هونەرمەند شوان قەرەداغی: كار لەسەر هەموو ستایلێکی هونەری دەكەم

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەند شوان قەرەداغی رایدەگەیەنێت، بۆ توانا و دەنگی خۆی و رازیكردنی جەماوەریش لەسەر هەموو ستایلەكان گۆرانی دەڵێت، هەروەها گلەیی لە سەرمایەدارانیش دەكات كە سپۆنسەری كاری هونەریی جددی ناكەن.

هەفتەی رابردوو هونەرمەند شوان قەرەداغی نوێترین بەرهەمی بە ناوی (ماڵئاوایی) بڵاو كردەوە كە بەرهەمێكی خاوە، لەو بارەیەوە شوان قەرەداغی بە (هەولێر)ی راگەیاند، هەڵبژاردنی ستایڵی ئەم بەرهەمە نوێیەی بۆ ئەوەیە كە دەیەوێت گۆڕانكاری لە كارەكانیدا بكات، بۆ نموونە هەندێجار گۆرانی بە ریتمی تازە دەڵێت یان فۆلكلۆر نوێ دەكاتەوە یان گۆرانی خێرا یان سوننەتی.
قەرەداغی روونی كردەوە، گۆڕانكاری لە بەرهەمەكانیدا بۆ ئەوەیە تا كارەكانی لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا نەبێت، ئەوەش هەم بۆ گۆڕانكای لە ئەدا و دەنگی خۆی، هەمیش بۆ گوێگران، چونكە گوێگران جیاوازییان هەیە و هەریەكە و حەزی لە ستایلێكە.

سەبارەت بەوەی گۆڕانكاری لە ستایلەكاندا نابێتە هۆی بەر بڵاوی لە كارەكانیدا، چونكە هونەرمەندانی گۆرانیبێژ زۆربەی كات ستایڵێك بۆ خۆیان دیاری دەكەن، لەو رووەوە شوان وتی زۆرجار گۆرانیبێژمان هەیە راستە لە یەك ستایلدا وەستاوە، بەڵام لەوە زیاتر ناتوانێت گۆرانی بڵێت، گۆرانیبێژ هەیە تەنها گۆرانی خاو دەڵێت و ناتوانێت گۆرانی خێرا بڵێت، چونكە توانای دەنگ و ئەزموونی نییە، بەڵام ئەم شێوازەی من دەبێتە ئەزمونێك بۆم تا بتوانم لەهەموو ستایڵەكان گۆرانی بڵێم.
دەربارەی ئەوەش كە ئایا گۆرانی وتن لەسەر ستایڵی جیاواز قورس نییە، شوان روونیكردەوە، ئەسڵەن دەبێت هونەرمەند لەسەر هەموو ستایڵەكان گۆرانی بڵێت بۆ ئەوەی توانا و ئیمكانیەتی دەنگی خۆی بزانێت، چونكە ئەوە توانایەكی گەورەی دەوێت و بە هەموو هونەرمەندێك ناكرێت.
هەرچەندە ئەم هونەرمەندە لەسەر هەموو شێوازەكان گۆرانی دەڵێت، بەڵام وەك حەزی خۆی زیاتر پێی خۆشە لەسەر دوو ستایل كار بكات و وتی وەك خۆم ستایڵەكانی سووننەتی و فۆلكلۆرم پێخۆشە، چونكە لە رۆحی خۆمەوە نزیكن و عاشقیانم، خەڵكیش بەو جۆرە ناسیویانم و هەست دەكەم دەنگم زیاتر لەو دوو ستایڵەدا دەدۆزمەوە لەڕووی دەنگ و رۆحیەتەوە، بەڵام ستایڵەكانی دیكەشم بەلاوە باشە، چونكە ئەگەر بمزانیایە ناتوانم ئەدایان بكەم نەمدەوتن.
دەربارەی ئەوەش كە ئایا خەڵك كام ستایڵەیانی بە دڵە، قەرەداغی وتی خەڵك جۆراوجۆرن بۆ نمونە كاتێك بەرهەمێكی فۆلكلۆر زیندوو دەكەینەوە خەڵك دەڵێن بۆچی بەرهەمێكی نوێ ناڵێیت، كاتێكیش بەرهەمێك لەسەر ستایڵی نوێ دەڵێی دەڵێن بۆچی سووننەتی ناڵێیت، بۆیە رای خەڵك جیاوازن و خەڵك پەرۆشە كاری نوێت هەبێت، بەلایەوە گرنگ نییە لەسەر چ ستایڵێكە.
شوان قەرەداغی وەك زۆربەی هونەرمەندانی دیكە نیگەرانە لە نەبوونی سپۆنسەر بۆبەرهەمەكانی و وتی ئێستا سپۆنسەر بۆ كاری هونەری زۆر قورس بووە، دوو ساڵە هەوڵم داوە بۆ ئەوەی سپۆنسەر بۆ گۆرانی ماڵئاوایی پەیدا بكەم، بەداخەوە دەست نەكەوت تا هاوڕێیەكم سپۆنسەری كردم، بەداخەوە سەرمایەدار هەیە خۆیان بە پەرۆشی كاری هونەر دادەنێن، بەڵام بەداخەوە بۆ كاری جددی هونەری سپۆنسەر نییە.

ھەواڵی زیاتر