كارزان گلی – ههولێر
پێرێ شەو، چاوی میدیاكانی جیهان و توركیا لەسەر حەلەب بوو، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەكانی ئەحمەد شەرع، بە چەكی قورس گەمارۆی دوو گەڕەكی كوردی لەو شارەدا بەناوەكانی (شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە). حكوومەتی سووریا، بەنیازبوو ئەو دوو گەڕەكە داگیر بكات، بەڵام خەڵك و هەسەدە رووبەڕووی بوونەوە و نەیانتوانی ئەو دوو گەڕەكە داگیر بكەن.
دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع، هێرشی بۆ سەر شام دەسپێكرد بۆ لەناوبردنی رژێمی ئەسەد، رێككەوتنی لەگەڵ هەسەدەدا كرد، بەوەی بەهیچ شێوەیەك پەلاماری (شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە) نادەن لە حەلەب، بەڵام دوێنێ شەو رێككەوتنەكەیان شكاند و ویستیان هەبوو لەرێگەی شەڕێكی گەورەوە هێزی خۆیان نیشان بدەن و كورد لەو دوو گەڕەكە دەربكەن.
میدیاكانی توركیا لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكەیان دەكرد، ئەوان پشتگیرییان لە رژێمی سووریا دەكرد و دەیانگوت هەسەدە شەڕی پێفرۆشتوون، هەروەها هەسەدەیان وەكوو تیرۆرست ناو دەبرد و دەیانگوت دەبێت هەسەدە لە سووریا بوونی نەمێنێت.
رۆژنامەی (توركیا)ی سەر بە ئاكەپە، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی دا، هەسەدە دوو مانگ و نیوی لەبەردەمدایە و دەبێت بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنێت، توركیا و سووریا بەیەكەوە هێرشی دەكەنە سەر.
ئەو رۆژنامەیە، هەسەدەی وەكوو تیرۆرست ناساند و باسی لەوەش كرد، هەسەدە نیازی نییە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، بۆیە دەبێت بەشەڕ لەناو ببرێت.
بەڵام محەممەد مەتینەر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاكەپە و بەرپرسی باڵای ئاكەپە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس)، داوای كرد ئەو شەڕە بەپەلە كۆتایی پێبێت، چوونكە لە بەرژەییوەندی ئیسرائیلە.
مەتینەر نووسیبووی: ”نابێت رێگە بدەین ئەو شەڕە بەرپابێت، چوونكە كاریگەری لەسەر پرسی ئاشتی دەبێت لە توركیا، بۆیە دەبێت رێگەی لێ بگیرێت.“
ئەگەرچی بەشێوەیەكی كاتی ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و هێزەكانی شەرع دروست بووە، بەڵام ئەگەر هەیە قرووبەڕووی یەكتری ببنەوە ئەگەر ئەمریكا دەستوەردان نەكات.
وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكاران باسی دەكەن، كلیلی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا، پەیوەندیی بە رۆژئاوای كوردستانەوە هەیە، واتە ئەگەر توركیا پاڵپشتی لە حكوومەتی سووریا بكات بۆ لەناوبردنی هەسەدە، پرسی چارەسەریش لەناو دەچێت، ئەمەش لەبەرژەوەندی ئاكەپە نییە.
ئاكەپە، پلانی هەیە لە رێگەی دەم پارتییەوە بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بۆیە ئەگەر دەستوەردان لە رۆژئاوای كوردستان بكات پلانەكەی تێكدەچێت.
ئاكەپە و مەهەپە، بۆ ئەوەی بتوانن رێگە بۆ ئەردۆغان خۆش بكەن بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، دەبێت توركیا ببەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بۆ ئەمەش پێویستیان بە ٣٦٧ دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، بە دەنگی ئاكەپە و مەهەپە و چەند پارتێكی بچووك ناتوانن ئەو دەنگە كۆكەنەوە، بۆیە دەبێت دەم پارتی پاڵپشتییان بكات.
ئەگەر توركیا رۆڵی خراپ ببینێت لە سووریا دژی هەسەدە، هەموو ئەو هەوڵەی لەنێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆغان دراوە بۆ چەكدانانی پەكەكە و پرۆسەی ئاشتی لەناو دەچێت، ئەمەش كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئاكەپە و خودی ئەردۆغان دەبێت و رەنگە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەسەر سندوقی دەنگدان باجەكەی بدات، بەتایبەت دەنگدەری كورد بەهیچ شێوەیەك دەنگی پێنادەن.

