رۆژنامەی ھەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان لە شۆڕشەوە بۆ دەوڵەت

د. خالیدە خەلیل
لە سەردەمێکدا ئازادی خەونێکی دوور مەودابوو، نیشتمان وەک بیرۆکەیەکی یاخیبوو لەنێوان ئاوارەیی و داوێنی چیاکاندا قەتیس بووبوو، پارتی دیموکراتی کوردستان ئاڵای سەربەرزیی هەڵکرد، چەکی بەرگریی لە شان کرد، نەک بۆ هەوەسی شەڕ، بەڵکوو بۆ پاراستنی بوون و کیانی. لە سۆنگەی باوەڕیەوە، کە پێیوایە کورد بۆ ئەوە دروستبوون لەژێر خۆری ئازادیدا بدرەوشێنەوە، نەک لە تاریکیدا پەراوێز بخرێن و لەبیر بچنەوە.
چیا تەنیا پەناگە نەبوو، بەڵکوو مینبەرێک بوو بۆ ئازادی، پەناگەیک بوو بۆ کەرامەت، قوتابخانەیەک بوو، پێش ئەوەی فێری چەک هەڵگرتنمان بکات، فێری خۆڕاگری و گیانفیدایی دەکردین. ئەو کەسەی بۆ پاراستنی کەرامەتی بڕواتە سەر لووتکەی چیاکان، چۆن دەتوانێت لەبەردەم کەسێکی تردا سەری دانەوێنێت جگە لە خوا ؟ لەو بەرزاییانەدا، لەنێوان بەردەڵانی بێدەنگ و نەسیمی حەزیندا، ورە و خۆڕاگری دەبوو بە یەک و خەونی گەورە لە دڵی تەنیاییەوە سەری دەردەهێنا. ئەو شوێنە بوو بە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی عەگیدان و شۆرەسواران، بە وێنەی درەختە بەرز و ڕەسەنەکان، فێری دەکردن ئازادی تەنیا بە خوێن و ئارەق دەستەبەر دەکرێت.
لە بۆتەی ئەو لووتکە بەرزانەوە تۆویی شۆڕش چەکەرەی کرد، چیرۆکی نەتەوەیەک گێڕدرایەوە، کە سەرەڕای کۆمەڵکوژییەکان نەچەماوەتەوە، سەرەڕای ستەم کپ نەکراوە. شۆڕش ، دەنگی چەوساوەکان بوو، بۆیە نە زریانی ڕژێمەکان، نە گڕی جەنگەکان نەیانتوانی بیخنکێنن.
دواتر گۆڕانکارییە گەورەکە هات، کاتێک ئیرادەی خەبات لە مەیدانەوە گوازرایەوە بۆ بیناکان، لە تفەنگەوە بۆ قەڵەم، لە خەباتی مانەوەوە بۆ هەوڵدان و بونیاتنانی ژیانێکی ئارام لەژێر سایەی دادپەروەری و یاسادا. ڕاستییەکەی ئەوە پاشەکشە نەبوو لە شۆڕش، بەڵکو پێگەیشتنی بوو، کاتێک حیزبەکە درکی بەوە کرد کە بەرگریکردن لە نیشتمان ڕەنگە هەندێک جار بە واژۆیەکی پاک و بێگەرد بێت و کەمتر نەبێت لە شەرەفی شاخ.
هەڵاتنی خۆری ساڵی ١٩٩١ بووە سپێدەی گۆڕانکاری. لەو ڕۆژەدا سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەی جەماوەریی کۆیەدا ڕایگەیاند خەباتی چەکداری پەیامەکەی خۆی گەیاندووە، کاتی خەباتی ئاشتییانەیە، کاتی دامەزراندنی دەزگاکان و چەسپاندنی یاسایە. پەرلەمان سەری هەڵدا تاکو ببێتە دەنگی گەل و ئیرادەی ئازادی..
سەرەڕای سەختیی ساڵانی نەوەدەکان، کاتێک زەوی لەژێر فشاری گەمارۆکاندا دەخنکا، ئاسمان بە برسێتی و ترس و گوشارە سیاسییە خنکێنەرەکان دڵەکانی تەنیبوو، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە وەستابوو، وەک چیاکان سەربەرز بوو، کە ڕۆژێک لە ئامێزیان گرتبوو. سەلماندی ئەوەی لەبەردەم تانکەکاندا خۆی ڕاگرتبێت، قەیرانەکان ناتوانن بیهەژێنن، ئەوەی مانای سەقامگیری لە لووتکەی چیاکاندا زانیبێت، دەزانێت چۆن ژیان لە شار و دەشتدا بباتەسەر.
سەنگەرەکان بوون بە مەکۆیەک گیانی شۆڕشی تێدا دەزرنگایەوە، پێشمەرگە بوو بە کارگێڕێک کە سەختیی بەردی لە دڵدا هەڵگرتبوو، خەونی دەوڵەتی لە مێشکیدا بوو.
بەو شێوەیە دامەزراوەکانی هەرێم لەناو خەباتدا لەدایکبوون، نەک لە ڕێکەوتە سیاسییەکان، شۆڕش کاتێک لە توڕەیی پاک دەبێتەوە، دەبێتە پڕۆژەیەک بۆ ژیان، باوەڕبوون بە دۆزەکە دەتوانێت نیشتمانێک بنیات بنێت هەروەک چۆن سپێدە، ڕۆژێکی جوان و پرشنگدار دوای شەوێکی درێژ بنیات دەنێت.
لە دڵی ئەم گۆڕانکارییەدا، دانایی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕەنگی دایەوە، پردێک بوو لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی، لەنێوان چیا و پایتەخت، لەنێوان تفەنگێک پارێزگاری دەکات و یاسایەک مافەکان دەسەلمێنێت.
فێری نەوەکانی کرد، کە شۆڕش نامرێت کاتێک تفەنگەکان بێدەنگ دەبن، بەڵکو کاتێک ئەو بەهایانەی لە پێناویدا هەڵگیرساوە فەرامۆش دەکرێن، دەمرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان سەلماندی پێداگری لەسەر بنەماکان بە واتای وەستان لە هەمان شوێن نایەت، بەڵکو مانەوەیە لەسەر ئاراستە، با بایەکان بگۆڕدرێن و گۆڕانکاری لە ئامرازەکاندا هەبێت ئەمە بە واتای دەستبەرداربوون نییە، بەڵکو هۆشیاری قۆناغەکان و گەشەکردنی ڕوانینە.
لەو رۆحیەتەی لە چیاکاندا لەدایکبوو، کاروانی بارزانییەکان بە هەنگاوی باوەڕ بەخۆبوونەوە ڕۆیشت، لە شۆڕش بە بەرد و چیا خۆی دەپاراست، بۆ دروستکردنی کیانێک دامەزراوەکان بە عەقڵ و حیکمەت بەڕێوە ببات، لە خەونی دەوڵەت، کە لە ویژداندا دەشەکایەوە، بۆ ئەو ڕۆژەی سەرۆک مەسعود بارزانی سووربوو لەسەر مافی کورد و کوردستان لە ڕیفراندۆمدا، لەسەر ئەوەی دەبێ خۆیان چارەنووسی خۆیان لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو بنووسن.
چیرۆکی ئەم گەلە گەڕان نەبوو بەدوای شکۆمەندییەکی کاتی، بەڵکو بەدوای مافێکی نەمر بوو بۆ ژیان و ئازادی، بەدوای نیشتمانێکدا بەر لە مەرەکەب بە ئارەق نووسراوە، بۆیە دەبێ بە ئیخلاس و دڵسۆزی پارێزگاریی لێ بکرێت بەر لە چەک.