ئارام كۆشكی – سلێمانی
پرسی خوێندنەوە، پرسێکی ڕاگوزەر و کاتکوژەر نییە، بەڵکو پرسێکی گرنگی ژیاری و بونیادییە. خوێندنەوە هەڵبژاردنی ڕێگەیەکی نوێیە بۆ ژیان و قەبوڵکردنی گۆڕانە. واتە یەکەمین مەرجی هەڵبژاردنی خوێندنەوە و خوێنەربوون قەبوڵکردنی گۆڕانە. دەرچوونە لەو پێست و ژیانە باوەی کە تێیدای. خوێنەربوون سەرەتایەکی نوێی ژیانکردن و بەرکەوتنی ژیانە بەشێوازێکی نوێ جیا لەو شێوازە باوەی هەموان بەری دەکەون، لەگەڵ ئەوەی کردنەوەی دەرگایەکە، هاوکات داخستنی چەندینی دیکەیە.
بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئایا تا چەند هەموو خوێنەران ئامادەییان بۆ ئەو ژیانە نوێیە و گۆڕانکارییانە هەیە، کە خوێندنەوە تێیاندا دەیچێنێت؟ ئایا ئەوەی خوێندنەوە دەیەوێت لە مرۆڤەکاندا بیچێنێت، ئەوان زەمینە بۆ ڕواندن و سەوزبوونی خۆش دەکەن؟ ئەمە پرسێکی گرنگە و نەک دەشێ ئەم پرسیارانە لە خوێنەری کورد بکەین، بەڵکو گرنگە لە هەموو خوێنەرێکی بکەین لە هەر کوێیەکی جیهان بێت.
کاتێک بوومە خوێنەر یەکەم شتێک کە بڕوام پێهنا ئەوە بوو من ئامادەم بۆ گۆڕانکاریی. ئامادەم بۆ ئەوەی شتی نوێ قەبوڵ بکەم و ژیانی نوێ ئەزموون بکەم. ئەم ئامادەییە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی ئەو بۆچوونە هەڵانە دەستکاریی بکەم، کە ساڵانێک کۆمەڵگە و کولتوور و ئایین تێیاندا چاندبووم. هاوکات ئەو نائومێدی و نائارامییەی دۆخی سیاسی و ئابووری و کوردبوون وەک هێڵێکی بونیادی لەمندا چاندبوویان، ڕێگەیەک بدۆزمەوە ئەوانیش تێپەڕێنم و بەجێیان بهێڵم. خوێندنەوە دەرچەیەکی ڕزگاریی بوو لەوەی بازنەی نائومێدی و نائارامیی و هاوکات سنووری کوردبوون تێپەڕێنم و مرۆڤبوونم بڵند بکەمەوە.
خوێندنەوە مرۆڤبوونمی بڵندتر کردەوە.
بەپێداگرییەوە دووپاتی دەکەمەوە مەرجی یەکەمی خوێنەربوون ئامادەبوونە بۆ گۆڕان و بەجێهێشتنی ئەو بازنە و سنوورانە بەڕووتدا کێشراون و دروستکردنی ژیانێکی دیکەیە، کە لە بڵنداییدا، کە هەموو شتەکان لەسەرەوە دەبینیت، یان بەر قووڵایی شتەکان دەکەویت و تەنها ڕووکەشی ڕووداو و دیاردەکان نابینیت.
لە دە ساڵی ڕابردوودا، کە بە وردی چاودێری توێژی خوێنەرانم کردووە زۆر بە کەمی بەر خوێنەرانێک کەوتووم توانای تێپەڕاندنی ئەو بازنە و سنوورانەیان هەبووبێت، کە کۆمەڵگە کولتوور و ئایین بۆی کێشاون. خوێندنەوە زۆرجار لە کۆمەڵگەی کوردیدا وەک جۆرێک لە دەمامکی ڕۆشنبیربوون بەکار دەهێنرێت، نەک وەکو “هونەری خۆپەروەردەکردن”. خوێندنەوەی هونەری خۆپەروەردەکردنە بەو شێوازەی خۆت دەتەوێت و خۆت پەروەردەکاری خۆتی. واتە خوێندنەوە دەرفەتێکە خۆت ڕێگاکانی پەروەردەکردنی خۆت هەڵبژێریت، نەک ئەوانی دیکە بۆت دیاری بکەن. بەڵام بەشێکی زۆری خوێنەران لەم خۆپەروەردەکردنەدا سەرکەوتوو نابن، چونکە دەستیان بە باوەڕە جێگیر و باوەکانەوە گرتووە و ئامادەییان.
هاوڕێیەکی خوێنەرم باسی ئەوەی بۆ کردم کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەرلەوەی بە خوێندنەوە ئاشنا بێت یەکێک بووە لە داخراوترین ئەو مرۆڤانەی کە تەنها لە یەک دەلاقەوە لە ژیان دەڕوانن. ئەو باسی ئەوەشی بۆ کردم، کە زۆرجار هەندێک ڕەفتاری کردووە، کە کولتوورێکی هەزار ساڵە بەسەریدا سەپاندوویانە، بەڵام کاتێک بووە بە خوێنەر و دوای خوێندنەوەی چەندین کتێب بەشی زۆری ئەو ڕەفتار و خووە نەرێنیانەی بەجێهێشتووە و ئێستا شەرم لەو ڕابردووەی خۆی دەکات، کە ساڵانێک بەو شێوەیە بیری کردووەتەوە و لەنێو ئەو نەریت و کۆنخوازییەدا ژیاوە.
لە نموونەی ئەم هاوڕێ خوێنەرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە خوێنەربوونی ڕاستەقینە، واڵابوونە بۆ گۆڕان و بەگەڕخستنی ئەو توانایەیە، کە مرۆڤ بۆ گۆڕان هەیەتی. بەبێ قەبووڵکردنی و واڵابوون بۆ ئەم گۆڕانکارییانە خوێنەری ڕاستەقینە بوونی نییە و گەیشتن بە ئەودیوی خوێندنەوە. کە لێرەدا مەبەستمان دروستکردنی گۆڕانکارییە بوونی نییە.

