رۆژنامەی ھەولێر

قۆناغەكانی شێرپەنجەی مەمك

ماكوان عێزه‌‌ت-هەولێر

قۆناغەکانی شێرپەنجەی مەمک بە ڕادەی بڵاوبوونەوەی لە کاتی دەستنیشانکردنیدا دەپێورێت. دیاریکردنی پلەی شێرپەنجەکە لە دیاریکردنی بژاردەکانی چارەسەرکردندا زۆر گرنگە.

قۆناغەکان بەپێی قەبارەی وەرەمەکە و شوێنی وەرەمەکە و ڕادەی تێوەگلانی گرێ لیمفاوییەکان دابەش دەکرێن. بەم پێیە قۆناغەکانی شێرپەنجەی مەمک دابەش دەکرێن بەسەر پێنج قۆناغدا.
زۆرێک لەو ژنانەی تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون، ئارەزووی زانینی قۆناغی شێرپەنجەکەیان دەکەن. قۆناغی شێرپەنجەی مەمک ڕێگەیەکە بۆ دەربڕینی قەبارەی شێرپەنجەکە و ئایا بڵاوبووەتەوە یان نا.
هەر بۆیە زانینی قۆناغەکە یەکێکە لەو زانیاریانەی کە پزیشكان بەکاریدەهێنن بۆ تێگەیشتن لە دەرفەتی چارەسەری سەرکەوتوو.
بەڵام قۆناغی شێرپەنجەی مەمک بە تەنیا پێشبینی داهاتووی حاڵەتەکەت ناکات؛ دەتوانێت یارمەتیت بدات لە پێشبینییەکانت تێبگەیت. ئەگەر ئارەزووی زانینی قۆناغی شێرپەنجە دەکەیت، لێرەدا د. ھاوار حەسەن نەقشبەندی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی مەمک و غودە و کۆئەندامی هەرس وهەناوبینی چەند زانیارییەکی سەرەتایی سەبارەت بە قۆناغی شێرپەنجەی مەمک دەخاتە ڕوو کە یارمەتی تێگەیشتن دەدات لە قۆناغی شێرپەنجەی مەمك.
د. ھاوار نەقشبەندی لە بارەی قۆناغەکانی شێرپەنجەی مەمک ڕوونیدەكاتەوە: شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە جۆرە باوەکانی شێرپەنجەی ئافرەتان، بەڵام هەندێک جار تووشی پیاوانیش دەبێت. شێرپەنجەی مەمک کاتێک ڕوو دەدات کە هەندێک لە خانەکانی شانەکانی مەمک بە خێرایی و بەشێوەیەکی نائاسایی گەشە دەکەن.
دەربارەی قۆناغەکانی شێرپەنجەی مەمک ئاماژە بەوە دەدات كە: قۆناغی شێرپەنجەی مەمک بە پشتبەستن بە هەندێک تایبەتمەندی نەخۆشییەکە دیاری دەکرێت، وەک قەبارەی گرێیەکە و ڕادەی بڵاوبوونەوەی بۆ شانەکانی دەوروبەر یان ئەندامەکانی نزیک هەر بۆیە قۆناغەکانی شێرپەنجەی مەمک بریتین لە:
1. قۆناغی سفر: گرێیەکە لە شوێنی خۆیەتی لە مەمکدا، بەبێ ئەوەی بڵاو ببنەوە بۆ شانەکانی نزیک.
2. قۆناغی یەکەم: قەبارەی گرێیەکە لەم قۆناغەدا ڕەنگە بگاتە ٢ سم، وە ڕەنگە هەندێک لە خانە شێرپەنجەییەکان بۆ ژمارەیەکی کەم لە گرێ لیمفاوییە نزیکەکان بڵاو ببنەوە.
3. قۆناغی دووەم: لەم قۆناغەدا قەبارەی گرێیەکە لە نێوان ٢ بۆ ٥ سم
4. قۆناغی سێیەم: قەبارەی گرێیەکە لە قۆناغی سێیەمدا ڕەنگە بگاتە ٥ سم یان زیاتر، هەروەها شێرپەنجەکە بۆ ژمارەیەکی زۆرتر لە گرێ لیمفاوییەکان بڵاو دەبێتەوە و، دەگاتە پێست و دیواری سنگ.
5. قۆناغی چوارەم: ئەم قۆناغە کۆتا قۆناغی شێرپەنجەیە، بەو پێیەی لە دەرەوەی مەمک بڵاو بووەتەوە بۆ بەشە دوورەکانی لەش، وەک ئێسک، سییەکان، جگەر، یان مێشک.