كارزان گلی – ههولێر
هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە باكووری قوبرس بەڕێوەچوو، ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، توانی بەجیاوازییەكی زۆر هەڵبژاردن بباتەوە، بەمەش، ئێرسین تەتەر، كە لەلایەن ئاكەپە و مەهەپەوە پاڵپشتییەكی گەورە دەكرا، دووچاری دۆڕانێكی گەورە بووەوە.
توفان ئێرهورمان، سەرۆكی پارتی توركی كۆماری، توانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بباتەوە و ببێتە سەركۆماری باكووری قوبرس، ئەو پێشوازی لە دیالۆگی نێوان ئەنكەرا و یۆنان دەكات، هەروەها لەگەڵ ئەوەدایە لەگەڵ قوبرسی یۆناندا بگەنە رێككەوتن لەبارەی كێشەكانیان.
بەگوێرەی ئەو ئەنجامەی لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی قوبرس بڵاوكراوەتەوە، ئێرهورمان توانی ٦٢.٧٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، هەروەها ئێرسین تەتەر، كە لەلایەن ئاكەپە و مەهەپەوە پشتگیریی دەكرا، توانی ٣٥.٨٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و بەمەش هەڵبژاردن نەچووە گەڕی دووەم و هەر لە گەڕی یەكەم كۆتایی پێهات.
لەكۆی ٢١٨ هەزار دەنگدەر، رێژەی دەنگدان ٦٤.٨٪ بوو، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە لێدوانێكدا ئەنجامی هەڵبژاردنی رەتكردەوە، چوونكە رێژەی بەشداری كەم بووە.
ئێرسین تەتەر، پیرۆزبایی لە ئێرهورمان كرد و گوتی: ”سوپاسی هاوڕێی رێگام دەكەم، هەروەها پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنەی لێدەكەم.“ ئەم لێدوانەش شەرعییەتی بە ئەنجامەكاندا و ئێرهورمان بەفەرمی وەكوو سەرۆكی باكووری قوبرس، لەلایەن چەند سەركردەیەكەوە پیرۆزبایی لێكرا، لەناویاندا رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكکۆماری توركیا هەبوو.
پەیوەندیی ئێرهورمان لەگەڵ توركیا چۆن دەبێت؟
ئێرهورمان بەوە ناسراوە، لەگەڵ ئەوەدا نەبووە توركیا ئەوەندە دەستوەردان لەكاروباری قوبرسدا بكات، ئەو زیاتر بەلای حكوومەتی رومەوەیە، كە قوبرسی یۆنانی پێدەڵێن و لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا وەكوو وڵات ناسێنراوە، بەڵام دوای ئەنجامی هەڵبژاردن لە وتارێكدا گوتی: ”ئێمە لەگەڵ توركیا بەردەوام دەبین لە راوێژكردن لەبارەی پرسە گرنگەكاندا.“
پێشتر هەموو سەرۆك كۆمارەكانی باكووری قوبرس، بەبێ توركیا هیچ هەنگاوێكی سیاسی و دیبلۆماسییان نەدەهاوێشت، توركیا چی بگوتایە ئەوان جێبەجێیان دەكرد، پێناچێت ئەمجارەیان ئێرهورمان بچێتە ژێرباری فەرمانەكانی توركیا.
ئەردۆغان لە پەیامێكدا، پیرۆزبایی لە ئێرهورمان كرد بەبۆنەی بردنەوەی لە هەڵبژاردندا ئاماژەیدا، ئێمە وەكوو توركیا بەردەوام دەبین لە پشتگیریكردنی قوبرس لەڕووی بەرگری و بابەتەكانی تر.
دەوڵەت باخچەلی، زۆر بەتووندی دژی ئەنجامی هەڵبژاردن قسەی كرد و داوای لە پەرلەمانی قوبرس كرد، بە پەلە كۆببنەوە و ئەنجامەكەی رەتبكەنەوە، چوونكە رێژەی بەشداری كەم بووە، هەروەها ئێرهورمان كەسێكە، بڕوای بە فیدڕاڵی هەیە و مەترسییە بۆ ئاییندەی قوبرس و توركیا.
بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، بەگەرمی پیرۆزبایی لە ئێرهورمان كرد و بەهاوڕێی پارتەكەی ناوی برد و لە هەژماری خۆی لە (X) نووسیویەتی: ”ئێرهورمان وەڵامی هەموو ئەوانەی دایەوە كە لەدەرەوەی وڵاتەكەیان ویستیان دەستوەردان بكەن. ئەنكەرا تەنیا بۆچوونی خۆی لەبارەی سیاسەتی دەرەوە دەرنەبڕیوە، ئەوان بەفەرمی یاسایان بەهیچ زانی و پشتگیرییان لە كەسێك كرد، هەموو جۆرە كارێكی نایاسایی وەكوو سپیكردنەوەی پارەی رەش كردووە، بۆیە پەیامی خۆی لەلایەن گەلەوە وەرگرت.“
توفان ئێرهورمان كێیە؟
لە شاری لێفكۆشەی باكووری قوبرس لەدایك بووە، لە ١٩٩٢ لە زانكۆی ئەنكەرا بەشی یاسای تەواو كردووە. ئەو توانی هەر لە ئەنكەرا ببێتە خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا و لە چەند زانكۆیەكی ئەو وڵاتە وەكوو مامۆستا وانەی گوتووەتەوە.
لە ٢٠١٣، لەسەر لیستی پارتی توركی كۆماری بووە پەرلەمانتار، لە ٢٠١٦ بووە سەرۆكی ئەو پارتە و لە ٢٠١٨ وەكوو لە ئەنجامی پێكهێنانی حكوومەتی هاوپەیمانیی توانی ببێتە سەرۆكوەزیران.

