عەمەر ئەرگوشی
لە جیاتی ئەوەی هەندێک کەس و لایەن خەریکی خزمەتکردنی گەل و وڵات بن و خەمێک لەو نیشتمانە بخۆن، کە لە هەموو لایەکەوە هێرشی دەکرێتە سەر و زوڵم و زۆری لێدەکرێت، هێشتا هەر خەریکی دژایەتیکردنی پارتین و سوود لە ڕابردوو وەرناگرن و بە خەیاڵی خۆیان پارتی و هەرێم لەناو دەبەن.
جەنابی سەرۆک بارزانی لە دۆخێکی هەستیاردا بە هێمنی ئامۆژگارییان دەکات کە واز لە دژایەتیکردنی پارتی و هەرێم بێنن، چونکە ئەم کارە بەوان ئەنجام نادرێت و پارتی دارێکی ئەوەندە نەوی نییە دەستیان پێی بگات. واتە ئەوانەی ئاسنی سارد دەکوتنەوە و هەموو هەوڵێکیان پیلانگێڕی و فیتنە نانەوەیە، با واز لەم پیشەیە بێنن و خەریکی ئاوەدانی و خزمەتکردن بن بە گەل و وڵات و لەجیاتی شەڕ و ئاژاوە با خەریکی برایەتی و تەبایی و یەکڕیزی بن.
یان ئەو لایەنانەی کە هێز و توانای خۆیان بە فیرۆ دەدەن لە دژایەتیکردنی پارتی، با ئەو هێز و توانایەیان لە بەهێزکردنی دیموکراسیەتی عێراق و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی پێشکەوتووتردا بخەنە گەڕ.
با خەمێک لە جێبەجێکردنی دەستوور و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بخۆن. سەرۆک بارزانی لە پێگەیەکی بەهێزەوە و لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە ئامۆژگارییان دەکات کە هەوڵی نەهێشتنی پارتی نەدەن و کاتی خۆیان و هێزی خۆیان بە فیرۆ نەدەن، چونکە ئەم کارە بەوان ناکرێت، لە دڵسۆزییەوە بۆ گەلانی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان تەنیا داوای جێبەجێکردنی دەستوور دەکات و پاراستنی ئەو مافانەی گەلی کوردستان کە لە دەستووردا هاتوون.
لە کاتێکدا کە پارتی سوورە لەسەر ئەوەی عێراق بە شێوەیەکی برایانە لەسەر بنچینەکانی کاری هاوبەش بەڕێوە ببردرێت و بەپێی تەوازن و تەوافق و بەشداری ڕاستەقینە دەسەڵات باڵادەست بێت.
دیارە هەندێ لایەن هەن حساب بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەت و پەرلەمانەکەی ناکەن و لە بری ئەوەی ڕێز لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم بگرن و بە دەستکەوتی شەرعی و دەستووری خەڵکی کوردستان بیزانن، هەوڵی دۆژمنایەتی و نەهێشتنی دەدەن و هەرکاتێک نزیکی وادەی هەڵبژاردنەکان دەبین وەک جەنابی سەرۆک ئاماژەی پێ دەکات دەست دەکەن بە پیلانگێڕی.
تێکڕای گەلی کوردستان دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ دەنگی زوڵاڵی سەرۆک بارزانی و داوا لە هەموو لایەنە کوردی و عەرەبییەکان دەکەن، لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلانی عێراق و لە پێناو برایەتی و یەکڕیزی دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر و خۆیان لە پیلانگێڕی و توندوتیژی لابدەن و هەوڵ بدەن لەو هەڵبژاردنەی داهاتوودا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دڵسۆزانە بەشداری چالاک بکەن و عێراق بکەنە نموونەی دیموکراسیەت و پێکەوەژیان.

