رۆژنامەی ھەولێر

نازم هەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ـی پارتی لە شنگال: پێشوازیەکی بێوێنە لە لیستی ٢٧٥ی پارتی کراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ـی پارتی لە شنگال، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: خەڵکی نەینەوا پێشوازییەکی زۆر باشیان لە لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، ئەم ھەفتەیە بۆ ناساندنی کاندیدانی خۆمان کەرنەڤاڵێکی گەورە لەناو پارێزگاری مووسڵ ئەنجام دەدەین. دەشڵێ: بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، دەنگی پارتی لە سنووری مووسڵ زیاد دەکات و دەبینەوە یەکەمی سەر ئاستی کوردستان و عێراق.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە ٢٧٥ و بە دروشمی “سازان و ھاوسەنگی و ھاوبەشی” دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق کردووە، کە بڕیارە ١١ـی مانگی داھاتوو بکرێت.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەولێر، لەگەڵ کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، پارتی بەھێز بێت کوردستان بەھێز دەبێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبن، ھەروەھا گوتیشی، پارتی نەک تەنیا داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵکو پشتیوانیی لە مافەکانی گشت پێکھاتەکانی عێراق دەکات.
جێگری سەرۆکی پارتی، جەختی کردەوە، ئەگـەر پـارتـی نـەبـووایـە ئێسـتا شـتێک نـەمـابـوو بـە نـاوی ھـەرێـمی کوردستان، چونکە زۆر لایەن داوایان دەکرد، سازش لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت، بەڵام پارتی بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی بـە ھەموو ھــێزێـکەوە، بــەرگــری لـە مــافـە ڕەواکــانــی خــەڵــکی کــوردســتان کــرد و لــە ژێـر ھـیچ فــشارێــک، ئــامـادە نـەبـوو سـازش لە مافـە نەتـەوەیـی و نیشتمانییەکانمان بکات، چونکە پارتی ھەرگیز پاشکۆیەتی قبوڵ نەبووە و قبووڵیش ناکات.
بەرپرسی لقی ١٧ـی پارتی لە شنگال، گوتی: بەپێی ڕێنمایەکانی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی پارتی و ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆن، وەکو لقی ١٧ی پارتی لە سنووری شنگال و پارێزگای نەینەوا دەستمان بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە، لە ڕۆژئاوای دیجلە و مووسڵ زۆر باش خۆمان بۆ پرۆسەکە ئامادە کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە مووسڵ پارێزگایەکی گرنگە و دووەم گەورەترین پارێزگایە لەسەر ئاستی ھەموو عێراق، بۆ ھەرێمی کوردستانیش پارێزگایەکی گرنگە ھەم لەڕووی ئابوورییەوە، ھەمیش لەڕووی ئەمنی و ئایینییەوە.
بەرپرسی لقی ١٧ـی پارتی لە شنگال، دەشڵێ: ڕۆژانە دەچینە ناو خەڵک و کاندید و ئۆرگانەکانی پارتیمان سەردانی ھاووڵاتییان دەکەن لە ھەموو ناوچەکانی سنووری شنگال و مووسڵ، خەڵکیش ھەڵوێست و داکۆکیی پارتی لەبەرچاوە لەبارەی مووسڵ و ئەو نەھامەتیانەی بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا ھاتوون، پارتی خاوەن جەماوەرێکی نەگۆڕە ڕۆژبەڕۆژیش ھەوادار و لایەنگرانی پارتی زیاتر دەبن، لەگەڵ ئەوەش لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پارتی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق یەکەم بووە، ھەروەھا یەکەم بووینە لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا وەکو حزب، نەک وەکو ھاوپەیمانیەتی، چونکە ھاوپەیمانیەتی جیاوازە لەگەڵ حزب، پارتی خاوەن سەرکردایەتیەکی بەھێزە و ڕۆژبەڕۆژیش بەھێزتر دەبێت، پلان و بەرنامەی خۆمان ھەیە و بەشێوەیەک کار دەکەین کە لەسەر ئاستی پارێزگای مووسڵ و عێراق ھەر بە حزبی یەکەم بمێنینەوە.
نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ـی پارتی لە شنگال، دەشڵێ: ئەم ھەفتەیە بانگەشەی خۆمان فراوانتر دەکەین و کەرنەڤاڵێکی گەورە ڕێکدەخەین و کاندیدەکانی خۆمان بە خەڵکی پارێزگای مووسڵ بە تەواوی پێکھاتەکانەوە دەدەینە ناساندن، مێژووی پارتی، ھەڵوێستی نەگۆڕی پارتی، بەرگری کردن لە مافەڕەواکانی خەڵکی کوردستان، قوربانی دانی پارتی، ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بە سەرکێشی سەرۆک بارزانی ھەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە شاھێدن کە خەڵک ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکات و دەنگی خۆیان بە پارتی و کاندیدەکانی بدەن، داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین ڕۆژی ١١ مانگی داھاتوو کە ڕۆژی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقە، ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگی خۆیان بە لیستی پارتی و کاندیدەکانی بدەن، چونکە لیستی ٢٧٥ لیستی ئەمن و ئەمان و ئاوەدانکردنەوەیە، لیستی سەرۆک بارزانییە، ئەو لیستەیە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کە پارتی بەھێزتر بچێتە ناو پەرلەمانی عێراق و ھەموو داواکارییەکانی ئەوان جێبەجێ بکات، بەرگری لە مافە ڕەواکانی خەڵک دەکەن، ھەر لەبەر ئەوەش داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین دەنگی خۆیان بە لیستی پارتی بدەن.
نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ـی پارتی لە شنگال، زیاتر دەڵێ: تا ئێستا بارودۆخی شنگال ئاسایی نەبووتەوە بە ئامادەبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنێک لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە و ئەوە زیاتر لە پێنج ساڵە ئەو ڕێککەوتنە ئیمزا کراوە تا ئێستا لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ نەکراوە، ئەو ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێک لە خۆ دەگرێت، یەکێک لەو خاڵانە بابەتی ئاوەدانییە بۆ ناوچەکە، ئەوەش بە ھەماھەنگی لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراقە، ھەروەھا جارێکی دیکە ئەمنییەت بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە، لەگەڵ ئیدارەدانێکی ڕاستەقینە کە خەڵکی شنگال ئیدارەی خۆیان بکەن، بۆیە تا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت، بارودۆخی ئەو شارە ئاسایی نابێتەوە، ھەموو ھەوڵەکانی پارتییش بۆ ئەوەن ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت و بارودۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە و خەڵک بە ئازادانە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن.