كارزان گلی – ههولێر
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی، لەدیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد، پلانیان وا داناوە، پێنج پەرلەمانتاری ئەندام لە لیژنەی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی)، سەردانی ئیمرالی بكەن و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بكەوێت.
بوڵدان، لەو دیمانە تەلەڤزیۆنییەدا ئاماژەی دا، تاوەكوو ئێستا روون نییە ئەو پەرلەمانتارانەی سەردانی ئیمرالی دەكەن كێن، روونیشی كردەوە، بەئەگرێكی زۆرەوە، نوعمان كورتولمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەگەڵ ئەو شاندە نابێت.
چوونی شاندێكی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی) بۆ ئیمرالی بۆ ئەوەیە، بەرچاوڕوونی بدەنە ئۆجەلان و ئەنجامی دانیشتنەكانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی پێ بڵێن و هەروەها بۆچوونی ئەویش وەربگیرێت.
بەڵام، موراد ئەمیر پەرلەمانتاری سەر بە جەهەپە، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (ئانكا)، دەڵێت تاوەكوو ئێستا چوونی شاندێك بۆ لای ئۆجەلان لە رۆژەڤدا نییە و، لەسەری رێك نەكەوتوونە.
پەرلەمانتاران بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوونە، بەشێكیان پێیان وایە چوونیان بۆ لای ئۆجەلان هەڵەیە، چونكە ئەو تیرۆریستە و ناكرێت پەرلەمان سەردانی بكات، بەڵام بەرەكەی تر، كە دەم پارتی و بەشێكی ئاكەپە و مەهەپەی تێدای، پێیان وایە بۆ گرنگیدان بە پرۆسەی ئاشتی و برەوپێدانی، گرنگە سەردانی ئۆجەلان بكەن.
لە ٧ی ١٠ی ٢٠٢٥، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا گوتی: ”پێویستە چەند پەرلەمانتارێكی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی) سەردانی ئۆجەلان بكەن، با ئۆجەلانیش پەیامێك بۆ هەسەدە لە سووریا بنێرێت“
باخچەلی ئامانجی ئەوەبوو، ئۆجەلان لە پەیامێكدا داوا لە هەسەدە بكات چەك دابنێت، چونكە لە پەیامەكەی ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٥، بەڕووی گوتویەتی پەكەكە و هەموو گروپەكانی سەر بە پەكەكە دەبێت چەك دابنێن. بەڵام دەم پارتی، لەبارەی چوونیان بۆ لای ئۆجەلان بۆچوونی تریان هەیە، ئەوان دەڵێن نابێت پرسی رۆژئاوا ببێتە هۆی ئەوەی پرسی چارەسەری تێك بچێت. دەم پارتی لە رێگەی پەرلەمانتارەكانیانەوە ئاماژە دەدەن، نابێت ئۆجەلان لایەنێكی سەرەكی پرسی ئاشتی بێت لە توركیا كەچی بۆچوونی وەرنەگیرێت و نەزانێت ئەو كۆمیسیۆنەی دروست بووە، باسیان لە چی كردووە و لەسەر چی رێككەوتوون.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، زانیارییان وەرگرتووە، لەم مانگەدا شاندێكی پەرلەمانتاران سەردانی ئیمرالی دەكەن، ئامانجە سەرەكییەكەش ئەوەیە، ئۆجەلان پەیامی بۆ رۆژئاوای كوردستان هەبێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە ئەو پەرلەمانتارانەی دەچنە لای ئۆجەلان كێن؟
كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی)، نزیكەی ١٠ كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، جیا لەوەی ئەندامانی ئەو كۆمیسیۆنە كە ٥١ كەسن گفتوگۆی چڕیان كردووە، لە هەمان كاتدا گوێیان لە چەندین كەسایەتی سیاسی و یاسایی و چالاكوان و كۆمەڵگەی مافی مرۆڤ گرتووە، بەڵام چاویان بە ئۆجەلان نەكەوتووە، كە لایەنی سەرەكی پرۆسەی ئاشتییە و ئەو بوو پەیامی بۆ پەكەكە نارد چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
تاوەكوو ئێستا، حكوومەتی توركیا بەفەرمی هیچ زانیارییەكی لەبارەی چوونی شاندێك بۆ لای ئۆجەلان نەداوە، تەنیا دەم پارتی بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو سەردانە دەكرێت.

