رۆژنامەی ھەولێر

گەڕێکی تری خولی فوتساڵی کچان کوردستان بەڕێوە دەچێت

ئەمڕۆ گەڕێکی تری خولی نایابی فوتساڵی کچانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، تا ئێستە هەر یەک لە یانەکانی ئافرەتانی هەولێر لە کۆمەڵەی یەکەم و پیرەمەگرون لە کۆمەڵەی دووەم پێشەنگی یانەکانی هەردوو کۆمەڵەکەیان وەرگرتووە، لەم گەڕەدا ٣ یاری ئەنجام دەدرێن، لە گرنگترین یاریش یاری نێوان ئافرەتانی دهۆک و ئافرەتانی هەولێرە، کە یەکەم و دووەمی کۆمەڵەی یەکەمن و یاریەکە لە دهۆک ئەنجامدەدرێت.

گەڕێکی تری یاریەکان ئەنجام دەدرێت
بە ئەنجامدانی ٣ یاری گەڕی پێش کۆتایی خولی نایابی فوتساڵی کچانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، دوکان و پیرەمەگرون کە لە کۆمەڵەی دووەم ڕکەبەری سەرکەوتن بۆ چوارگۆشەی زێڕینیان دەکرد یارییەکانیان کۆتایی پێهاتووە و بە پلەی یەکەم دووەم گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی، لەم گەڕەدا یاری لوتکەی نێوان ئافرتانی دهۆک و ئافرەتانی هەولێر بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئەوەی یانەی ئافرەتانی هەولێر بەجیاوازی ٣ خاڵ لەپێش کچانی دهۆکە و تا ڕادەیەکی زۆر پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی مسۆگەر کردووە، بەڵام بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر ئەستێرە لە ناو هەردوو تیپدا، پێشبینی یاریەکی بەهێز و لوتکەی دەکرێت، لەقۆناغی یەکەمدا یانەی ئافرەتانی هەولێر بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر یاریەکەی بردەوە، کچانی دهۆک چاویان لەوەیە تۆڵەی خۆیان بکەنەوە و بە گڕوتینێکی زیاترەوە خۆیان بۆ قۆناغی دووەم ئامادە بکەن.
دووشەممە/ ٧/١/٢٠٢٢ کاتژمێر ٢:٣٠
ئافرەتانی دهۆک – ئافرەتانی هەولێر/ هۆڵی ئافرەتانی دهۆک
سنور -ڕەواندوز/ هۆڵی سنور
شێخان – گارە/ هۆڵی یانەی شێخان
ڕیزبەندی یانەکانی هەردوو کۆمەڵەکە بەمشێوەیەیە:
کۆمەڵەی یەکەم:
١-ئافرەتانی هەولێر ٢٤خاڵ لە ٨ یاری
٢- ئافرەتانی دهۆک ٢١ خاڵ لە ٨ یاری
٣- شێخان ١٢ خاڵ لە ٨ یاری
٤- ڕەواندوز ٩ خاڵ لە ٨ یاری
٥- سنور ٦خاڵ لە ٨ یاری
٦- گارە سفرخاڵ لە ٨ یاری
کۆمەڵەی دووەم:
١-پیرەمەگرون ٧ خاڵ لە ٣ یاری
٢- دوکان ٤ خاڵ لە ٣ یاری
٣- شێروانە سفر خاڵ لە ٢ یاری
٤- خورماڵ سفر خاڵ لە ٢ یاری
تێبینی: یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم کۆتایی هاتووە و یانەی پیرەمەگرون بە پلەی یەکەم و یانەی دوکان بە پلەی دووەم سەرکەوتوون بۆ چوارگۆشەی زێڕین و بەرانبەر بە یانەکانی ئافرەتانی هەولێر و ئافرەتانی دهۆک یاری دەکەن.
خولی نایابی فوتساڵی کچان ئەم وەرزە بەبەشداری ١٠ یانە بەڕێوەدەچێت کە دابەشکراون بەسەر دوو کۆمەڵەدا، لەقۆناغی یەکەم یارییەکان بەشێوازی چوون و هاتن بەڕێوەدەچێت و دوو یانەی خاوەن پلەکانی یەکەم و دووەمی هەردوو کۆمەڵەکە دەگەنە چوارگۆشەی زێڕن و هەر چوار یانەکە لەچوارگۆشەی زێڕین ڕکەبەری لەسەر پاڵاوان بوونی خولەکە دەکەن.