عەبدولقەهار هەولێری
میت فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، پلانەکانی بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیای منداڵانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵان ڕاگەیاند و مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە دزینی منداڵییان تۆمەتبار کرد.
لە وتارەکەیدا بۆ کردنەوەی پەرلەمانی دانیمارک گوتی: ئێمە ئەهریمەنێکمان ئازاد کردووە. پێشتر هەرگیز ئەوەندە منداڵ و گەنج تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی نەبوون.
فرێدریکسن ڕوونی کردەوە کە زۆرێک لە منداڵان کێشەیان لەگەڵ خوێندنەوە و تەرکیزکردندا هەیە، ئاماژەی بەوەشکردووە شاشەکان شتگەلێکیان پیشان دەدەن کە نابێت هیچ منداڵێک و گەنجێک بیبینێت.
سەرۆکوەزیران دیاری نەکرد کام پلاتفۆرمی سۆشیالمیدیا کاریگەری ئەو ڕێوشوێنانە دەبێت، بەڵام دووپاتی کردەوە کە قەدەغەکردنەکە چەند پلاتفۆرمێک دەگرێتەوە، کە دایک و باوکان دەتوانن لە تەمەنی ١٣ ساڵانەوە مۆڵەت بە منداڵەکانیان بدەن بۆ بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە قەدەغەکردنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڕیارەکەی دانیمارک لە چوارچێوەیەکی هاوشێوەی جیهانیدا دێت، ئوسترالیا منداڵانی خوار تەمەنی ١٦ ساڵان لە پلاتفۆرمەکانی وەک فەیسبووک، سناپچات، تیک تۆک و یوتیوب قەدەغە کردووە. هەروەها جۆناس گاهر ستۆر، سەرۆکوەزیرانی نەرویج، نیازی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی کەمترین تەمەنی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا بۆ ١٥ ساڵان، لە ١٣ ساڵانەوە ڕاگەیاند و ئاماژەی بە پێویستی پاراستنی منداڵان لە “هێزی ئەلگۆریتمەکان” کرد.
کارۆلین ستاگ وەزیری گۆڕانکاری دیجیتاڵی ڕایگەیاند: ئێمە زۆر بێهەڵوێست بووین بۆ ئەوەی ژیانی دیجیتاڵی منداڵان بۆ ئەو پلاتفۆرمانە بەجێ بهێڵین منداڵیان هیچ پێ گرنگ نییە. دەبێت لە خێزانە دیجیتاڵییەکانەوە بگوازینەوە بۆ کۆمەڵگە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی سەرۆکی حکوومەت داویەتیە دەرەوە، 60%ــی منداڵانی تەمەن 11 بۆ 19 ساڵان لە کاتی پەرژان (بەتاڵی)ــدا هیچ هاوڕێیەکیان نەبینیوە، کەچی 94%ی منداڵانی پۆلی حەوتەم پێش تەمەنی 13 ساڵان پرۆفایلی سۆشیالمیدیایان هەبووە.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای بڕیارێکی پێشووی مانگی شوبات دێت بۆ قەدەغەکردنی مۆبایل لە سەرجەم قوتابخانەکان و یانەکانی دوای خوێندن، بە پشتبەستن بە ڕاسپاردەی لێژنەیەکی خۆشگوزەرانی حکوومی کە پشتڕاستی کردەوە کە منداڵانی خوار تەمەنی ١٣ ساڵان نابێت مۆبایلی زیرەک و تابلێتی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
ئەم ڕێوشوێنانە لەسەر بنەمای توێژینەوە نێودەوڵەتییەکانە کە کاریگەری سۆشیالمیدیا لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵان و گەنجان نیشان دەدەن، ئەمەش وای کردووە حکوومەتەکانی جیهان بیر لە دەستڕاگەیشتن بەم پلاتفۆرمانە بکەنەوە. لە مانگی حوزەیران، یۆنان پێشنیاری دانانی “تەمەنێکی دیجیتاڵی پێگەیشتن” لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا کرد بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی سۆشیالمیدیای منداڵان بەبێ ڕەزامەندی دایک و باوک.

