مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
دیكۆ هەموو وردەكارییەكانی لەبارەی پلانی ئێستە و داهاتووی یانەكەی ئاشكرا كرد
دیكۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بەرشلۆنە، لە دیمانەیەكی دوورودرێژدا، لەگەڵ رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی، لەسەر چەند پرسێك قسەی كرد، بە تایبەت ماوەی گواستنەوەی ڕابردووی هاوینە و پلانەكانی یانەكە بۆ ئەو مەبەستە، كە چەندان هەوڵیان دا و گرێبەستی نوێیان كرد و یاریزانیشیان یانەكەی جێ هێشت.
دوای تێپەڕینی مانگێك بەسەر داخرانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا، دیكۆ دەڵێ: بەڵێ، نزیكەی هەموو ئەوەمان جێبەجێ كرد، كە پلانمان بۆ دانابوو، ئەوەش لەسەر بنەمای پێویستییەكانی یانەكەمان بوو، لە چەند شوێن و ناوەندێك، كە بە دوای یاریزانی گونجاودا گەڕاین و دەستمان خستن.
دەشڵێ: چەند گرێبەستیكمان بە ڕەزامەندیی راهێنەر كرد، هەروەها وەك چەند ساڵێكە دەیڵێین، پێویستە تیپێكی بەهێز پێكەوە بنێین و ئەوەش وەدی دێ، هەروەها وەرزی ڕابردوومان بردەوە، یاریزانی زۆر باشی لاومان هەیە، كە پێش كەوتوون و بوونە ڕەگەزی باشی یانەكە.
دەشڵێ: سەرەتا بیرمان لە پاراستنی پایە و كۆڵەگەكانی یانەكە كردەوە، تیپێك كە سەركەوتنی بووێ، دەبێ هەمیشە باشتر بێ، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو پاراستنی كۆڵەكە سەرەكییەكانی یانەكە بوو، ئەوەش ئاسان نەبوو، چونكە سەركەوتن ئەو كاتە بەدی دەهات، كە یاریزانانت بپارێزێ، ئێمەش پلانی پاراستنی پڕۆژەكەمان دانا، خۆ گەر بتوانین باشتری بكەین، دەیكەین، پێم وایە ئەوەشمان بە دەست و بەدی هێنا.
ئاماژەی بەوەش كرد، كە ڕۆییشتنی ئینیگۆ مارتینیز، چاوەڕێكراو و پێشبینیكراو نەبوو، بەڵام بەهۆی سەرنجڕاكێشانی بە بۆندی گەورە، لە بەرشلۆنە نەما و ئەوەش كارێكە زەحمەتە جڵەوی بگری.
مارتینیز لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ڕابردوودا، چووە یانەی نەسری سعوودی.
یانە كاتەلۆنییەكە، سوودی لە مانەوەی پارەی مووچەكەی وەرگرت، كە 14 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە بوو، بۆ ئەوەی بتوانێ یاریزانی دیكەی پێ دەست بخات.
ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئیسپانییەكان، باسیان لەوە كردووە، كە بەرشلۆنە، نزیكەی 30 ملیۆن یۆرۆی بۆ فەراهەم بوو، بۆ 40 ملیۆن یۆرۆش بەرز دەبێتەوە، دوای خستنەسەری زێدەی گەڕاوەی دواڕێككەوتنی سپۆنسەری.
دیكۆ، ڕەتی كردەوە كە بەرشلۆنە قوربانیی سەرەكیی یاسای یاریی دارایی پاك بێ، دووپاتی كردەوە كە ئەو یاسا و ڕێنوێنییە بەسەر هەمواندا جێبەجێ دەكرێ و لەو رووەوە وتی: پێش سی ساڵ، سەركەوتین لە دەستخستنی لیڤاندۆڤسكی و رافینیا و كۆندی، ئەمڕۆ تەنیا وابەستەی كڕینی یاریزانان نییە، بەڵكوو دەكەوێتە سەر نوێكردنەوەی گرێبەستی پڕدی، گاڤی، رافینیا و ئەوانی تریش. ئەوەی زۆر گرنگە، ئێمە بۆ كەشێكی وامان فەراهەم كردووە، كە یاریزانان خواستیان لەوەیە بێنە یانەی بەرشلۆنە.
هەروەها دیكۆ لەسەر یاریزانان وەكوو لێنگلیت، ئەنسۆ فاتی، ئۆریۆل رۆمیۆ و باو ڤیكتۆر، پابلۆ، ڕوونی كردەوە كە زۆرترین بڕیارەكان بەهۆكاری وەرزشییە وەك لەوەی دارایی بێ، “ئەنسۆ پێویستی بەوە بوو بەردەوام یاری بكا، مۆناكۆش شوێنێكی زۆر باش بوو بۆ ئەو، بەڵام لینگلێت، لە پلانی ئێمەدا نەبوو، هەموو ئەو بڕیارانە یارمەتیی یانەكەی لە رووی داراییەوە دا، بەڵام لە بنەڕەتدا هەمووی لەسەر بنەمای وەرزشی بووە.
لەبارەی گۆڵپارێزی نوێی یانەكە (دەستخستنی خوان گارسیا)ـوە لە یانەی ئیسپانیۆلەوە، بە تایبەت دوای پێكانە زۆر و ماوەدرێژ و لەسەریەكەكانی تیر شتیگنی گۆڵپارێز، دیكۆ ڕوونی كردەوە: ئامانجەكە دۆزینەوەی جێگرەوەی تیر شتیگن نەبوو، بەڵكوو پلانی هەنووكەیی و بۆ داهاتووش بوو، مارك گۆڵپارێزێكی گەورەیە و سەركردەی یانەكەیە، هیچ ناكۆكییەكیشمان لەگەڵیدا نییە.
دووپاتیشی كردەوە: واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ خوان گارسیا، دوای ئەنجامی چەند پێویستییەكی گرنگ بوو، ویستمان یاریزانێكی لاو بهێنین، بۆ ئێستە و داهاتوومان پێ بدات. نەك گۆڵپارێزێكی تەمەن 28 یان 30 ساڵە.
لەبارەی پێكانی گاڤی، وتی: دابڕانی زۆر ئازاربەخشە، چونكە یاریزانێكی دەگمەن و كەسایەتیی جیاوازە، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی 21 ساڵە، بەڵام ئەزموونی چەند ساڵێكی هەیە، هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ دەخوازین و هیوادارین ببێتە یەكێك لە ئەفسانەكانی یانەكە. ڕاستە ئێستە لەدەستمان داوە، بەڵام گرنگتر داهاتوویەتی، بڕیاری پزیشكانیش سەرنج دەخەنە سەر پاراستنی كاروانی دوورودرێژی یاریكردنی.
هەروەها دیكۆ دووپاتی كردەوە، كە دانوستانی نوێكردنەوەی گرێبەستی فرێنكی دی یۆنگ بە شێوەیەكی باش دەڕوا: ئەو خۆشحاڵە لە بەرشلۆنە و وای دەبینێ كە بەرشلۆنە دەتوانێ كێبەركێی بردنەوەی ناسناوەكان بكا، لە روانگەی ئێمەشەوە، یاریزانێكی سەرەكییە و لە پڕۆژەی ئێستە و داهاتوویشماندایە.
دیكۆ لەبارەی دەستخستنی یاریزانی باڵی چەپ، دەڵێ: لویس دیاز بژاردەی یەكەم بوو، بەڵام لیڤەرپوول بە تەواوی فرۆشتن و دەستبەرداربوون لێی ڕەت كردەوە، بۆیە رووەو ماركۆس ڕاشفۆرد ڕۆیشتین، بە خواستن دەستمان خست، لەگەڵ بژاردەی كڕینی ناپابەندی، بەڵام لەبارەی نیكۆ ویلیامزەوە، بریكارەكەی بۆ ئێمەی خستە ڕوو، بەڵام دانوستانەكان بەهۆی مەرجەكانەوە، نەگەیشتنە كۆتایی و سەری نەگرت.
دەشڵێ: شتێك نییە بە ناوی پلانی ئەی و بی، دەمانویست یاریزانی ئاستباڵا و هێرشبەرێكی كارامە ببەینە ریزەكانمانەوە، دیاز بژاردەیەكی نایاب بوو، ڕاشفۆردیش بە هەمان شێوە، تەنانەت نیكۆ دەكرا لە لای ڕاست و چەپ یاری بكا، بەڵام لە كۆتاییدا نەگەیشتینە ڕێككەوتن.
دیكۆ بەم جۆرە كۆتایی بە وشەكانی هێنا: بە دڵنیاییەوە یانەكەمان ئێستە لە وەرزی ڕابردوو بەهێزترە، بەهۆی پێگەیشتن و پێشكەوتنی یاریزانانی لاوەوە و ئاستهەڵكشانی یاریزانانی وەكوو رافینیا، دی یۆنگ و كۆندی، لەگەڵ جێگیربوونی كاری هونەری، گرووپێكمان هەیە برسیی ناسناوەكانن، تیپێكی لاو و پابەندن و پڕۆژەكەمان ماوەدرێژە و متمانەمان پێیە.
ولیام سالیبا گرێبەستەكەی تا 4 ساڵی دیكە لەگەڵ ئارسناڵ نوێ كردەوە
بەرگریكار و یاریزانی فەرەنسی ولیام سالیبا، گرێبەستەكەی تا ساڵی 2030 لەگەڵ یانەی ئارسناڵ، نوێ كردەوە.
ولیام سالیبای فەرەنسی، لە مانگی تەموزی ساڵای 2019ـدا چووە یانەی ئارسناڵ و لەو كاتەوەی تا ئێستە 140 یاریی لە كۆی پێشبڕكێ و خول و پاڵەوانیەتییەكاندا بۆ یانەكەی كردووە و بووەتە یەكێك لە پێگە و كۆڵەكە سەرەكییەكانی یانەكەی لە هێڵی بەرگری.
سالیبا، كاروانی پیشەگەرییەكەی لەگەڵ یانەی سانت ئیتیانی فەرەنسی دەستی پێ كرد، دوای ئەوەی بە قۆناغەكانی ئەكادیمیای یانەكەدا تێپەڕی تا گەیشتە تیپی یەكەم لە وەرزی 2018/2019ـدا، هەروەها23 یاریی لە خول و پاڵەوانیەتییە جیاوازەكاندا بۆ ئەنجام دا.
دوای گواستنەوەی بە شێوەی فەرمی بۆ یانەی ئارسناڵ لە هاوینی ساڵی 2019ـدا، جارێكی دیكە لە وەرزی 2019/2020ـدا بە شێوەی خواستن گەڕایەوە یانەكە (سانت ئیتیان) و ڕۆڵی خۆی لە گەیشتنی یانەكە بۆ یاریی كۆتایی جامی فەرەنسای ساڵی 2020ـدا گێڕا.
دوای گەڕانەوەی جارێكی دیكە بۆ لەندەن، سالیبا لەگەڵ یانەی ئارسناڵ، میدالیای كۆمەڵەی ئینگلیزیی لەگەڵ یانەی ئارسناڵ بردەوە، دوای ئەوەی لە ئۆگێستی ساڵی 2020ـدا لە یانەی لیڤەرپوولی بردەوە.
دواتر بۆ ماوەیەكی كەم و بە شێوەی خواستن گەڕایەوە خولی فەرەنسی، بەڵام ئەمجارە یانەی نیس، لە كانوونی دووەمی 2021ـدا چووە ئەو یانەیە و دواتریش چووە یانەی مارسیلیا بە شێوەی خواستن بۆ ساڵێك، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاستێكی باشی پێشكەش كرد، بووە یەكێك لە یاریزانە دیار و سەرەكییەكانی یانەكە لە هێڵی بەرگری.
ئەو یاریزانە لە وەرزی 2021/2022ـدا، خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی لە خولی فەرەنسی وەرگرت و لە پێكهاتەی نموونەیی ئەو وەرزەشدا ناوی جێگیر كرا.
بەشداریی یەكەمی سالبیا لە درێسی یانەی ئارسناڵ، لە یاریی كردنەوەی خولی ئینگلتەرا بەرانبەر یانەی كریستاڵ پاڵاس بوو لە ئابی 2022ـدا، كە یانەكەی 2-0 گۆڵ لەسەر یاریگەی سێلهێرست پارك یارییەكەی بردەوە.
دوای دوو هەفتەش یەكەمین گۆڵی بە لێدانێكی جوانی چەپە لە گۆڵی پۆرنمۆس تۆمار كرد، لەو یارییەی یانەكەی 3-0 گۆڵ بردیەوە.
لەم دوو وەرزەی دواتریشدا، ئاستێكی باش و باڵای پێشكەش كرد، ئەوەش وای كرد لە سێ وەرزی یەك لە دوای یەكدا ناوی لە ریزی پێكهاتەی نموونەیی خولی نایابی ئینگلتەرادا بێت. هەروەها لە ساڵی 2024ـدا ناوی چووە لیستی پێكهاتەی نموونەیی فیفاوە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەش لە ئاداری 2022ـەوە چووەتە ریزی تیپی یەكەمی فەرەنسا و 28 یاریی بۆ وڵاتەكەی كردووە. بەشداریی مۆندیالی 2022ـی بە شێوەی سەرەكی كرد. بە شێوەی سەرەكییش بەشداریی یۆرۆی 2024ی كرد. كە فەرەنسا گەیشتە نیوەی كۆتایی، ناویشی خرایە پێكهاتەی نموونەیی پاڵەوانیەتییەكەوە.
ئەندریە بێرتا، بەڕێوەبەری وەرزشیی ئارسناڵ، پەسنی ئەو یاریزانەی دا و وتی: بەردەوام خۆشخاڵین كە ولیام بڕیاری داوە داهاتووی لەم یانەیە و لە پرۆژەی ئێمەدا بێ. لە سێ وەرزی ڕابردوودا بەرگریكارێكی جیاواز بووە و یەكێكە لە باشترین یاریزانانی جیهان.

