رۆژنامەی ھەولێر

رووی راستەقینەی ئیسلام ترسە یان خۆشەویستی؟

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی*
ئەوەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگای ئەزهەر و ئاهەنگی دەرچووانی خولی یەکەم و دووەمی پەیمانگاکە باسی لێوە کرد، ئاماژەیەکی گرنگ و لۆژیکی و بەجێ بوو، کە پێویستە هەمووان بەتایبەت خوازیارانی زانستە شەرعییەکان و کاراکتەری ئایینی و زانایان هەڵوەستەی لەسەر بکەن و بە هەندی وەربگرن.
لە گوتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لە پێویستی و گرنگی پەیمانگاکە وەک فاکتەری درێژەپێدانی پەیوەندی مێژوویی نێوان میسر و کوردستان کرد و، ئەوەی خستە ڕوو كە لە سەردەمی سەرکردەی کورد سەلاحەدین ئەیوبییەوە، ژمارەیەکی زۆری کورد روویان لە میسر کردووە و لەوێ نیشتەجێ بوون و کەسایەتی بە نێوبانگ و زانا و شاعیر و نووسەر و پیاوی گەورە و ناسراویان لێ هەڵکەوتووە.
مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا هەبووە و، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستان گێڕاوە، لەسەر ئەمەش جەنابیان گوتی: “دەمەوێ ڕوو لە مامۆستا ئایینییە بەڕێزەکان بكەم، سوپاسیان بكەم بۆ پشوودرێژیی و ماندووبوونیان، بۆ ئەو زەحمەتەی كە دەیكێشن لە رێنماییكردنی گەلەكەمان كە بەڕاستی جێگەی دەستیان دیارە لە هەموو شۆڕشەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، بینیومانە كە مامۆستا هاوشانی پێشمەرگە لە جەبهە دژ بە ستەم و ستەمكاران وەستاوەتەوە و پەیامی میانڕەو لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا كە بڵاو بووەتەوە، ئەنجامی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەكانی مامۆستا ئایینییە بەڕێزەکان، بۆیە من ڕوو لە مامۆستا گەنجەكانیش دەكەم و داواكارم مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بەردەوام بن لە بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامە میانڕەوییە كە پێویستە لە كۆمەڵگەی خۆماندا زیاتر گرنگی پێ بدەین و ڕێگە نەدەین پەیامی توندڕەوی، توندوتیژی، یەكترقەبووڵنەكردن، دژایەتیكردنی یەكتر و ئەم شتانە بواریان پێ بدرێت لە كوردستان بڵاو بكرێنەوە”.
ئەوەی زیاتر مەبەستی منە هەڵوەستەیەکی جددی لەبارەوە بکەم، رێک ئەو پەیامە گرنگەیە کە بەڕێزیان ئاماژەی پێ دا بەوەی “ئێمە بەوەوە جوانین كە ڕووی راستەقینەی ئیسلام چییە ئەوە ببینین، مامۆستایانی ئایینی دەبێ وابكەن خەڵك ئیسلامیان خۆش بوێت نەك لێی بترسن”.
ئەم پەیامە بە واتای ئەوە نییە کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزی دینداری و کەشێکی توندڕەودایە، بەڵکو ئاماژەیە بەوەی پاراستنی رێبازی رەسەنی دینداری گەلەکەمان کە ساڵەهای ساڵە لەسەر دەستی زانایانی ئایینی ئیسلامپەروەر و نیشتمانپەروەر بڵاو دەبێتەوە بۆ ئەم قۆناغە گرنگ و زێدە پێویستترە، چونکە هەندێ جار کە دین لە چوارچێوەی فکر و ئایدۆلۆژیا و دەقەلایەکی کەسی و، تایبەتی و میزاجی و دوور لە رێ و رێبازی گەورە زانایان و تێگەیشتنی دروست و زانستی دەخرێتە ڕوو، وێڕای ئەوەی ئیسلام گچکە نیشان دەدات و، نوێنەرایەتیەکی راستەقینە پیشان نادات، لە هەمان کات کۆمەڵێک لێکەوتە و دەرهاوێشتەی نامۆ سەر هەڵدەدەن و دەبنە هۆکاری پەیامی توند و بڵاوکردنەوەی رق و کینە و یەکترشکاندن رێڕەوێکی پێچەوانەی ئەو بنەما دروست و گشتیانەی هەزار ساڵە زانایانی کورد بناغەیان بۆ داناوە، کە لەمەدا کوردستان خاڵی نییە و هەندێ جار شڵەژان و ناتەبایی و تەنانەت تەکفیر و تەفسیق و جنێوبازی و ئاست نزمی لەناو بەشێکی موسڵماناندا هەست پێ دەکرێ و لە سۆشیال‌میدیا دەبێتە باسێکی گەرم.
زانایانی کورد هەمیشە ئامانج و پەیامی گرنگ و سەرەکییان ئەوە بووە، کە دینداری لای تاک شیرین و لای کۆمەڵگەش وەک رەحمەت نیشان بدەن، پەیامێک تەژی لە میانڕەوی و رێزلێکنان و یەکترقەبووڵکردن و ئاوێتەکردنی هەستی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری و پارێزگاری لە جوانیەکان و مایەی خێر بۆ گەشەی کیان و شارستانیەت و ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، وەک شێخی مەناوی دەفەرمێت: “ئیسلامی راستەقینە ئەوەیە مرۆڤ بەگشتی هیچ کەس بە کەم نەزانێت و بە کەم سەیریان نەکات” لەژێر رۆشنایی ئەم تێگەیشتنە فراوان و تێڕوانینە مرۆڤدۆستانەیە بووە زانایانی کورد هەمیشە بە مەزنی ئیسلامیان نیشان داوە و، تەسکیان نەکردۆتەوە تەنها لە چەند دروشم و شتێکی شکڵی و تایبەتی و نەریتی، بەڵکو وێنایەکی جوان و زانستی و فراوان بە قەد فراوانی ئایین و جیهانبینی ئایینی نیشان داوە، هەر ئەمەش هۆکار بووە بەدرێژایی ئەو هەزار ساڵە کورد گرفتی ئایینی نەبووە و، پابەندی و پارێزگاریی لە عەقیدە و مەزهەبی خۆی کردووە و رێڕەوەکەی پاراستووە.
کورد وەک گەلێکی موسڵمان کە بەشداری و هاوبەشییەکی دیار و کارای لە بنیاتنانی شارستانیەتی ئیسلامیدا هەبووە؛ لە رووی رێبازی فیقهییەوە بە درێژایی پتر لە دە سەدە پەیڕەوی لە مەزهەبی ئیمامی شافیعی کردووە، تا ئەو ئاستەی لە ئەنجامی ئەم پەیوەندی و پابەندییە، زۆرینەی کورد بەم مەزهەبە نێوبانگی دەرکردووە و، بۆتە رەمزی یەکبوونی کورد و سیمایەکی دیاری کۆمەڵگەی کوردەواری، هەروەها بۆتە سەرچاوە و جێی قەبووڵ و وەرگرتنی بەشێکی زۆر لە گەورە زانایان ئۆمەتی ئیسلامی، لەناو کوردیش رەگ و ریشاڵی مێژوویی و قووڵی هەیە و، سەرچاوەی دنیابینی و هۆکاری یەکڕیزی و یەکگوتاریی میللەت و هەوێنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان بووە.
لەبەر ئەوە لە رووی سەرکردایەتیکردنی میللەت و ئەدەبیات و عیرفان و نووسین و بزاڤی رۆژنامەگەری کوردی و هەڵوێستی نیشتمانی و شۆڕش و بەرخودانەکانیش؛ پیاوی گەورەگەورە لەناو کورددا هەڵکەوتوونە و بوونەتە ئەستێرەی ئاسمانی مێژووی کورد و رێبازی دینداری و خەباتی نەتەوەیی.
بەڵام کاتێ ئیسلام وەک موجامەلە و موجادەلە و فکر و ئەندێشە و لە قاڵبی ئایدۆلۆژیادا عەزر دەکرێ و کێماسی لە شێوازەی گەیاندنی ئیسلام دروست دەبێت، یان شرۆڤە و ئیجتیهاد و بانگەشە و بانگەوازی نامۆ بە واقع و کولتوور و تێگەیشتنی زانستیانەی کورد بۆ دینداری دێتە ئاراوە، یان کەسانێک بێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر پرسی ئایینی و واقعی کۆمەڵگە ئەجێندای دەرەکی هاوردە دەکەن و، دەیانەوێ بە زۆر میللەتی کورد پەلکێشی ستایلێکی جیاوازی دینداری لە واقعی خۆی بکەن و، بەبێ گوێدانە بنەمای دروست و زانستی گەورە زانایانی کورد و هەناوی ئەو میللەتەی چەندین سەدەیە بە ویستی خۆی و بە ئاشتیانە و بێ هەڕەشە و سەپاندن دینداری دەکات، ئەو کات لە جیاتی ئەوەی ئیسلام شیرین بێت لای خەڵک، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکی لە ئیسلام بترسێن و گلەییش لە ئەهلی ئیسلام بکەن.
لەبەر ئەوە ئەو پەیامەی سەرۆکی حکومەت لە بۆنەیەکی وا گرنگ و مێژوویی، ئەرکی زانایان لەم قۆناغەدا قورستر دەکات، بەوەی هەوڵی خۆیان بۆ پاراستنی توراسی زانستی و میراتی گەورە زانایان چڕتر بکەنەوە و، وەک هەمیشە بە مۆرک و تێگەیشتن و جیهانبینی خۆماڵیانە دینداری بڵاو بکەنەوە، بەو پێیەی ئیسلام لەپێناو بەرژەوەندی مرۆڤ و ژیاندۆستی و خۆشبەختی و بڵاوکردنەوەی ئاشتی و تەبایی و گەشە و ئاوەدانی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان هاتووە و سەرچاوەی خۆشەویستی و سۆز و میهرەبانی و لێبوردەییە، ئیدی لە هەرکوێ ئەم تێڕوانینە بڵاو کرایەوە ئەوە ئیسلامی راستەقینەیە و، کار لەپێناو خۆشەویستی دەکات، بەپێچەوانەوە گوتاری توندڕەوی سەر هەڵدەدات و زەمینەی ترس لە تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئیسلام بڵاو دەکاتەوە، میتۆدی یەکەم ئەسڵ و فەسڵی کوردستان بووە و، ئەوەی دووەمیش بەرگێکی نامۆیە بە واقعی گەلەکەمان! لێرەوەیە پێویستیمان بە رێبازە رەسەنەکە دەرەکەوێت چەند زەروورە، ئەگەرنا فکر و ئەجێندای توند و نامۆ بە کۆمەڵگەی ئێمە هیچ دەردێک دەرمان ناکا و، بگرە دەبێتە سەرئێشە و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئایندەی کوردستان.

* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.