ڕائیب جادر – هەولێر
پارتی زیاتر لە سەدەیە خزمەتی دۆزی ڕەوای کورد دەکات، ھیچ کاتێک سازشی لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە، ھەمیشە لە خەبات و تێکۆشاندا بووە بۆ ئەوەی پێکھاتەکان و خاکی پیرۆزی کوردستان پارێزراو بێت، کوردستان لە سایەی پارتی ڕۆژبەرۆژ پێش دەکەوێت، ئەوەش ئەوە پیشان دەدات کە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە لە ١١ی مانگی داھاتوو بکرێت، جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان متمانەی خۆیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەنەوە.
پارتی، بە لیستی ژمارە ٢٧٥ و بە دروشمی “سازان و ھاوسەنگی و ھاوبەشی” دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق کردووە، کە بڕیارە ١١ـی مانگی داھاتوو بکرێت.
بانگەشەی ھەڵبژاردن تا دێت گەرمتر دەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە ژمارە ٢٧٥ بەشدارە و کارنامەی لیستەکەی ڕاگەیاندووە و لە کارنامەکەدا ھاتووە پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکات و ھەوڵ بۆ دەستکەوتی زیاتر دەدات.
کوردستانیان دەیانەوێت جارێکی دیکە پارتی بە ھێزەوە بچێتەوە بەغدا تا بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بکات، کە ھیچ کاتێک سازشی لەسەر مافەکانی گەلی کورد نەکردووە، ھەمیشە لە خەبات و تێکۆشاندا بووە بۆ ئەوەی گەلی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستان پارێزراو بێت، خەڵکی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستا متمانەیان بە پارتی ھەبووە و جارێکی دیکە دەنگی پێدەدەنەوە بۆ ئەوەی لە بەغدا بە ھێزێکی زۆرەوە بەرگریی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات، کە ھەندێک لایەن ھەوڵ دەدەن قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، پارتی حزبێکی جەماوەری بنکە فراوانە و شوێنی ھەموو کەس و ئایدیایەکی تێدا دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد بە دەستھێناوە، ھەر ئەوەش وای کردووە ببێتە جێگەی متمانەی ھاووڵاتییانی ھەرێم و زۆرترین خەڵک دەنگ بە پارتی بدەن، بۆیە ئەمجارەش پارتی متمانەی زۆربەی خەڵکی کوردستان بە دەست دێنێتەوە.
دلۆڤان نێچیرڤان، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ، لە یەکەم ھەڵبژاردنەوە تا ئێستا پارتی توانیویەتی متمانەی زۆرینەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بە دەست بھێنێت.
ئەو چاودێرە، گوتیشی، پارتی لە ماوەی خەباتی خۆیدا بە کۆمەڵێک وێستگەدا تێپەڕیوە و توانیویەتی کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد بە دەست بھێنێت، ئەوەش وای کردووە ببێتە جێگەی متمانەی ھاووڵاتییانی ھەرێم و زۆرترین خەڵک دەنگ بە پارتی بدەن.
سیداد قاسم، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ڕوونیکردەوە، پارتی حزبێکی جەماوەری بنکە فراوانە و شوێنی ھەموو کەس و ئایدیایەکی تێدا دەبێتەوە، ھەر ئەوەش وای کردووە زۆرترین خەڵک لە ھەرێمی کوردستان متمانەی خۆیان پێ بدەنەوە.
دەشڵێ، پارتی مێژوویەکی پڕ خەباتی ھەیە و ھەمیشە ئەو خەباتەی بۆ ڕزگاری و خۆشگوزەرانی نەتەوەکەی کردووە، لەگەڵ ئەوەی لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ ھەڵگری دروشم و پەیامی نەتەوەیی بووە و بەردەوام شەڕی بۆ کردووە و لەو پێناوەشدا قوربانیەکی زۆری داوە، ئێستاش دروشمی سازان و ھاوسەنگی و ھاوبەشییە، لە داھاتوودا دەتوانێت ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستا بە دەست نەھاتوون ئەوانیش بە دەست بھێنێت و گەلی کورد بگەینێتە کەنارێکی ئارام.
زیاد نەوزاد، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، پارتی جگە لەو ئارامی و ئاسایشەی کە دروستی کردووە، جووڵەیەکی زۆری بە ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری داوە، کوردستان ڕۆژبەرۆژ پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، ئێستا و داھاتووش ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەنگ بە پارتی دەدەنەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی ئاوەدانییەوە بۆ قۆناغی خۆشگوزەرانی بگۆڕن و مافە دەستوورییەکانی و قەوارەی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
سەبارەت بەوەی تا چەند پارتی توانیویەتی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ گەلی کوردستان بە دەست بھێنێت، ئەو مامۆستایە، ڕاگەیاند، پارتی توانیویەتی زۆربەی کێشەکانی کورد چارە بکات، ھەروەھا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی توانیویەتی داکۆکی لە پێکھاتەکان بکات و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانەوە بەدەست بھێنێت، پارتی خاوەن ھێزی جێبەجێ کار و ئەزموونی حوکمڕانی خۆبەڕێوەبردنی ھەیە، ھەر بۆیە سەروەرییەکانی مێژوو زۆربەیان بۆ پارتی دەگەڕێنەوە، پارتی لە ڕۆژی دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ ھەمیشە پارێزەری دەستکەوتە نەتەوەییەکان بووە و پشکی شێر لە مێژووی بزاڤی نەتەوەی کورد بەر پارتی دەکەوێت، پارتی لە حوکمڕانی کوردی و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان دەورێکی باڵای بینیوە و تا ئێستاش لەسەر ئەو ڕۆڵە بەردەوامە، بۆیە کەس ناتوانێت پارتی و کورد لە یەکدی جیا بکاتەوە.
موحسین جوامێر، توێژەری بواری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پارتی ئەو حزبەیە ھاوتەریبی کوردایەتی و خەباتی نەتەوەیی، کار بۆ بەرگریکردن لە ھەموو پێکھاتەکانی دیکە دەکات، ئەو کاتەی کریستیانەکان کەوتنە بەر پەلامار، باوەشی بۆ کردنەوە، کاتێک لە بەغدا پاتریارکی کڵێسای کلدانی لویس ساکۆ شاربەدەر کرا، لە ھەولێر باوەشی بۆ کرایەوە، عەرەبە سوننەکان ھێشتا ھەولێر وەک ماڵی خۆیان سەیر دەکەن، کاتێک لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ویستیان زوڵم لە تورکمان و کریستیان بکەن، ئەوە پارتی بوو کە ھەڵوێستی وەرگرت و قەبارەی زوڵمەکەی بچووک کردەوە، پارتی ئەو حزبەیە کە ھەر کەسێک دڵسۆزی ئەم کوردستانە بێت، ھەر کەسێک بە چاوێکی واقیعییانە سەیری دۆخی سیاسیی کوردستان بکات، متمانەی پێی ھەیە و پشتیوانی دەکات، جا ئەو کەسە ئیسلامی بێت یان چەپ یان عەلمانی.

