رۆژنامەی ھەولێر

پەرتوکێکی نوێی شیعری “ئازا حەسیب قەرەداغی” کەوتە بەردیدی خوێنەران

شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە مەراسیمێکدا کۆکراوەکی نوێی شیعرەکانی شاعیر و هونەرمەند و میدیاکار “ئازا حەسیب قەرەداغی” بە ناونیشانی (لەگەڵ تیشکا هاتم)، لە باخچەی سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان، لە ئێوارەیەکی پاییزەدا بۆ شیعر و تابلۆ و موزیک و گۆرانی بە واژووی خۆی پێشکەش بە میوانان کرا.

سەبارەت بە کتێبە نوێیەکەی شاعیر وتەیەکی پێشکەشکرد و گوتی: بە هاتنی ئازیزان کۆی چالاکییەکەیانتان ئاوەدان کرد و پێزانینم بۆ هاوڕێی نزیکەی چل ساڵی تەمەنم هونەرمەند “بورهان سابیر” و هەموو ئەو ئازیزانەی لەو سەنتەرە پڕ بەرهەمە، بۆ ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی کۆڕەکە ماندوو بوون و خۆنەویستانە و لە خۆم پەرۆشتر کاریان کرد تا چالاکییەکی جوان پێشکەش بکەن بە تایبەتی بەڕێزان زیاد کەریم و سەرهەنگ و خاتوو هاوژین و خاتوو دیالە. سوپاس بۆ د. “عەبدولخالق یەعقوبی” و “حەمە هاشمی” شێوەکار، کە دوو بەدواداچوونی فرە نایابیان لەبارەی کتێبەکەوە پێشکەش کرد و هاوڕێیانی لە مێژینەم “سەرکەوت ڕەسوڵ” و “هۆشیار کەریم” لێدوانی بە پێزیاندا.
سوپاسی بێ پایانم بۆ سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان- هەولێر، کە ئەرکی چاپ کردنی کتێبەکە و مەڕاسیمەکەیان لە ئەستۆ گرت بوو.