هاودەنگ فارووق
ئەی دەنگدەر و خاوەن ویژدانی كوردستان، چی بێژم و چیتان بۆ بژمێرین؟ چی بڵێین؟ تەماشای بەنداو و پاركی ناوازەی دڵنشین و شەقامی دووسایدی ئۆتۆبان و تونێل و ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس و، ڕووناكی عەردو چراخانی تا تەشقی ئاسمانتان بۆ بكەم، باسی چی بكەم؟
سەیركەن پارتی چۆن چاوی تاریكی دەرهێنا و، گەروە تینوەكانی هەولێری پایتەختی تێرئاوی ئەبەدی كرد، بەڵێ لەسەر دەستی حكومڕانێتی پارتییەكان ئیدی بێ ئاوی بوو بە ڕابردوو، ئاخر حزبێكی سەرڕاستی تەمەن نزیك سەدەیەك بەم دەستەپڕەوە، بەو لەخۆڕادیتنەو ئیڕادەی بڵندەوە، بچێتە ناو هەڵبژاردنێكی وەها ئاڵۆزەوە، لەبەردەمی ویژدانی زیندووی خەڵكدا بوەستێت، بێگومان گەواهی سەركەوتن و خەمخۆری بۆ دەدەنەوە.
گرەوی ئەمجارە، لەسەر دەستی پڕبەرهەمی پارتی و، دڵسۆزی و وەفا و ویژدانی زیندووی خەڵكە، بۆیە لە ئێستاوە سەركەوتنتان پیرۆز بێت ، ئاهەنگ بگێڕن، پارتی ئەمجارەش، بە یەكەمی هەرە سەركەوتووی بێ ڕكابەر دەمێنێتەوە.

