رۆژنامەی ھەولێر

پاراستنی هیوا

یونس محەمەد
لە عێراقی شێواودا دەنگدان بڕیارێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بەیعەتێکی بە کۆمەڵە بە پاڵنەری ئایینی و خێڵەکی، هەڵبەت چەمکی هاووڵاتیبوون هێشتا پێکنەهاتووە.
هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جیاوازی هەیە. ئەم جیاوازییە تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەت و روانگای پارتی دیموکراتی کوردستان. پارتی بە درووستکردنی دامەزراوەکانی حوکمرانی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگای رێکخستووە.
جیاوازیی بەرچاوی ژینگەی سیاسیی کوردستان، گوتارە سیاسیی و کولتووری و مەدەنییەکەیەتی، بە گشتی، ئازادی، مافی تاک، گەشەپێدان، نەک ڕوانگا و مەیلی تایفیەت.
دامەزراوە پەروەردەییەكان ژینگەی پرسیار و ڕەخنەیان ڕەخساندووە، لاوان لە هۆشیاری و بە ژیرییەوە بەشداریی پرۆسە دەنگدان دەکەن نەک لە ترس و گوێڕایەڵی.
لە سایەی ئەزموونی پارتیدا، ئازادیی سیاسی و هاووڵاتیبوون لە کوردستان بەرز و بەرجەستەن، کۆمەڵگایەکی شارستانی و خوێندەوار و دامەزراوە سەربەخۆکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کولتووری و ئابووری و کەرتی تایبەتی، دەرفەتی ڕاستەقینەیان بۆ ئازادی و گەشەی مەعریفی تاك ڕەخساندووە و دیموکراسی ڕاستەقینەی فراوانتر کردووە.
هێشتا ڕێگاکە تەواو نەبووە و مەترسیی پاوانخوازی لە لایەن کاربەدەستانی بەغدا لە ڕێگەی کۆنترۆڵی ئابووری و سیاسییەوە هەیە. بەڵام پارتی نە تەنیا بەرگری لەم دەستکەوتەی کوردستان دەکات، بگرە دەیەوێت ئەم مۆدێلەی دیموکراسییەت عێراقیش بگرێتەوە.
پارتی لە چوارچێوەی ئەزموونی کوردستانەوە سەلماندوویەتی لە بازنەی عێراقی داخراویشدا هێشتا دەرفەت ماوە و دەکرێ فەزای ئازادیی سیاسی و مەدەنی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی دابین بکرێت. لە سۆنگەی ئەو تێڕوانینەوە دەکرێ دەوڵەتی مەدەنی و هاووڵاتی باشتر قایم بکرێت کە ئەوە تاکە رێگای ڕاستە بۆ عێراقییەکان بە گشتی.