وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 9 گەیشتووەتە وەزارەتەکە و بڕیارە لە سبەی دووشەممەوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت. ئەم مانگە 97%ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگەی پڕۆژەی “هەژماری من”ـەوە هاوکارییەکە وەردەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 9 گەیشتووە و تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) دەستی کردووە بە ئەنجامدانی ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکان بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان.
لە ڕاگەیێبدراوەکەدا هاتووە، ڕۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە دەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشیکردووەتەوە، لەم مانگەدا، نزیکەی 97%ـی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە لە ڕێگەی سیستمی پڕۆژەی “هەژماری من”ـەوە هاوکارییەکە وەردەگرن و ئەوانی دیکەش لە ڕێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکانیان پێ دەدرێت.

