رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆكوەزیران ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی زیاتر لە ( 112 ملیار دینار ) بۆ دروستکردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی كۆیە

ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی چارەسەریی ڕیشەیی و درێژمەودای گرفتی كەمئاوی لە سنووری قەزای كۆیە، ڕەزامەندیدا لەسەر خەرجكردنی بڕی ( 112 ملیار و 147 ملیۆن و 52 هەزار و 585 دینار ) بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بۆ جێبەجێکردنی گەورە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی ڕاكێشان هێڵی دووەمی ئاوی خواردنەوە بۆ قەزایی كۆیە.

دوای تەواوبوونی دووسایدی ( هەولێر – كۆیە ) پێشبینی دەكرێت سەنتەری قەزای كۆیە زیاتر فراوان بێت و ئەو هێڵەی ئاویش كە ئێستا لە قەزاكەدا هەیە بەشی هەموو دانیشتوانەكەی ناکات و قەزاكە گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەی هەیە، بۆیە بڕیار لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دراوە، كە یەكێك دەبێت لەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژییانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانە دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت و، بەتەواوبونی پڕۆژەكە و ڕاكێشانی ئاو لە زێی بچووك، سەنتەری قەزای كۆیە و ناحیەكانی سەربەقەزاكە لێی سوودمەند دەبن.

دوای ڕەزامەندیی جەنابی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر خەرجکردنی گوژمەی پڕۆژەكە، لەو نزیكانە كار لەسەر قۆناغەكانی پرۆسەی دەستپێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە لایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و بە دیزانێكی سەردەمیانەی ئەوروپی و نوێترین تەکنەلۆجیا و كرێكاری خۆماڵی کاری بۆ دەکرێت.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر