رۆژنامەی ھەولێر

زانكۆی سەلاحەدین بەشێكی تازەی بەناوی مامۆستای پۆل كردۆتەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

سامان عەبدوڵا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانكۆی سەلاحەدین ڕایگەیاند سەرجەم دەرچووانی پۆلی ١٢ ئاگادار دەكەینەوە زانكۆی سەلاحەدین لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی بەشێكی تازەی بە ناوی “مامۆستای پۆل” كردۆتەوە.

بەشی مامۆستای پۆل (معلم الصف؛ Classroom Teacher) ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥ـ٢٠٢٦ لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانكۆی سەلاحەدین _ هەولێر دەكرێتەوە
لە ماوەی چوار ساڵی خوێندندا، بەپێی پێڤاژۆی بۆڵۆنا بابەتی كۆڕسەكانی خوێندن ڕێك خراون.
شایانی باسە وەرزی هەشتەم كە وەرزی دووەمی قۆناغی چوارە، تەنها پێك هاتووە لە ڕاهێنان لە قوتابخانەكاندا، ئەمەش دەرفەت دەدات بە قوتابیان كە لە ماوەی كۆرسێكی تەواو، تەنها فێری بابەتی كرداری ببن.
بازاڕی كاری ئەم بەشە پەروەردەیی _ زانستیە؛ ئامادەكردنی كادیری ئەكادیمیکی پەروەردەییە بۆ قوتابخانە حكومی و ئەهلییەكان، هەروەكچۆن دۆزینەوەی هەلی كاری گونجاوە بۆ دەرچووانی ئەم بەشە لە داهاتوودا.
مامۆستای پۆل، بریتییە لەو كادیرە ئەكادیمیکە پەروەردەییەی كە تەواوی بابەتەكانی پڕۆگرامی خوێندن لە بازنەی یەكەمی خوێندنی بنەڕەتی (پۆلەكانی: یەك، دوو، سێ) دەڵێتەوە.
واتە لە قۆناغی یەكەمی بنەڕەتی، مامۆستای پۆل تەواوی بابەتەكان دەڵێتەوە، لە ساڵی دواتر لەگەڵ هەمان پۆل دەچێتە قۆناغی دووەم و سێیەم.
دەرچووانی بەشی مامۆستای پۆل، بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەست دەهێنن، كە تەواوی تەواوی ماف و جیاوكی دەرچووانی بەكالۆریۆس دەیانگرێتەوە بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا لە ئاستەكانی دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا لە پسپۆڕیەكانی: (ڕێگاكانی وانەوتنەوە، بەڕێوەبردنی پەروەردەیی، پرۆگرامی خوێندن، تەكنیكی پەروەردەیی).