عەبدولقەهار هەولێری
سومارەی (بە زمانی خۆیان: Sommarøy)، لە وڵاتی نەرویج شوێنێکە کە لە وەرزی هاویندا بۆ ماوەی ٦٩ ڕۆژ خۆر ئاوا نابێت. دانیشتوانی ئەم دوورگە بێکاتە وازیان لە ژیان بە کاتژمێر هێناوە. لەم گوندە بچووکە ماسیگرتنەدا کە ٣٠٠ کەسی تێدایە، خەڵک ئازادە هەرچییەک بیەوێت، هەرکاتێک بیەوێت بیکات. سومارەی شوێنێکە کە لە هاویندا شەو نییە و لە زستاندا خۆر هەرگیز هەڵنایەت.
بە گوتەی ڕۆسیاتۆ، لە سومارەی خۆر لە ١٨ی ئایار تا ٢٦ی تەمووز ئاوا نابێت، ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی جوگرافیای دوورگەکە لە نزیک بازنەی جەمسەری باکوور. لەم ماوەیەدا ئاسمان هەمیشە ڕووناکە و جیاوازی لە نێوان شەو و ڕۆژدا ناکرێت. ئەم تایبەتمەندییە ڕێگە بە دانیشتووان و گەشتیاران دەدات لە هەر کاتێکی ڕۆژ و شەودا بە پێ، مەلەکردن، یان بە سواری بەلەمدا بڕۆن.
بە پێچەوانەی هاوینێکی گەشاوە، سومارەی لە زستاندا لە نێوان مانگەکانی تشرینی دووەم و مانگی یەکدا بە تەواوی تاریک دەبێت. ئەم قۆناغە کە بە شەوی جەمسەری ناسراوە، دەرفەتێکی ناوازە بۆ بینینی ڕووناکیەکانی باکوور دەڕەخسێنێت. ڕووناکیەکانی باکوور دەتوانن لە هەر کاتێکی ڕۆژ و شەودا ئاسمان ڕووناک بکەنەوە.
بەهۆی کاتژمێرەکانی نائاسایی ڕووناکی ڕۆژ، دانیشتوانی سومارەی بڕیاریان داوە دەستبەرداری چەمکی کات بن. لە ساڵی ٢٠١٩ خەڵک هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ گۆڕینی دوورگەکە بۆ “ناوچەیەکی بێ کات”. پردی بەناوبانگی سومارەی، دەروازەی چوونەژوورەوەی دوورگەکەیە، بە کاتژمێری سەردانکەران ڕازاوەتەوە کە هەوڵی دەربازبوون لە کۆت و بەندەکانی کات دەدەن.
شێل ئۆڤ هۆدینگ سەرۆکی کەمپەین دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت ناوچەیەکی بێ کات بین کە مرۆڤەکان بتوانن بە ئازادی بژین. ئەگەر کەسێک بیەوێت کاتژمێر ٤ی بەیانی چەمەکە ببڕێت، ئەوا ئازادە.
ئامانجی هەڵمەتەکە لابردنی کاتەکانی دەوام و سنووردارکردنی کات بوو لە چالاکییەکانی ڕۆژانەدا. خەڵکی دوورگەکە جەختیان لەوە کردەوە کە تەواو ئاساییە لەگەڵ هاوڕێکانت لە کەنار دەریا کاتژمێر ٢ی بەیانی لە سومارەی قاوە بخۆیتەوە.
هەرچەندە دواتر دەرکەوت کە ئەم هەڵمەتە بەشێک بووە لە دەستپێشخەرییەکی بانگەشەیی لەلایەن دەسەڵاتی گەشتیاری نەرویجەوە، بەڵام شێوازی ژیانی بێ کات و کات و ساتی خەڵکی دوورگەکان ڕاستەقینە و لە ناو کۆمەڵگەی دانیشتووانەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئابووریی سومارەی لەسەر بنەمای ماسیگرتن و گەشتیاری دامەزراوە. سەرەڕای کەمی ژمارەی دانیشتووانەکەی، بەڵام دوورگەکە چەندین چالاکیی بەرفراوان پێشکەش دەکات، لەوانە گەشتکردن بە پێ و مەلەکردن و بەلەمسواری. گەشتیارێکی زۆر دێنە ئێرە بۆ ئەوەی ژیان بەبێ کات ئەزموون بکەن.
دیاردەی خۆری نیوەشەو تەنیا لە سومارەیدا سنووردار نییە. خۆر بۆ چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک لەم ناوچانەی خوارەوە ئاوا نابێت:
نەرویج: ٢٠ی نیسان تا ٢٢ی ئاب
فینلاند: ئایار تا مانگی ئاب
سوید: حوزەیران تا تەمموز
ئەلاسکا: ١٠ی ئایار تا ٢ی ئاب
ئایسلەندا: ناوەڕاستی مانگی ئایار تا ناوەڕاستی مانگی ئاب
کەنەدا: ٢٤ی ئایار تا ٢٠ی تەمووز
جەمسەری باکوور: کۆتایی مانگی ئازار تا کۆتایی مانگی ئەیلول
جەمسەری باشوور: ٢٣ی ئەیلول تا ٢٠ی ئازار

