بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسوڵی گشتى تورکیا لە ھەولێر کرد، لە دیدارەکەدا میرانی تیشکى خستەسەر ڕەوشى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکەو بەتایبەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هیوای خواست هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت و دوور بێت لە ڕووداوە ناخوازراوەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی١٠ی ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە (ئەرمان تۆپچو) کونسوڵی گشتى تورکیا لە ھەولێر کرد.
لە دانیشتنەکەدا فازڵ میرانی وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان تیشکى خستەسەر ڕەوشى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکەو ئاماژەى بەوەدا کە ئێستا لە سەرتاسەرى عێراق بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەستیپێکردووە و هیوامان ئەوەیە هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت و دوور بێت لە ڕووداوە ناخوازراوەکان.
سەبارەت بە هەرێمى کوردستان فازڵ میرانی دووپاتى کردهوه کە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستىپێکردووە بە شێوەیەکى هێمن و بڕوامان وایە کە تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان بەم هێمنییە دەڕوات.
لە تەوەرێکى دیکەی دیدارەکەدا، فازڵ میرانی گوتی، پارتى دیموکراتى کوردستان ئامادەیە هەر هاوکارییەک پێشکەش بکات و بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و هیواى خواست ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامەکانى و کێشەى گەلى کورد لە تورکیا بە ڕێگهى سیاسى و ئاشتیانە چارەسەر بکرێت.
هەروەها میرانى دووپاتى کردهوه کە دەبێت کێشەى کورد لە هەر شوێنێک بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت و دوور لە دەنگى چەک.
لەلاى خۆیەوە (ئەرمان تۆپچو) کۆنسوڵى گشتى تورکیا لە هەولێر سوپاسى فازڵ میرانی بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەم دیدارە و گوتی، ئەم پەیوەندییانە لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى زۆر باش دایە لە هەموو بوارەکان دا.
هەروەها تەئکیدى کرد کە پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا بە باشى بەڕێوەدەچێت و هیوامان ئەوەیە هەموو لایەک بە ئەرێنى هاوکاربێت لەسەر خستنى ئەم پرۆسەیە، لە کۆتاییدا هیواى خواست هەرێمى کوردستان هەر لە گەشانەوەو پێشکەوتن دا بێت.

