رۆژنامەی ھەولێر

کۆبونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی دیاری هەولێری بەڕێوەچوو

هەولێر…

ئەمشەو شەممە 2025.10.18، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی باج و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبا، شارەوانیەکان، کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانی یەک، لە دیوانی پارێزگا، کۆبونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی دیاری هەولێری بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ڕۆڵ و گرنگی و کاریگەری هەولێرییەکان، لە هەموو کات و سات و هەلومەرج و بارودۆخێکدا کرا، و بەشێک لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خرایە ڕوو و جەخت لە بەردەوامی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییانی شاری هەولێر کرایەوە.
لە تەوەرێکی تردا، باس لە پێکەوە ژیان و تەبایی و خۆشەویستی نێوان پێکهاتەکان کرا، کە هەرێمی کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی لە ناوچەکەدا بۆتە سیمبوڵ و نموونەی پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، ئەو ئارامی و سەقامگیرییە لە هەرێمی کوردستانیش بەرقەرارە، یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان و هەمووان شانازیی پێوە دەکەن.
پاشان لەلایەن ئامادەبووانە بەشێک لە خواست و داواکاری دوکاندار و کاسبکاران و خاوەنی موڵکەکانی شاری هەولێر خرایە ڕوو و گفتوگۆ لە بارەی ڕێگە چارەسەرییەکانی کێشە و گرفتەکان کرا و لەوبارەیەشەوە کۆبوونەوە چەند بڕیارێکی پێویستی وەرگرت.
لەکۆتایشدا، ئامادەبووان زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ ئەو دەرفەتە و ئومێدیان خواست ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانە بەردەوامیان هەبێت.