سلێمان تاشان – ههولێر
لە ڕۆژی هەینییەوە بانگەشەی هەڵبژاردن لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و حزب و لایەنە سیاسییەکان و پاڵێوراوان دەستیان بە هەڵواسینی لافیتە و وێنە و دروشمەکانی خۆیان کردووە و هەوڵ دەدەن زۆرترین سەرنجی دەنگدەران بۆ لای خۆیان ڕابکێشن بەڵام هەر لەڕۆژانی یەکەمەوە پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی ژینگە بە سیمای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە دیارە.
کاتێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیەتی و بە ناو شەقام و شوێنە سەرەکییەکاندا گوزەر دەکەی بۆت دەردەکەوێت کە بەشێک لەو پۆستەر و لافیتانەی لە لایەن ژمارەیەک کاندید و لایەنی سیاسی هەڵواسراون لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی ژینگەن. ژمارەیەک لە کاندیدەکان دار و درەخت و تەنانەت شوێنی گشتی و ڕێڕەوی هاتوچۆیان بۆ بانگەشەکانیان بەکار هێناوە و سیمای جوانیی زۆر شوێنی گشتی و پارکیان شێواندووە.
جگە لەمە ژمارەیەک لەو لافیتانە لە شوێنێک داندراون کەڕەچاوی با و خۆڕاگرییان نەکراوە و لەوانەیە لە ئەگەری هەڵکردنی بایەکی بەهێز سەرجەم ئەو لافیتانە بخاتە ناو شەقامەکانەوە و ببنە هۆی ڕوودانی هاتوچۆ و زیان بە ئۆتۆمبێلەکان و دار و نەمامەکان بگەیەنن. کەم نین ئەو لافیتە و وێنانەی لە دار و درەختەکان دراون لە کاتێکدا سوودوەرگرتن لە لق و پۆپی دارەکان و بزمار کوتان و هەڵواسینی وێنە لەم شوێنانە لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی ژینگەیە.
ئەم پێشێلکارییانە تەنیا لە چەند ڕۆژی یەکەمی بانگەشەدا ڕوویداوە لە کاتێکدا هێشتا زیاتر لە مانگێکی تر بانگەشە درێژەی هەیە و ئەگەر ڕێوشوێنی توند نەگیرێتە بەر و لایەنە پێوەندیدارەکان خەڵک و لایەنەکان لەم پرسە ئاگادار نەکەنەوە زیانی زۆر بە ژینگە دەگات.
دوێنێ دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی کوردستان دەستی بە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە کرد و بە نووسراوێكی فەرمی ئاگاداریی سەرجەم کاندید و لایەنە سیاسییەکانی کردەوە لە پێناو پاکڕاگرتنی ژینگە ڕێنماییەکانیان جێبەجێ بکەن.
دەستەکە پێی وایە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەبێت لەسەر بنەمایەکی شارستانیانە بکرێت و لە هەمان کاتدا ڕەچاوی ژینگە و سەلامەتی هەموو لایەک بکرێت.
لە ڕێنماییەکانی دەستەی ژینگە داوا کراوە هەتا دەکرێت لافیتە و نووسینەکان لەسەر قوماش و کاغەز بن، پۆستەرەکان بە تیپ جێگیر بکرێن و بزمار بەکار نەهێنرێت بە تایبەتی کاتێک لە هەندێک شوێن لافیتە لە دارەکان دەدرێت.
خاڵێکی تر ئەوەیە ڕەچاوی بینینی ڕێگا و شەقامەکان بکرێت و ئەو شوێنانە بۆ لافیتەدانان هەڵبژێردرێن کە شیاون، هاوکات داوا لە کاندیدەکان کراوە زیادەڕۆیی نەکەن لە بەهەدەردانی کاغەز و کارتۆن، چونکە کاغەز و کارتۆن بەرهەمی بڕینەوەی درەختەکانە و ئەگەر زێدەڕۆییان تێدا بکرێت ئەوا زیانیان بۆ ژینگە دەبێت.
داوا لە حزب و لایەنەکان کراوە لە کاتی هەر گردبوونەوە و بانگەشەیەکی جەماوەری و دوای ڕێوڕەسمەکان ژینگەکە پاک بکەنەوە و نەهێڵن هیچ خاشاک و دەبەیەکی ئاو لە شوێنەکە بەجێ بمێنێت. پێداگری لەوەش کراوە بە هیچ شێوەیەک پارکە گشتییەکان و باخچەی گەڕەکەکان بۆ مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار نەهێنرێن.
داوا کراوە سوود لە شاشەی گەورەی ئەلیکترۆنی و تەلەڤزیۆن بۆ مەبەستی بانگەشە وەرگیرێت و لە هەمان کاتدا لە بانگەشەکاندا زیاتر پشت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببەسترێت.
دەستەکە داوای لە کۆمسیۆن کردووە ناوی هەموو ئەو لایەن و قەوارانەیان پێ بدات کە پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی ژینگە نابن.

