پێناچێت کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بگاتە ڕێژەی یاسایی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەپێی ئەو کاتەی پێشتر دەستنیشان کرابوو ئەمڕۆ دووشەممە، حەوتی شوبات پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت. پێشبینی دەکرێ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئەگەری نەگەیشتن بە رێژەی یاسایی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران نەکرێت. نوێنەرێکی پەرلەمان عێراق پێی باشە کورد لەسەر یەک کاندید رێک بکەوێت و پێشی وایە زەحمەتە کۆبوونەوەی ئەمڕۆکە بگاتە رێژەی یاسایی.

بەپێی دەستووری عێراق لەماوەی ٣٠ رۆژی دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی، دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. لە نۆی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا و هەر چەندە هەندێک لایەن بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە نەکرد بەڵام دستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا و زیاتر لە دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنەکە بوون.
لە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەرچەندە هەندێک لایەن سکاڵایان لە دژی تۆمار کرد و ماوەیەک ناکۆکی سیاسی بەدواوە بوو بەڵام دواجار دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆبوونەوەکەی پەسند کرد و سکاڵای لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەت کردەوە. پێنجشەمی رابردووش دادگاکە سکاڵایەکی تری چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەت کردەوە کە پێوەندیدار بوو بە راسپاردنی فراکسیۆنی زۆرینە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق. دەرەنجامەکە ئەوە بوو هەر کەسێک ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق ئەوا دەبێت فراکسیۆنی زۆرینە بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپێرێت.
رۆژی شەممە پێنجی شوبات حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا باسی لەوە کرد لەسەر فەرمانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، سەرجەم دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنەکان رادەگرن و بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە حەوتی مانگدا ناکەن.
بەو پێیە ئەوەی بە فەرمی راگەیەنراوە تا ئێستا رەوتی سەدر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بەشداری ناکەن و هێشتا بە تەواوی دیار نییە کام لایەنی تر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بەشداری ناکەن، ئەگەر ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی بەغدا کۆ دەبنەوە کەمتر لە ٢٢٠ کورسی بێت ئەوا کۆبوونەوەکە ناکرێت.
تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی فەرمی لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردنی نەبووە و هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بەشداری نەکات.
دکتور جەمال کۆچەر نوێنەری پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژنامەی هەولێر باسی لەوە کرد ئەگەر تەنیا پەرلەمانتارەکانی سەدر بەشداری کۆبوونەوەکە نەبن و لایەنەکانی تر بەشداری بکەن ئەوا پەرلەمان دەتوانێت ژمارەی پێویست بۆ کۆبوونەوەکە بەدەست بهێنێت بەڵام بەهۆی ئەو پێشهاتە نوێیانە و ئەگەری بەشدارینەکردنی لایەنی تر لە کۆبوونەوەکە، زەحمەتە پەرلەمان بتوانێت کۆ ببێتەوە، چونکە ژمارەی پێویست یان دو لەسەر سێی پەرلەمان کۆ ناکرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی دروستبوونی بۆشایی یاسایی باسی لەوە کرد ئەگەر ئەمڕۆکەش پەرلەمان نەتوانێت کۆ ببێتەوە ئەوا پەرلەمانی عێراق دواجار هەر دەبێت کۆ ببێتەوە و سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، چونکە دامەزراندنی حکوومەتیش بەو پڕۆسەیەوە گرێ دراوە.
جێی باسە تا ئەم ساتە لە لایەن هێزە سەرەکییەکانی کوردستان هاودەنگی بۆ دەستنیشانکردنی یەک پاڵێوراو لە ئارادا نییە. دکتور جەمال کۆچەر پێی وایە وا باشترە یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی کوردستان هاودەنگ ببن و لەسەر یەک کاندید ساغ ببنەوە.
ئەگەر سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت ئەوا لە ماوەی ١٥ رۆژدا دەبێت پاڵێوراوی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ دامەزراندنی حکوومەت راسپێرێت و لە دوای راسپادنی هەر کاندیدێکیش بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەوا دەبێ لە ماوەی یەک مانگدا ناوی ئەندامانی کابینەکەی رادەستی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی متمانەیان پێ بدرێت.

ھەواڵی زیاتر