دابەشکردنی نەوت لە ھەولێر و دھۆک بەردەوامە 

دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان لە  پارێزگای دھۆک و ھەولێر بەردەوامە .
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند: دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان تەواو بووە و لە دەوروبەری ھەولێریش دەستمان پێکردووە، کە ئەویش 80%ی تەواو بووە و ئێستاش لە کۆیە و لە ناوشاریش دابەشی دەکەین، ئەوەی دەوروبەری ھەولێر نرخی 55 هەزارە و ئەوەی ناو ھەولێریش نرخەکەی 90 هەزار دینارە.
کاکەشین ڕاشیگه‌یاندووه‌: ئێمە لە ھەولێر پێویستمان بە 92 ملیۆن لیتر نەوت ھەیە و تا ئێستا 42 ملیۆن لیترمان دابەش کردووە.
لای خۆشیەوە، قایمقامی دھۆک، جەھوەر عەلی، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند: دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری دھۆک بەردەوامە و ئێمە رۆژانە نەوت دابەش دەکەین، کە تا ئێستا 10 هەزار و 200 کارتی نەوتمان دابەش کردووە و وەجبەی دووەمیش 8 هەزاری دیکەش دابەش دەکەین، بۆ ئەوەی نەوت بەسەر ئەوانیشدا دابەش بکرێت، چونکە لە دھۆک 80 هەزار خێزانمان ھەیە، کە پێویستە نەوتیان پێ بدرێت و بەردەوام دەبین تا ھەمووان نەوت وەردەگرن، کە نرخەکەی 90ھەزار دینارە.
دەشڵێت، ئەو نەوتەی بە90 هەزار دینارە، لە بەغدا بە80 هەزار دینار دەیکڕن و تا دەگاتە ھەرێمی کوردستان، نرخەکەی دەگاتە 90هەزار دینار.

ھەواڵی زیاتر