بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتر بە قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12 و دەرچووی دیكە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا ماوەی پێشكەشكردن لە زانكۆلاین 48 كاتژمێر درێژ بكرێتەوە.
وەزارەتەكە ئەمشەو سێشەممە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى پۆلی 12ی ئامادەیى بەتایبەت ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین)یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردووە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین (48) كاتژمێری دیکە درێژ بكرێتەوە.
واتە زانكۆلاین تا كاتژمێر (12)ی شەوى پێنجشەممە لەسەر هەینى رێکەوتى (2025/10/2) بۆ دەرچووانى قۆناغى 12ی ئامادەیی كراوە دەبێت.
وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12 و دەرچووانى خوێندنگە نێودەوڵەتی و پیشەییەکان دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و لەو 48 كاتژمێرەی داهاتوودا فۆرمى زانکۆلاین پڕ بکەنەوە.
وەزارەت جەختیشی كردەوە كە ئەمە دوایین دەرفەتە و چیدیكە ماوەى زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە، بۆیە داوای لە قوتابییان كرد پەلە بکەن و لە ماوەى ئەو 48 كاتژمێرەدا تەواوى هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ پڕکردنەوەو تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین.

