ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی یارییەكەی ئەمڕۆ بەرامبەر سعوودیە لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال رایگەیاند ئەوان هەست بە هیچ فشارێك ناكەن، لە بەرامبەردا هێرڤی رینارد، راهێنەری سعوودیە جەخت لەوە دەكاتەوە ئەو یارییە بۆ ئەوان وەكو یاریی مان و نەمان وایە.
لە دوایین یاریی پلەی ئۆفی پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026، ئەمڕۆ سێشەممە لە كاتژمێر 10:30ـی شەو لە یاریگەی (ئەلئینما) لە شاری جەددەی سعوودیە، هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەكی یەكلاكەرەوەدا رووبەڕووی سعوودیە دەبێتەوە، عێراق تەنیا بە بردنەوە دەتوانێت راستەوخۆ بگاتە مۆندیالی 2026، لەو یارییە سعوودیە بە یەكسانبوونیش دەگاتە مۆندیال.
ئارنۆڵد هەواڵێكی خۆشی گەیاندە هاندەرانی عێراق
لە پرێس كۆنفرانسێكدا، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، گراهام ئارنۆڵد رایگەیاند بۆ ئەم یارییە ئەیمەن حوسێن پێكانەكەی تێپەڕاندووە و بۆ رووبەڕووبوونەوەی سعوودیە ئامادە دەبێت، دەشڵێت: دڵخۆشم بە گەڕانەوەی ئەیمەن، تەنانەت ئەو یاریزانە لە داهاتوو راهێنەرێكی باشی لێ دەردەچێت.
گراهام ئارنۆڵد جەختی لەوەش كردەوە ئەوان هەست بە هیچ فشارێك ناكەن، زیاتر پێدەكەنن، لەمبارەیەوە گوتی: فشار لەسەر سعوودیەیە نەوەك ئێمە، چونكە ئەوان دوو رێگەیان بۆ گەیشتن بە مۆندیال هەیە بە بردنەوە یان بە یەكسانبوون سەردەكەون، بەڵام فشاری هاندەران، میدیایەكان و تەنانەت فشاری فیفاش لەسەر ئەوانە.
راهێنەرە ئوسترالییەكەی عێراق گوتیشی: سەرسامم بە زیدان ئیقبال، یاریزانێكی سەرنجراكێشە، كاتی یاریكردنی رێكخراوە، بەڵام بە كەمترین كات باشترین ئاست پێشكەش دەكات، كوالیتییەكی باشی هەیە، سەرجەم یاریزانەكانیش بۆ ئەم یارییە ئامادە دەبن، زۆر رێز لە سعوودیە دەگرم، ئەوان خاوەنی راهێنەرێكی باشن، بەڵام هیوادارم ناوبژیوانی یارییەكە كارتی سوورەكەی لە دژی ئێمە لە گیرفانی نەیەنێتە دەرەوە.
ئارنۆڵد گوتیشی: نازانم میدیایەكان چییان لەبارەی من نووسیوە، بەڵام ئەم پێكهاتەیەی ئەمجارەیەم لە پێكهاتەكەی ئیندۆنیسیا جیاواز دەبێت.
گراهام ئارنۆڵدی ئوسترالی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق سەرپەرشتی 5 یاری كردووە، 4 بردنەوە و شكستێكی هەیە، تاكە دۆڕانی ئەو راهێنەرە لەگەڵ عێراق بەرامبەر كۆریای باشوور بوو، كاتێك بە دوو گۆڵی بێوەڵام یارییەكەیان دۆڕاند، بردنەوەكانیشی بەرامبەر، تایلەند، هۆنگ كۆنگ، ئوردن و ئیندۆنیسیا بووە.
رینارد هەڕەشە لە عێراق دەكات
هێرڤی رینارد، راهێنەری هەڵبژاردەی سعوودیە لەبارەی یارییەكەی ئەمڕی بەرامبەر عێراق لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال رایگەیاند ئەو یارییە دەبێتە گرینگترین یاریی لە ژیانی راهێنەرایەتی دا، دەشڵێت: جگە لە بردنەوە بە هیچ ئەنجامێكی دیكە رازی نابین.
لە پرێس كۆنفرانسێكدا، پێش یارییەكەی ئەمڕۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی سعوودیە هێرڤی رینارد رایگەیاند یارییەكەی ئەمڕۆ بۆ ئەوان وەكو یاریی مان و نەمانە، دەشڵێت: زۆر بە بەختم كە راهێنەری هەڵبژاردەی سعوودیەم، دڵخۆشم لە تیپەكەم خاوەنی چەندان یاریزانی بە ئەزموونم دیارترینیان (ساڵح ئەلشەهیر، سالم دۆسەری و حەسەن تەمبەكتی)، ئێمە بە هێمنی هاوشانی ئەو یاریزانانە كار دەكەین بۆ سەركەوتن لە دژی عێراق.
رینارد گوتیشی: بەهۆی ئەوەی متمانەیەكی زۆرم بە یاریزانەكان هەیە و لەبەرخاتری سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعوودیەش گەڕامەوە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە، جگە لەوەش من زۆر حەزم لە تەحەدا و ئاستەنگی هەیە، ئەمەیان دەبێتە پاڵنەرێكی باش بۆ بڕینی بلیتی مۆندیالی 2026.
رینارد جەختی لەوەش كردەوە ئەوان بە باشی لە ئاست و كوالیتی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق تێدەگەن، دەشڵێت: ئەم یارییە گرینگترین یاریی ژیانمە، لە دوای یارییەكەش پێتان دەڵێم بۆچی ئەم قسەیە دەكەم، دەمانەوێت هەمان سیناریۆ دووبارە بكەینەوە كاتێك لە پاڵاوتنەكان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018 لەم یاریگەیە لە ژاپۆنمان بردەوە، دیسان لە یارییەكانی پاڵاوتن لە ئوسترالیامان بردەوە و بۆ مۆندیالی 2022 سەركەوتین.
هێرڤی رینارد، راهێنەری فەرەنسی لە دوای گەڕانەوەی بۆ راهێنەرایەتی سعوودیە سەرپەرشتی 17 یاری كردووە، 7 بردنەوە، 6 دۆڕان و 4 یەكسانبوونی تۆمار كردووە.
ئامارە مێژووییەكانی نێوانیان
هەڵبژاردەی عێراق لە پۆلێنی باشترین هەڵبژاردەكانی جیهان لە ریزبەندی 58ـە، لە بەرامبەردا سعوودیە لە پلەی 59 دێت، عێراق تەنیا یەكجار بۆ مۆندیال سەركەوتووە، بەڵام سعوودیە شەشجار بەشداریی مۆندیالی كردووە، لە دوایین دوو مۆندیالیش دانەبڕاوە.
سعوودیە سێجار بووە پاڵەوانی جامی نەتەوەكانی ئاسیا، لە بەرامبەردا عێراق تەنیا یەكجار ئەو نازناوەی بەدەستهێناوە، ئەویش لە جامی نەتەوەكانی ئاسیای 2007 بوو كاتێك لە یاریی كۆتایی شكستی بە سعوودیە هێنا.
لە دوایین شەش رووبەڕبوونەوەی نێوانیان، عێراق تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە، لە بەرامبەردا سعوودیە سێجار شكستی بە شێرەكانی رافیدەین هێناوە و یارییەكش بە یەكسانبوون تەواو بووە.

