەرانبەر بە مافی خەڵکی کوردستان و زۆر جار مافی ئێوە بووە زۆر کارتان بۆ بکرێت بەڵام پیلانیان گێڕاوە بۆ ئەوەی دەستکەوتمان نەبێت و پێشکەوتن لە کوردستان یا نەبێت یا ئەگەریش دەبێت ڕێگریی لێ بکەن.
زۆر جار هاوپەیمانییان پێک هێناوە، دەستیان لەگەڵ یەک تێکەڵ کردووە بۆ ئەوەی مووچە نەیە، ڕێگریمان لێ بکەن، پێکشەوتن نەکرێت، هەوڵیان داوە پارتی بکشێت، ئامانجی ئەوان شکاندنی پارتی بووە چونکە هەمووان دەزانن، هەوێنی کوردایەتی و هێزی شۆڕش و هیوای پاشەڕۆژی کوردستان پارتییە. هەمووان ئەوە دەزانن بەڵام ئێمەش دەزانین چۆن وڵامی ناحەزانی خۆمان بدەینەوە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد ئەو کاتەی پێویست بێ لە سەنگەری بەرگری وڵامی ناحەزان دەدەیەنەوە و ئەو جێیەش کە پێویست بێ بە خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان، وڵامی ناحەزان دەدەینەوە. هەر چەندە ناحەزان و دوژمنان بەردیان خستووەتە سەر ڕێمان و ئاستەنگیان بۆ دروست کردووین، ئێمە خستوومانەتە ژێر پێمان و وڵاتی خۆمان پێ ئاوەدان کردووە.

