لە جیهانی پڕ کێبڕکێی چێشتخانەکاندا، چیرۆکی سەرکەوتن و خۆڕاگری هەمیشە جێگای سەرنجە. کاک سەردار ئەو گەنجە کوردە، توانیویەتی لە ماوەی پێنج ساڵدا لە زنجیرە چێشتخانەیەکی هەرە گەورەی جیهان واتە لە (KFC)دا ناوبانگێک بۆ خۆی پەیدا بکات و ببێتە سەرئاشپەز (شێف)ــێکی پلەیەک. ئەم سەرکەوتنە تەنها بەهرەمەندی نییە، بەڵکو بەرهەمی کارکردنی بەردەوام و دڵسۆزییەکی بێوێنەیە.
سەردار، کە لە شاری نۆتینگهامی بەریتانیادا نیشتەجێیە، ماوەی پێنج ساڵە وەک ئاشپەز (چێشتلێنەر) لە چەندین لقی KFC کار دەکات. لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا، چەندین جار خەڵاتی ڕێزلێنانی لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێستورانتانەی کاری لێ کردووە پێ دراوە، کە ئەمەش نیشانەی لێهاتوویی و پابەندبوونیەتی بە کارەکەیەوە.
لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەکەماندا، سەردار باسی لە سەرەتای کارکردنی کرد و وتی: “کاتێک دەستم بە کار کرد، سەرەتا زۆر قورس بوو، چونکە سیستەمی کارکردنەکە زۆر جیاواز و خێرایە. لەگەڵ کارکردنم، خەریکی خوێندنیش بووم. بەڵام بەهۆی کارکردنی زۆر بە جدی و دڵسۆزانە، لە ساڵی یەکەمدا زووتر لە کاتی خۆی بڕوانامەی کۆمپانیای KFCم بە پلەی نایاب بەدەست هێنا.”
سەردار بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی و ئاماژەی بەوە دا کە بە تێپەڕبوونی کات و زیادبوونی ئەزموونی، کارەکەی گەشەی سەند و گەیشتە ئەو ئاستەی ببێتە ڕاهێنەر بۆ شێفە نوێیەکان. ئەو دەڵێت: “تا ئێستا چەندین شێف لەسەر دەستی من فێر بوونە، کە سەر بە نەتەوەی جیاوازن. وەک: هیندی، پاکستانی، ئەفریقایی، بەنگلادیشی، ئینگلیز، عەرەب، ئیتالیایی، ئیسپانیایی و دۆمێنیکایی. بەڵام جێگای داخە کە تا ئێستا هیچ کوردێک نەهاتووە و نزیک نەبووەتەوە لەم بوارە.”
سەردار هیواخوازە کە گەنجانی کورد سوود لە دەرفەتەکانی کار لە وڵاتانی دەرەوە وەربگرن و بوێری ئەوەیان هەبێت بچنە ناو بوارە جیاوازەکانەوە. دەڵێ: “من سەرەتا هیچ شتێکم لەبارەی ئەم کارەوە نەدەزانی، بەڵام سروشتی ئەو وڵاتە وایە کە زۆر بە جوانی و بە ستانداردێکی بەرز لەلایەن مامۆستایەکی زۆر تواناوە فێر کرام.”
چیرۆکی سەردار نموونەیەکی درەوشاوەیە بۆ خۆڕاگری، فێربوون و گەشەکردن لە ژینگەیەکی نوێدا. ئەو نیشانی دا کە بە هەوڵ و کۆشش، دەتوانرێت لە هەر بوارێکدا سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت و ببیتە مایەی شانازی بۆ نەتەوەکەت. سەردار ئاماژەی بەوەش دا کە ساڵانە پێشبڕکێیەک هەیە بۆ خێراترین شێف لەسەر ئاستی شارەکە، هەرشێفێک براوەبێت لەشارەکەی خۆی دەچێتەپێشبرکی لە سەرانسەری وڵاتی بەریتانیا ئەو بریاریدا بەشداری بکات لەو پێشبڕکێیەدا لە خێراترین ئامادەکردن یەک کیسە مریشک. ئەو توانیی ماوەی ئامادەکردن لە دوو خولەکەوە بگەیەنێتە هەژدە چرکە. سەردار دڵنیا بوو کە خەڵاتی گەورەی لەسەر ئاستی شارەکە و وڵاتەکەش بەدەست دەهێنا، بەڵام بەداخەوە بە هۆی کارێکی نەخوازراوەوە، نەیتوانی بەشداری پێشبڕکێکە بکات. بەڵام بۆ ساڵانی داهاتوو ئامادەیی خۆی دەربڕی و بەردەوامە لە پراکتیککردن بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە.

