رۆژنامەی ھەولێر

دەمیرتاش بۆ ئازاد نەكرا؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەبوایە لە ٨ی ئەم مانگەدا، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێت، ئەویش بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، كە توركیا ئەندامە لەو دادگایە و دەبێت پابەندی بڕیارەكانی بێت، بەڵام لەدواساتەكاندا توركیا رەتی كردەوە ئازادی بكات.

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، سێ جار داوای كردووە دەمیرتاش ئازاد بكرێت، لە ٢٠١٨ و ٢٠٢٠ و ٢٠٢٥، بەڵام لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٥، هۆشداری دایە توركیا كە دەبێت لەماوەی دوو مانگدا ئازادی بكات، ئەو ماوەیەش ٨ی مانگ تەواو دەبوو.
توركیا لەماوەی ئەو دوو مانگەدا بەهیچ شێوەیەك تانەی لە بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نەدا، بۆیە پارێزەرانی دەمیرتاش و سەركردایەتی دەم پارتی، دڵخۆش بوون بەوەی لە ٨ی ئەم مانگەدا دەمیرتاش دوای نۆ ساڵ لە زیندانی ئێدیرنە دێتە درەوە. بەڵام توركیا ٢٤ سەعات بەر لەوادەی ئازادبوونی ئۆجەلان، لەرێگەی وەزارەتی دادەوە تانەیان لە بڕیارەكەدا.
بەگوێرەی یاسای دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، ئەگەر توركیا تانەی لەو بڕیارە نەدایە دەمیرتاش ئازاد دەبوو، بەڵام مادام تانەی لێیدا، لە ژووری گەورەی ئەو دادگایە بۆ جارێكی تر دادوەران كۆدەبنەوە بڕیار لەبارەی دۆسیەی دەمیرتاش دەدەن.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی و راوێژكاری پێشووی تورگوت ئۆزەل، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، لە هەژماری خۆی تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، ئازادنەبوونی دەمیرتاش پرسی چارەسەری لە توركیا بریندار دەكات.
دەم پارتی، لەرێگەی كۆنگرەی رۆژنامەوانی و هەروەها میدیاكانی خۆیانەوە، نیگەرانی خۆیان دەربریوە و دەڵێن، ناكرێت لەلایەك پرسی چارەسەری بوونی هەبێت، لەلایەكی تر دەمیرتاش لە زیندان بمێنێتەوە.
بەشێكی زۆری چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەگەر دەمیرتاش ئازاد بكرێت، دەسەڵات نییەت پاكی خۆی بەرامبەر بەكورد دەردەبڕی، بەڵام دەركەوت ئەوان بەفێل باس لە مافی كورد و پرسی چارەسەری دەكەن، بۆیە بەدڵنیاییەوە پرسی چارەسەری كێشەی تێدەكەوێت.
ئۆرهان میرئۆغڵو، پەرلەمانتاری كوردی پێشووی ئاكەپە و بەرپرسی باڵای ئەو پارتە، نیگەرانە لەو هەنگاوەی توركیا و دەڵێت نەدەبوایە تانە لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بدەن، دەبوایە دەمیرتاش ئازاد بكرێت، چونكە ئازادنەبوونی دەمیرتاش، كاریگەریی خراپی لەسەر پرسی چارەسەری دەبێت لە توركیا.
ئامەدییەكان، لەرێگەی سۆسیال میدیاوە نیگەرانی خۆیان دەربریوە لەو هەنگاوەی توركیا، دەڵێن مانەوەی دەمیرتاش لە زیندان ناحەقییە و هەمووی لەبەر ئەوەیە، بە رەجەب تەییب ئەردۆغانی گوتبوو ”ناتكەین بە سەرۆك“، ئەوەی لەم وڵاتە قسەی لەو شێوەیە بكات لە زیندانە.
تەلەڤزیۆنی (ئۆدا تی ڤی)، دیمانەیەی لەگەڵ چەندین كەس لە ئامەد كردووە، هەموویان نیگەرانن و ترسیشیان هەیە پرسی چارەسەری و پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە، بەهۆی ئازادنەبوونی دەمیرتاش دووچاری سەكتە ببێتەوە، چونكە ئەگەر دەسەڵات نییەتی پاك بایە لەبارەی چارەسەری پرسی كورد، دەبوایە دەمیرتاش ئازاد بكات.
دەم پارتی، بەفەرمی داوا لە وەزارەتی دادی توركیا دەكات، ئەو تانەیەی لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایان داوا بیكشێننەوە، چونكە خزمەت بەو كۆمیسیۆنە ناكات، كە لەناو پەرلەمانی توركیا بۆ پڕۆسەی ئاشتی پێكهێنراوە.
دەمیرتاش، لەبارەی ئازادنەبوونییەوە هیچ قسەیەكی نەكردووە، ئەو ماوەیەكی زۆرە بەهیچ شێوەیەك لە سۆسیال میدیاش بۆچوونی خۆی دەرنابڕێت، وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، نیگەرانە لەوەی لە پڕۆسەی ئاشتی كە لە نێوان ئیمیڕاڵی و حكوومەت و دەم پارتی دروست بووە، هیچ پرسێكی پێناكرێت و كارئەكتەرێكی ناو ئەو پڕۆسەیە نییە.
دەمیرتاش، لە ٤ی١١ی٢٠١٦، بەتۆمەتی ئەوەی خەڵكی هانداوە بۆ تێكدانی ئاساییشی توركیا و دابەشبوونی توركیا دەستگیر كرا. ئەو داوای لە خەڵكی باكووری كوردستان كرد، بڕژێنە سەر شەقام و پشتگیری لە كۆبانێ بكەن، ئەوكات كۆبانێ لەلایەن گروپی تیرۆرستی داعشەوە گەمارۆ درابوو، بۆیە خەڵك رژایە سەر شەقام و ٥٠ خۆپیشاندەر و دوو پۆلیش كوژران.