رۆژنامەی ھەولێر

دكتۆر عومەر پەتی و هاوسەرەكەی بەشێك لە كتێبەكانیان دەبەخشنە زانكۆی سەلاحەدین

شۆڕش غەفووری

 

كتێب لای ئەوانەی كە كتێبخانەیان هەیە و كتێبیان خۆش دەوێت و دەخوێننەوە، سەروەتێكی بەهادارە و بە پارە هەڵناسەنگێنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەخشینی كتێب بەشێك بووە لە سیفەتی كەسانی خوێنەر، بۆ ئەوەی ئەو مەعریفەیە تەنیا لە نێو ڕەفەیەكدا نەمەێنێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ ئەوانی دی.

یەكێك لەو بەخشندانەی كە دەكرێت بە ستایشەوە ناوی بهێنرێت، مامۆستا عومەر پەتی و دكتۆرە فاتیمەی هاوسەریەتی كە بەشێكی گەورەی كتێبخانەكەیان بەخشییە زانكۆی سەلاحەدین تا قوتابیانی زانكۆ سوود بەو كتێب و گۆڤار و نامیلكە و ڕۆژنامانە وەربگرن كە ئەم دوو مامۆستایە نزیكەی 50 ساڵە كۆیان كردوونەتەوە.
دكتۆر عومەر پەتی و مامۆستا فاتیمە ڕەشیدی خێزانی، 864 گۆڤار و كتێب و نامیلكەیان پێشكەش بە كتێبخانەی ناوەندی زانكۆی سەلاحەدین كرد، ئەمەش درێژەی ئەو كتێب بەخشینە دێت هەردوو مامۆستای زانكۆ دەستیان پێ كردووە و تا ئێستا 13 هەزار كتێبیان بەخشیوە.
ئێستا كتێبخانەكەی دكتۆر عومەر و دكتۆر فاتیمە، نزیكەی 20 هەزار كتێبی تێدایە. دوو ژووری زۆر گەورەی پڕە. ئێستا مامۆستا عومەر پەتی خانەنشین بووە. دكتۆرە فاتیمە لەم بارەوە گوتووتی: ” ئەم كتێبانە ڕەنجی پەنجا ساڵی تەمەنی من و دكتۆر عومەری هاوسەمە كە كڕیومانە و بەدەستمان گەیشتوون. ئیتر وردە وردە دەستمان كردووە بە بەخشینی كتێبەكان بە برادەران و مامۆستایان و قوتابیانی زانكۆ و قوتابخانەكان. كتێبخانەكە سەرەتا نزیكەی 20 هەزار كتێبی تێدا بوو. من بە دكتۆر عومەرم گوت ئەگەر خانەنشین بین ڕەنگە منداڵەكانمان نەزانن چۆن ڕەفتاریان پێوە بكەن، بۆیە تا ماوین با بەخشندە بین و بیانبەخشین. سەرەتا لەبەر ئەوەی هێندە كتێبی خۆش دەوێت، زەحمەت بوو ئەو بڕیارە بدات، بەڵام ئیتر بڕیارمان دا و دەستمان بە بەخشینی كتێب كرد و یەكەم جار لە زانكۆی هەڵەبجە دەستمان پێ كرد و 2200 كتێبمان پێ بەخشی.”
دكتۆر عومەر پەتیش لەم بارەوە گوتی: “ئێمە هەر لە زاخۆوە تا خانەقین پێیدا هاتین و دەستمان بە بەخشینی كتێب كرد بە كتێبخانەی زانكۆ و قوتابخانەكانی ئەو شارانە و تا ئێستا كتێبێكی زۆرمان پێ بەخشیون. ئەمەش لەو چوارچێوەیە دێت كە پێم باشتر بوو بەر لەوەی كۆچی دوایی بكەم، كتێبەكانم ببەخشم بە ڕۆڵەكانی گەلەكەم.”
دكتۆر عومەر پەتی باسی لە دروستكردنی كتێبخانەی نیشتمانی كوردستان كرد كە تا ئێستا هەنگاوی بۆ نەنراوە و گوتی: “حەزم لەوەیە ئەو كتێبانەی كە ئێستا لە نێو كتێبخانەكەم ماومن و نزیكەی 14 هەزار كتێبە، بیانبەخشم بە كتێبخانەی نیشتمانی كوردستان كە هێشتا دروست نەكراوە، كتێبخانەیەكی گشتی و نیشتمانی كە هەموو كتێبی كوردی تێدا بێت و كتێبی نووسەران نەمێنێتەوە كە لەو كتێبخانەیەدا نەبێت.”

ژیننامە:
پرۆفیسۆر دكتۆر عومەر ئیبراهیم عەزیز( پەتی)، لە دایکبووی ڕێكەوتی ١-٧-١٩٥٧ی شاری هەولێرە.
خویندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە. لە خانەی مامۆستایانی کوڕان لە دهۆک و هەولێر تەواو کردووە.
لە ڕێكەوتی ١٩-١١-١٩٧٧ بووە بە مامۆستای سەرەتایی لە قەزای مەخموور.
لە سالی ١٩٨٥ – ١٩٨٨ کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدینی تەواو کردووە.
لە سالی ١٩٨٩ -١٩٩١ مامۆستا بووە لە پەیمانگەی ئامادەکردنی مامۆستایانی کوران لە هەولێر.
لە ڕێكەوتی ١٢-١٠ـ١٩٩١ لە ماستەر لە زانکۆی بەغدا وەرگیراوە.
لە ڕێكەوتی ١٤-٨-١٩٩٣ بڕوانامەی ماستەر لە دەروونی پەروەردەیی بەدەست هێناوە.
لە ساڵی ١٩٩٥ لە دکتۆرا وەرگیراوە لە زانکۆی بەغدا.
لە ڕێكەوتی ١٩-٢-١٩٩٨ بڕوانامەی دکتۆرا بە پلەی نایاب بەدەست هێناوە لە پسپۆری تواناکان.
لە ڕێكەوتی ٥-٤-١٩٩٨ وەکو مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی سەلاحەدین دەست بە کار بووە.
لە ڕێكەوتی ٣١-١٢-٢٠٢٤ خانەنشین کرا دوای ٤٨ ساڵ خزمەت.
لەماوەی خزمەتی لە هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وانەی بکالۆریوس و ماستەر و دکتۆرای وتۆتەوە جگە لە ڕێگاکانی وانەوتنەوەی مامۆستایانی زانکۆ. دەیان قوتابی ماستەر و دکتۆرای سەرپەرشتی یان گفتوگۆ کردووە.
تاکو ئێستا ٣٦ کتیبی چاپ کردووە و نزیکەی ٦٠ تویژینەوەی بڵاو کردۆتەوە. پتر لە ٦٠٠ وتاری بڵاو کردۆتەوە ولە دەیان کۆنفراسی ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەشداری کردووە . خێزاندارە وباوکی سێ منداڵە.