رۆژنامەی ھەولێر

سەوزەڵانکردنی هەولێر بەردەوامە خەریکە پێنج پارکی نوێی بۆ دروست دەکرێت

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

یەکیک لە کارە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخدانی بووە بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ناو شار و دەوروبەری شارەکان.

لە شاری هەولێریش لە رێگەی چەندین پڕۆژەی جیاجیای سەوزكردنەوە، بەردەوام هەوڵ دراوە ئاستی پاكیی ژینگەكەی و رێژەی سەوزایی شار بەرز بکاتەوە و بیگەیەنێتە ئاستی ستانداردی جیهانی. هەربۆیەش پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی پارکەکان و دروستکردنی پارکی نوێ وا بەردەوامە و هەر رۆژە و لە جێیەک بەردی بناغەی پارکێکی نوێ دادەنرێت لەپێناو ژینگەیەکی سەوزتز و خاوێنتر.
زۆرن ئەو هەنگاوانەی کە لە کابینەی نۆیەمدا لەپێناو سەوزکردنی ژینگە نراون بەڵام گرنگترین و دیارترینیان پڕۆژەی پشتێنەی سەوزەڵانی شاری هەولێرە کە پڕۆژەیەکی ستراتیجی و گرنگی شارەکەیە و بە شێوەیەکی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسوڕێتەوە، لە دیوی دەرەوەی شەقامی ١٥٠مەترییەوە دەستپێدەکات، پانییەکەی پشتێنەکە ٢ کیلۆمەترە و بە چواردەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە و بە ملیۆنان دار زەیتوون و فستقی لێ دەچێندرێت، هەروەها ١٠ پۆندی گلدانەوەی ئاویش بۆ ئاودانی پڕۆژەکە لەخۆ دەگرێت.
ماستەرپلانی پرۆژەی پشتێنەی سەوز لە کابینەی نۆیەم داندراوە و قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە دەستی پێکردووە کە پڕۆژەیەکی دوور مەودایە ئامانج لە پرۆژەکە جگە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگە و بەرگرتن لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە کە بۆ پرۆژەی ناکشتوکاڵی وەک وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بەکار نه‌یه‌ت.
جگە لە تەواوی پڕۆژەکانی نوێکردنەوە و بنیادنانی پارکی نوێ بەم دواییانە بریار لە سەر دروستکردنی پێنج پارکی گەورە لە ناوەندی شاری هەولێر دراوە و بڕیاریشە زیاتر لە ٤٠ هەزار داری جیاواز بچێندرێت تا ڕێژەی سەوزایی و دار و باخچەکان زیاتر بێت.
لە ناوەندی شاری ھەولێر لە سەر ڕووبەری ٢٠٠ دۆنم زەوی دەست کراوە بە دروستکردنی پێنج پارکی گەورە، کە تێیدا ٤٠ھەزار دار دەچێندرێت و ئەمساڵیش هەر پێنج پارکەکە تەواو دەکرێت، ئەوانیش بریتین لە:-
١- دروستکردنی پارکێک لە نزیک شەقامی ١٢٠ مەتری، لەسەر ڕووبەری ٨٠ دۆنم زەویی و نزیکەی ٨ھەزار داری لێ دەچێندرێت، لەئێستادا نزیکەی لە ٧٠٪ی کارەکانی تەواو بووە.
٢- دروستکردنی پارکی ڕەشکین لەسەر ڕووبەری ٤٧ دۆنم زەویی و ١٦ھەزار داری لێ دەچێندرێت و، هەتا ئێستا ٥٠٪ی کارەکانی تەواو بووە.
٣- دروستکردنی پارکی گەڕەکی نازدار لە سەر ڕووبەری ٤دۆنم زەویی و ٦ھەزار داری لێ دەچێندرێت و ٨٠٪ کارەکانی تەواو بووە.
٤- دروستکردنی پارکی گەڕەکی ژیان لەسەر ڕووبەری ٧ دۆنم زەویی کە ٥ھەزار داری لێ دەچێندرێت، کە ئەویش ٧٠٪ی کارەکانی تەواو بووە.
٥- پارکی یەکتربڕی شەقامی ١٥٠مەتری کە ڕووبەرەکەی ٦٠دۆنمە و کارکردن تیایدا بەردەوامە.
جێی باسە، شاری ھەولێر ٢٦ پارکی گەورە و ٢٠٤ باخچەی بچووک و ٢٠٩ دارستان و ١٦٣ دوورگەی ناوەندی و ١٠٩ نافوورەی لێ هەیە.