رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەت و هەڵبژاردن

میدیا سەلاح عوسمان جاف
بەشداریکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردندا نیشانەی (پێشکەوتن و ئازادی و گەشە)یە لە هەرکۆمەڵگایەکدا و یەکێکە لە بنەما پەیوەندیدارەکان و پەرەپێدانی دیموکراسی ڕاستەقینە، بەشداری ئافرەتان لەم پرۆسەیە واتای هەبوونی دەنگێکی جیاواز و گەیاندنی پەیام بە دەنگێکی بەرز، ئافرەتان لەم پرۆسەیەدا تەنها بەشداری مافێکی سیاسی نیە، بەڵکو مافێکی مرۆێی و کۆمەڵایەتیە کە پەیوەندیان بە مەسەلەی (خێزان، پەروەردە، ژینگە، مافی مرۆڤ)ـەوە؛ ئەوەندە هەستیارن کە ئافرەتان دەتوانن پەیوەندییەکی ڕاستەقینە دروست بکەن لە نێوان کۆمەڵگە و بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردنی نیشتمانی کە داهاتووی خۆیان و کۆمەڵگە فەراهەم بکەن، چەند رێژەی ئافرەت زیاتر بێت هێندە زیاتر داکۆکی لە مافی ئافرەتان دەکرێت و، یاسای بەشودانی کچان بە زۆرینە ناسەپنێرێت بەسەر ئافرەتاندا .
ئافرەت و پیاو پێکەوە ئەو هاوسەنگیە دروست دەکەن لەم پرۆسەیە ئەگەر یەکێکیان لەم پروسەیەدا بەشدار نەبێت یاخود دەرنەکەوێت پرۆسەکە نیوەچڵ و ناتەواو دەبێت؛ ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی حەوت لیست تەنها (6) ئەندامی پەرلەمان، ئافرەت هەبوو بە کۆی هەموو لایەنە سیاسیەکان بەراورد بە ئێستای هەرێمی کوردستان رێژەیەکی زۆر باش لە ئافرەتان بەشداری دەکەن و هەلیان بۆ ڕەخساوە کە لە دامەرزاوە ئیداری و سیاسیەکانیشدا کاریان پێ بدرێت کە ئەمەش دەرفەتێکی گەورە و زێڕینە کە بەرامبەر بە ئافرەتان دەکرێت، بەڵام بەداخەوە لە گەڵ ئەو هەموو گەشەسەندنەی ئافرەتان زۆرجارلە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئەو ژیرییە دەستکردەی ئێستا و کۆمەڵگەیشەوە، بەبێ هۆکار ئافرەتان ڕووبەرووی (ئاستەنگ و ناوزڕاندن) دەکرێن بۆ ناشیرینکردنیان لە پرۆسەکە، گەر سەر بە لایەنێکی سیاسی بێت و نەیاری لایەنەکەی دیکە، تۆمەتی بۆ دروست دەکرێت.
ئافرەتان سروشتێکی جوانیان هەیە هەڵبەت مەبەستم لە جوانی روخسار نیە بەڵکو ئەو سروشتە جوانەیە کە زۆرێک لە ئافرەتان بە کاروکردەوەیان لە نێو کۆمەڵگە جێگای خۆیان کردۆتەوە و لە ئاستی باڵا و دامەزراوە ئیدارییەکاندا کاری باشیان کردووە و، زەمینەشیان بۆ خۆش کراوە کە بەشداری لە پرسە گرنگەکاندا بکەن و بوونی خۆیان بسەلمێنن؛ ئەگەر بمانەوێت ئەو دەرفەتە زیاتر برەخسێنین بۆ ئافرەتان دەبێ کاریگەری ڕاستەقینەیان هەبێت و پشتیوانییان لێ بکرێت و بۆ ئەوەی لە هەموو ئاستەکاندا دەستیان بە بڕیاردان بگات تا بتوانن چالاکانە خزمەتی بە چاو بە کۆمەڵگا بکەن.

ڕۆڵی میدیا و ڕاگەیاندنیش دەبێت بە شێوازێک دەنگی ئافرەت بگەیەنێت کە کۆمەڵگەش هۆشیارانە و دوور لە هەر ناوزڕاندن و پیاوسالاری مامەڵە لەگەڵ ئافرەتان بکرێت؛ ئافرەتان خۆشیان بە شکۆمەندییەوە بڕواننە هاوڕەگەزی خۆیاندا و پشتیوانیان بن لە پرۆسەی هەڵبژاردن بێت یاخود هەر کارێکی سیاسی یان ئیداریدا، با ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوان.