عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە سلێمانی دەستی پێ کرد و هونەرمەندانیش بە ئومێدەوە لە داهاتووی فیلم دەڕوانن.
پێنجەمین خولی جەژنەفیلمە نێودەوڵەتییەکەی سلێمانی کرایەوە و بڕیارە رۆژی ١٦ی ئەم مانگە تەواو بێت و، تێیدا ١٥٠ فیلم بەشدار دەبن.
فوئاد جەلال، بەڕێوەبەری پێنجەمین خولی ئەو فێستیڤاڵە بە (هەولێر)ی راگەیاند، دوای نزیکەش شەش ساڵ، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چەند هۆکارێکی دیکە نەتوانرا فێستیڤاڵ ساز بکرێت، بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵ خولێکی دیکەی فێستیڤاڵ ساز دەکەن.
هەروەها هونەرمەند ئاشنا رەوف، وتەبێژی فێستیڤاڵەکە بە (هەولێر)ی
بۆ ئەمساڵ ١٥٠٠ فیلم پێشکەش کرابوون؛ ١٥٠ فیلمیان لێ دیاری کراوە و هەندێک فیلمیش هەیە تەنها بۆ نمایشن و خەڵات نایانگرێتەوە.
وەک ئاشنا رەوف روونی کرەوە، ئەمساڵ ١٩ خەڵات بۆ سەرجەم بەشە جیاوازەکانی فیلمەکان دانراون کە ئەوەش لەلایەن لیژنەی داوەرانەوە بڕیاریان لێ دەدرێت.
بە بڕوای ئەم هونەرمەندە سازکردنی فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی رەوتی هونەر و فیلم لە کوردستان و شاری سلێمانی، جگه لەوەش وێستگەیەکی گرنگە بۆ گەنجانی بەشداربوو تا بتوانن لەگەڵ هونەرمەندانی بەئەزموون، سوود لە تواناکانیان وەربگرن.
هونەرمەندان بە بایەخەوە لە فیلمەکانی ئەم فێستیڤاڵە دەڕوانن، ژیان ئیبراهیم خەیات رایگەیاند، هیوادارین لەڕێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە فیلمی سینەمایی بەرەو پێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، لایەنێکی تری گرنگی ئەم فێستیڤاڵە ئەوەیە هونەرمەندان دەتوانن زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.
هونەرمەند بێریڤان سەربەست ئاماژەی بەوەکرد، ئەم فیستڤاڵانە وا دەکەن هونەرمەندان گرنگی زیاتر بە کوالێتی بەرهەمەکانیان بدەن، بەو پێیەی زۆرترین کەس بەرهەمەکەیان دەبینن و رەنگە ئەو بەرهەمە ببرێتە دەرەوەی وڵاتیش، بۆیە دەبێت کوالێتی فیلمەکان بەرز بن.

