رۆژنامەی ھەولێر

هێزی چیا و پێشمەرگەیەک

‎هاودەنگ فارووق
لەقوڵایی سەنگەری بەرگری و بەرخۆدانی نەتەوەیەكەوە، پێشمەرگەیەكی سەر بڵند بەقەد چیاكان هات، هێشتا تەپوتۆزی بۆمباران و لاپاڵمی داگیركەران بەروخسارییەوە دیارە، چەپۆكی خوێنی شۆڕش لەدەمارەكانیدا، لەچاوان دەبینرێت، سەرۆك و پێشمەرگەیەكە ئیڕادەی بڵنترە لە هێزی چیاكانی كوردستان، بەدەم شریخەی فیشەك و، پڕ باوەشێك فرمێسكی دایك و منداڵی شەهیدەوە، هات و سەروەری بۆ میللەتێك نووسییەوە. هات و، پێی گوتین: هێشتا خەمی دۆزی نەتەوەیەك لەسەر شانمە!. هێشتا ترسی ئایندەی ڕۆڵەكانمان لەبن سایەی بەغدای نوێدا، سەرەتاتكێیەتی.
بارزانی پێشمەرگە و سەرۆك، بە متمانەیەكی قووڵەوە، بە چاوێكی تیژ و، حیكمەتی داناییەكی قاڵبوی ناو ئەزموونی مێژووی دوور و درێژی كوردەوە، دەڵێ : دەستكەوتەكانمان منەتی كەسی تێدا نییە، ئەوەی كورد هەیەتی، بەخوێن و فرمێسك و قوربانیدان بووە. سەرۆك بارزانی توندتوند گوێچكەی نەیارانی كوردی ڕاكێشا و گوتی: فەرموو تاكە یەك سەرپێچیی هەرێمی كوردستان لەدەستوور بهێنن! بەڵام ئێوە ئەوەبوو جەژنانەتان بۆ میللەتی كورد، كە گوتتان موچەتان نادەینێ.سەرۆك بارزانی بەدەنگی دلێر دەڵێ : ئەگەر كورد بەشێكە لەعێراق، بۆچی برسیی دەكەن؟ ئەگەر بەشێكیش نییە لە عێراق وازی لێ بێنن ژیانی خۆی هەڵبژێرێت!.چ دووڕیانێكی حەكیمانەیە لەبەردەمی دەستەڵاتدارانی عێراق دانرا.. ئیدی شەڕی دەستووری و شەڕی سیاسی و ماف و شەڕی مافەكانی هاووڵاتییبوون دەكات. سەرۆك بارزانی، بە نەیارەكانی كوردستانی گوت: چاومان لەپێشێلكارییەكانی مافەكانی كوردە. دەزانین دەتانەوێ چی بكەن. بە گوێ گەل و نوێنەرانی گوت: بڕۆنە بەغدا، ئێوە پارتی و چیاكانتان لەپشتە، هێزی پشت چیاكانیش سەرۆك بارزانییە.