سلێمان تاشان – ههولێر
کەرتی کارەبا یەکێک لەو کەرتە گرنگانەی هەرێمی کوردستانە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری پێداوە. تا دوو ساڵ لەمەوبەر ئەگەر لە هەولێر بە کەسێکت گوتبا لە ساڵی ٢٠٢٥ کارەبای نیشتمانی دەبێتە بیست و چوار سەعاتی هەرگیز نەک باوەڕی پێت نەدەکرد بگرە وەک ئەوەی نوکتەیەکت بۆ گێڕابێتەوە بە قسەکانت پێدەکەنی، بەڵام دەبینرێت ئەمڕۆ کارەبا لای بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بووەتە بیست و چوار سەعاتی و بڕیارە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ هەر چوار پارێزگا لەم جۆرە کارەبایەیان هەبێت و بە یەکجاری ماڵاوایی لە مۆلیدەکان بکرێت.
بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەپاڵ گرتنەبەری سیاسەتێکی تۆکمە بۆ دابەشکردنی کارەبا و جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە ژێر ناوی ڕووناکی وای کردووە کارەبای بیست و چوار سەعاتی لە خەون و خەیاڵەوە ببێتە ڕاستی. پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە ئامادەکاری و جێبەجێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا و بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوەی کارەبا یارمەتی سەرخستنی ئەو پڕۆژەیەی داوە.
پەرەپێدانی بەرهەمهێنان
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ قەبارەی ئەو کارەبایەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهات بریتی بو لە دوو هەزار و سێسەد مێگاوات و تەنانەت بەرهەمەکە لەساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ لە هەندێک وەرزی ساڵدا بۆ دوو هەزار مێگاوات دابەزی بەڵام لەو کاتەوە بە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژە، بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی دواین ئاماری فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆی ئەو کارەبایەی ئێستا لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێت دەگاتە چوار هەزار و دووسەد مێگاوات و بەراورد بە سێ ساڵ لەمەوبەر قەبارەی بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.
حکوومەت دەڵێت لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا هەزار و هەشتسەد وچل مێگاوات کارەبای بە تۆڕی بەرهەمهێنان زیاد کردووە. هەر لەو ماوەیەدا شەست و یەک پڕۆژە بۆ گواستنەوەی کارەبا و سێ هەزار و پێنجسەد و سێ پڕۆژە بۆ دابەشکردنی کارەبا جێبەجێ کراون.
بۆ نموونە وێستگەی خۆرمەڵە بە توانای بەرهەمهێنانی پێنجسەد مێگاوات لە سەعاتێکدا، وێستگەی هەڵمیی خەبات بە توانای سێسەد مێگاوات کارەبا لە سەعاتێکدا، وێستگەی گەرمیان بە توانای بەرهەمهێنانی سەد و شەست و پێنج مێگاوات، وێستگەی دێرەلووک بە توانای بەرهەمهێنانی سی و هەشت مێگاوات، وێستگەی بازیان بە توانای حەوتسەد و پەنجا مێگاوات و بەگەڕخستنەوەی ژمارەیەک لە وێستگەکانی هەولێر سلێمانی و دهۆک بە توانای هەشتا و حەوت مێگاوات کارەبا لە سەعاتێکدا بەشێک بوون لەو پڕۆژە نوێیانەی بەرهەمهێنانی کارەبا.
لە ڕابردوودا ئەو کارەبایەی لە کوردستان بەرهەم دەهات زیاتر بە پشتبەستن بەو جۆرە سووتەمەنییانە بوو کە هۆکار بوون لە پیسکردنی ژینگە بەڵام ئەمەش گۆڕاوە و بەگشتی هەشتا و سێ لەسەدای کۆی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان پشت بە سووتەمەنی گازی سروشتی دەبەستن، پێنج لەسەدیان پشت بە گازوایل و یازدە لەسەدا پشت بە نەوتی ڕەش دەبەستن. لە کوردستان بەرهەمێنانی کارەبای خۆریش پەرەی پێ دراوە وچەندین وێستگەی پێوەندیدار دامەزاون کە ڕۆڵیان هەیە لە دابینکردنی بەشێک لە کارەبای کوردستان.
پڕۆژەی ڕووناکی
تا ئێستا زیاتر لە نیوەی پڕۆژەی ڕووناکی جێبەجێ کراوە و بەپێی ئەو پلانەی داندراوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ تەواوی کارەبای هەرێمی کوردستان دەبێتە بیست و چوار سەعاتی و کۆتایی بە کاری مۆلیدەکان دەهێنرێت کە ڕۆڵی زۆر خراپیان لەسەر پیسکردنی ژینگە هەبووە.
بەپێی دواین ئامارەکان تا کۆتایی مانگی ڕابردوو چوار ملیۆن کەس لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەند بوون کە دەکاتە هەشتسەد و سی و هەشت هەزار هاوبەش و جگە لەمە سەد و شازدە هەزار موڵکی بازرگانی کارەبای بیست و چوار سەعاتییان بۆ دابین کراوە و نزیکەی سێ هەزار و پێنجسەد مۆلیدە کوژێنراونەتەوە.
ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ئەوەیە کارەبای هەرێمی کوردستان تا ساڵێک و چەند مانگی تر بە تەواوی دەبێتە بیست و چوار سەعاتی و هاووڵاتییان خەمێکی گەورە و درێژخایەنی بواری خزموتگوزارییان لەکۆڵ دەبێتەوە.

