ئه‌و ئافره‌تانه‌ی پرۆتین به‌كارده‌هێنن ده‌بێت وه‌رزشێكی چڕ ئه‌نجامبده‌ن

ته‌واوكه‌ری خۆراكی(پرۆتین) ناوێكی ئاشنایه‌ به‌ وه‌رزشكاران به‌ گشتی و یاریزانانی له‌شجوانی به‌تایبه‌تی، به‌و پێیه‌ی گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ زیادكردنی توانانی یاریزانان و رێكخستن و ته‌واوكردنی ئه‌و خۆراكانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ به‌ كاری ناهێنن.ته‌واوكه‌ری خۆراكی له‌ پاڵ سوده‌كانیدا ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ زیانه‌كانی بكرێت كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هۆشیارییه‌وه‌ به‌ كارنه‌هێنرێت زیانی زۆر له‌ كه‌سی به‌كارهێنه‌ر ده‌دات.

ئەسما حەمید، ١١ ساڵه‌ یاریزانی یاری لەشجوانییه‌، ماوەی چوار ساڵە پرۆتین وەک تەواوکەری خۆراک به‌كارده‌هێنێت، ئه‌و له‌باره‌ی به‌كارهێنانییه‌وه‌ ده‌ڵێت: “لەژێر چاودێری راھێنەرێکی پێشکەوتو و بەپێی شارەزایی خۆشم پرۆتین بەکاردەھێنم، دەبێت بزانیت چۆن و کامە بەکاردەھێنیت”.
ئەسما، وتیشی: تائەم ساتە ھیچ زیانێکی جەستەی به‌ من نه‌گه‌یاندوه‌ و له‌كاتی به‌كارهێنانیدا ئاو زۆر ده‌خۆمه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانم پێویستی به‌ ئاو خواردنه‌وه‌یه‌، بۆ ھەر یاریزانێكیش پرۆتین پێشنیار بکەم ئەوە پرسی دکتۆر دەکەم.
به‌شێكی زۆری وه‌رزشكاران ته‌واوكه‌ری خۆراكی به‌كارناهێنن و باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان وه‌رزش بۆ ته‌ندروستی جه‌سته‌یان ده‌كه‌ن بۆیه‌ پێویستیان پێی نابێت.
شەیما حسێن، کچە یاریزانێکی لەشجوانیە لەقەزای کەلار و ماوەی سێ ساڵە یاری لەشجوانی دەکات وتی: من پرۆتین و ماده‌ی وزەبەخش بەکارناھێنم، چونكە من وەرزش بۆ تەندروستی دەکەم و ئەو مادانەش بۆ جەستە تەندروست نین.
ئه‌و رێگایه‌كی دیكه‌ وه‌ك جێگره‌وه‌ی پرۆتین به‌كارده‌هێنێت كه‌ ئه‌ویش خواردنی خورما و مۆز و شیره‌ و په‌تاته‌یه‌، ده‌ڵێت: به‌و خواردنانه‌ پرۆتینێكی ته‌ندروست ده‌ست ده‌خه‌م بەو رێچکە خۆراکیە زۆر سودمەندبوم و گەشتوم بەو ئاستەی دەمەوێت.
شێوازی یاریكردن و كاته‌كانی یاریكردن رۆڵی له‌ به‌كارهێنانی ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكیه‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ وته‌ی راهێنه‌رێكی له‌شجوانیه‌.
ئیمان ئه‌كبه‌ر، راھێنەری ھۆڵی لەشجوانی ئافرەتانه‌ و ھەڵگری بڕوانامەی (c.b.a) تایبه‌ت بە بەکارھێنانی پرۆتین و مادەی وزەبەخش راگه‌یاند: گه‌ر كه‌سێك خواستی ئه‌وه‌ی هه‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ببێت به‌خاوه‌ن له‌شێكی ته‌ندروست، روژانه‌ به‌تێكڕای (٣٠بو٤٠) خوله‌ك له‌روژێكدا و سێ روژ له‌هه‌فته‌یه‌كدا وەرزشبکات ئه‌وا ده‌توانیت ته‌نها به‌خواردنی سروشتی و ئه‌و خواردنانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ له‌ماڵه‌كاندا ده‌خورێت و پرۆتینی سروشتیان تێدایه‌ بڕی پێویستی له‌ش له‌پرۆتین به‌ده‌ست بێنیت”.
له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی کێ پێویستی به‌ به‌كارھێنانی پرۆتینە ئیمان، وتی: گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت كێشی سه‌ربخات و ماسولكه‌ به‌ده‌ست بهێنێت ده‌توانیت سودمه‌ندبیت له‌ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكیه‌كان.
ئه‌وه‌ی باسی زیانی ده‌كرێت هۆرمۆن و وزه‌به‌خشه‌كانه‌”. ئیمان ئه‌كبه‌ر واده‌ڵێت.
پسپۆڕێكی بواری خۆراك باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ خواردنی پرۆتین له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیكه‌ ده‌گۆڕێت.
دیار محەمەد، ھەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەزانستی خۆراکی و فیسۆلۆجی وتی :خواردنی پرۆتین لەکەسێکەوە بۆکەسێکی تر دەگۆرێت، دەبێت بە رێژەیەکی دیاریکراو بخورێت.
پسپۆڕەکەی بواری خۆراك چەند خاڵێک دیاری دەکات کەدەبێت رەچاو بکرێت لەلایەن ھەر کەسێکەوە بۆ چۆنیه‌تی بەکارھێنانی پرۆتین، ئه‌وانیش: رەگەز و قەبارەی لەش و تەمەن و نەخۆشییه‌.
بەپێی پەیمانگەی پزیشکی The Institute of Medicine مرۆڤ پێویستە بەلایەنی کەمەوە 10٪ کالۆری رۆژانەی لە پرۆتینەوە بەدەست بهێنیت و زیاتریش نەبێت لە 35٪.
دیار محه‌مه‌د، له‌باره‌ی سوده‌كانی پرۆتینه‌وه‌ جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌: سودی ده‌بێت بۆ دروستكردنی ماسولكه‌ و یارمه‌تی دابه‌زینی كێشی له‌ش ده‌دات.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چ كه‌سێك پێویستی به‌وه‌یه‌ رۆژانه‌ پرۆتین به‌كاربهێنێت پسپۆڕه‌كه‌ی بواری خۆراك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: كه‌سێك كه‌ وه‌رزشكار نه‌بێت پێویست ناكا ته‌واوكه‌ری خۆراكی به‌كاربهێنێت بۆ ژانی رۆژانه‌ی و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش كه‌ به‌كاری ده‌هێنن ده‌بێت له‌ژێر چاودێری پسپۆڕێكی خۆراكیدا به‌كاری بهێنن و مه‌به‌ستی به‌كارهێنانه‌كه‌ی دیاری كراوبێت.
ده‌شڵێت: ئەگەر یاریزان تەواوکەری خۆراکی بەکارنەھێنا پێویستە پەیڕەوی پرۆگرامێکی زۆرباشی خۆراکی بکات كه‌ لە ژێر چاودێری پسپۆڕێکی خۆراک بۆی دانرابێت لەگەڵ بەرنامەیەکی باشی وەرزش کردن و نوستن، دەبێت بزانرێت ئەو یاریزانە پێویستی بەچەند گرام پرۆتینە.

ھەواڵی زیاتر