رۆژنامەی ھەولێر

کۆبونەوەیەك سەبارەت بە پڕۆسەی دانانی پۆست‌کۆد لە سەنتەری شار بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دووشەممە 2025.10.20، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پۆست كۆد و دامەزراندنی سیستەمێكی یەکگرتووی دانانی ژمارە و ناونیشانکردن شەقام و كۆڵان و شوێنە گشتیەكانی سەنتەری شاری هەولێر، کۆبونەوەیەک لەگەڵ بەرێوبەرایەتیەكانی گشتی ئامار و پۆستەی هەولێر و لێژنەی پێکهێنراو بۆ ئەو مەبەستە بەرێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا، دوای ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی كاركردن بە سیستەمی پۆست كۆد و دانانی ژمارە و ناونیشانی تایبەت بۆ هەر ناوچە و كووچە و كۆڵانێك و شەقامێكی شار بەشێوەیەكی گشتی كرا، كە ئامانج لێی پێشكەشكردنی ئاسانکاری ناردن و وەرگرتن و دیاریکردنی گەڕەك و ناوچەكانی تری شارەكەیە و بەردەوامیش ئەو سیستەمە کار دەکات بۆ نوێکردنەوە و زیادکردنی کۆد پۆست بەشێوەیەكی یەکسان. تیشك خرایەسەر كارە تەكنیكیەكان و چۆنیەتی جێبەجێكردنی پڕۆسەكە بۆ دیاریکردنی شێوەی جۆغرافیای پۆست‌ کۆد و یەکسانکردنی سیستەمەکە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەرنتەری شار و قەزاو ناحییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر.

لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە ئامادەبووان، هەموو پاڵپشتی و هاریكارییەكی پارێزگای هەولێری بۆ سەرخستنی كارەكانیان دووپاتكردەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانیشی ڕاسپارد دەستبكەن بە دیراسەتكردنی زیاتری خاڵی دەستپكی پڕۆسەكە و دەستنیشانكردنی بودجەی پێویست بۆ ڕایكردنی كارەكان.

جێگەی باسە، سیستەمی پۆست كۆد، سیستەمێكی جیهانیە و لە دوای گەشەپێدانی زانیاری و تەکنەلۆژیا، لەپێناو یەکگرتووتی و ئاسانکاریكردن بۆ ناردنی بار و پەیام. لە زۆربەی وڵات و شارە گەورەكانی جیهان ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن بۆ زیادکردنی دروستکردنی نیشانەکان و گەشەپێدانی نوێ شارەكان و بەرزکردنی ئەندازەی دڵنیایی لە نیشاندانی شوێنەكانی.