ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی پێدانی خەڵات دۆزینەوەی توانای شاراوە و دەنگی ونبووە. هەر خەڵات بەخشینەوەیەک ئەو توانایەی نەبوو، ئەوە بەشێک لە پەیامە سەرەکییەکانی لایداوە. بەخشینەوەی خەڵات دوو جۆرە، جۆری یەکەم ئەو کەس، لایەن، ئینیستووت، ڕێکخراو، لایەکی دیکە دەیبەخشن تا سوود لە ناوی کەسی (خەڵاتکراو) وەربگرن و خۆیانی پێ بەناوبانگ بکەن و وەکو کارێکی گەورە پیشانی بدەن. جۆری دووەم لایەنی خەڵاتبەخشەر خۆی خاوەنی هێزێکی مەعنەوەی و فیکریی گەورەیە و بەدوای ئەو دەنگ و ڕەنگە ونبوانەدا دەگەڕێت تا بیاندۆزێتەوە و خەڵاتیان بکات و سەنگی خۆی لەگەڵیاندا بەش بکات.
بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ لە هەفتەی ڕابردوودا بە نووسەری هەنگاری “لاسلۆ کراسناهۆرنای” یەکێک بوو لە هەواڵە سەرسامهێنەرەکان بۆ چاوەڕوانانی خەڵاتی نۆبڵ و زۆرێک لە نووسەران و خوێنەران، چونکە چاوەڕوانی ئەوە نەبوون دەنگێکی پەراوێز و کەمناسراو لە هەموو جیهاندا ئەو خەڵاتە بباتەوە. بەڵکو نووسەران و خوێنەران چاوەڕوانی بەربژێرەکانی دیکەبوون ئەو خەڵاتە وەربگرێت بەتایبەتی نووسەرە دیارەکانی چەشنی “هاروکی مۆراکامی، ئەدۆنیس” و زۆری دیکە، بەڵام ئەمساڵیش نووسەرێکی پەراوێزی و نەناسراوێک ئەو خەڵاتەی وەرگرت؟ بەڵام دەشێت لێرەدا بپرسین لیژنەی نۆبڵ ئەمە بۆ دەکەن؟ ئایا ئەمە بە بەرنامەیە؟ یان چی دیکە؟
ئەگەرچی چەند ساڵێکە لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات خوێنەران و نووسەران تووڕە دەکات بە پێدانی خەڵاتەکە بە بەربژێری (لاواز، یان ناشایستە) هەڵبەت ئەمە بە قسەی خوێنەران و نووسەران، بەڵام هەست بەوە دەکرێت، کە خەڵاتی نۆبڵ لەم ساڵانەدا کەمتر بەدوای ئەو نووسەرانەوە بێت، کە بەناوبانگن، بەڵکو زیاتر ئاوڕ لەو نووسەرانە دەداتەوە، کە بە هەستێکی بەرزی ئینسانی و دوور لە ئایدۆلۆژیا و ئاینێکی دیاریکراو دەنووسن، یان بەگشتی بۆ مرۆڤایەتی دەنووسن، نەک مرۆڤێکی دیاریکراو. واتە لیژنەکە ئەمانە دەکەنە پێوەر. ئەگەرچی دیسانیش هەر لەژێر گومان و پرسیاردان، بەڵام بە وردبوونەوە لەو ناوانەی لەم دە ساڵەدا خەڵاتەکەیان وەرگرتووە هەست بەوە دەکەین، کە زیاتر دەیانەوێت خەڵات بدەن بەو نووسەرانەی خەڵاتی ئەوتۆیان نییە لەلایەن خوێنەرانەوە و دەیانەوێت خەڵاتیان بکەن، تا باشتر بگەن بە خوێنەران.
لە ساڵانی ڕابروودا لە وتارێکی دیکەدا ئەوەم باسکردووە، کە بەشێک لە نووسەران خاوەنی (نۆبڵی جەماوەر)ن و پێویستیان بە لیژنەکەی نۆبڵی سوید نییە، بۆیە هەست بەوە دەکرێت، کە ئێستا ئەوان خەڵات بەو نووسەرانە دەدەن، کە نۆبڵی جەماوەریان نییە و ئەوان ئەو خەڵاتەیان پێ دەدەن تا زیاتر بناسرێن. ڕەنگە غەدرلێکراوترین ئەو نووسەرانەی نۆبڵی وەرنەگرتووە و کۆچی دواییان کردووە لای من “نیکۆس کازانتزاکیس، خابێر مارییاس، لیۆ تۆڵستۆی، بۆرخیس، ئیڤا کلیما، یەشار کەمال” بێت، بەڵام بەدر لەوانەش دەیانی دیکە هەیە، کە شایستەبوون و لیژنەکە نەیانتوانی پێزانینیان بۆ دەربڕن، بەڵام ئەمانە خاوەنی “نۆبڵی جەماوەر”ن و نۆبڵی لیژنەکەی سویدیان نەویست بۆ ئەوەی بگەنە خوێنەران لە هەموو لایەکەوە.
وەرگرتنی نۆبڵێ ئەمساڵ لەلایەن “لاسلۆ کراسناهۆرنای” دەشێ سەرەتایەکی تر بێت بۆ درێژەدان بەو کاروانەی دیسان بیانەوێت خوێنەران و نووسەران سەرسام بکەن بە ناوگەلێک کە ئەوان بیریان لێ نەکرتوەتەوە، هۆرنای لە چەشنی ئەو نووسەرانەیە کە زۆر ناسراو نییە، ئەگەرچی بەرهەمەکانی بۆ چەند زمانێکی جیهانی وەرگێڕدراون.
“لاسلۆ کراسناهۆرنای” (بە زمانی خۆیان: László Krasznahorkai) وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ئەمساڵ لەدایکبووی 1954 نووسەر و ڕۆماننووس و سیناریستێکی هەنگارییە. ئەم نووسەرە بە ڕۆمانە سەخت و فەلسەفییەکانی ناسراوە، زۆرجار بە پۆستمۆدێرن ناوزەد دەکرێت، کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی دیستۆپیایی و خەمۆکی دەکەن. یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی بە ناوی “دوایین گورگ”ـە و یەکێکی دیکە لە ڕۆمانەکانی بەناونیشانی “تانگۆی شەیتان”ـەوەیە.
دواجار لیژنەکەی نۆبڵ دوور لەو ناوانەی بڕیاربوو خەڵاتی نۆبڵ بکرێت بریاری دا و هۆرنای هەڵبژارد، کە هەموانی سەرسام کرد، ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئەو خەڵاتانەیە، کە هێزی خۆیان دەخەنە خزمەتی ئەو نووسەرانە تا زیاتر ئەدەبیاتەکەیان بەڕووی خوێنەراندا بکرێتەوە و جیهانەکەیان لە خوێنەری لۆکاڵەوە بۆ خوێنەری هەموو جیهان تەشەنە بسێنێت.

